بزووتنەوەی گۆڕان: لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە سنووری بادینان مەترسییەکی گەورەیە

ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: " لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە سنووری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیانی سنوورەکە".

ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕایدەگەیەنێت لەشکرکێشییەکانی تورکیا لە سنووری بادینان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی هاوڵاتیانی سنوورەکە، لەشکرکێشی و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان شەرمەزار دەکات و دەڵێت: "بە ئەرکی نیشتمانی خۆمانی دەزانین بێ دەنگ نەبین بەرامبەر گواستنەوەی شەڕ و نائارامی بۆ ناوچەی بادینان و داگیرکردنی ژمارەیەک گوندی سەر سنور و دانانی بازگەی سەربازی و ناچارکردنی دانیشتوانی هەندێک لەو گوندانە تا ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، بێگومان ئەم رەفتارانەش پێشێلکردنێکی بەرچاوی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە".

هەر لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بۆمبارانکردن و داگیرکاری و لەشکرکێشیی سەربازی و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان، توندوتیژیی زیاتر بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە مایەی نائارامی و تێکچونی ئاسایشی ناوچەکە".

لەکۆتاییشدا ڕاگەیاندراوەکەشدا هاتووە: "هەروەها چەند نیگەرانین بەرامبەر ئەم پێشێلکاری و داگیرکاری و لەشکرکێشیە سەربازییەی دەوڵەتی تورکیا، ئەوەندەش نیگەرانین لە بێدەنگیی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەرامبەر ئەو دەستدرێژییانە، هەروەک ئەوەی پێمان بڵین بێدەنگیمان نیشانەی ڕازیبوونمانە بەوەی کە دەگوزەرێت لە سنوری بادینان و تێکدانی ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان."