چالاکوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان: با بەهانای لێقەوماوانی بومەلەرزەوە بچین

چالاکوانانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوایان لەگەل لەو بەشەی کوردستان کرد، کە بە هەستی نەتەوەیی و بە هۆشمەندی مرۆڤدۆستانەوە بە هانای لێقەوماوانی بومەلەرزەوە بچن و لە ئازار و مەینەتییەکانیان کەم بکەنەوە.

چالاکوانانی مەدەنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیانی بومەلەرزەی ئەمدواییە لە باکور و رۆژئاوای کوردستان داوایان لە گەلی رۆژهەڵات کردووە هاوکاریی کۆبکەنەوە و بیگەیەننە لێقەوماوانی بومەلەرزە.

 بەیاننامەی ئەم چالاکوانانە بەم جۆرەیە:

بە داخەوە شەشی شوبات بومەلەرزە چەندین جار تورکیا و سوریا و چەند وڵاتێکی ناوچەکە و هەروەها شارەکانی باکور و رۆژئاوای کوردستانی هەژاند و بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی هەزاران کەس. هەر بەم هۆیەوە پێویستە بە هەستێکی نەتەوەیی و بە هۆشمەندی مرۆڤدۆستانەوە، بە هانای لێقەوماوانەوە بچین و هەوڵ بدەین لە ئازار و مەینەتییەکانیان کەم بکەینەوە.

بەم بۆنەوە داوا لە گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هاوکارییەکانیان رەوانەی باشوری کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە رێگەی مانگی سوری کوردستانەوە بگاتە دەست لێقەوماوانی بومەلەرزە لە باکور و رۆژئاوا.

جێی باسە بۆ ئەوەی لە سەر سنوور حکومەتی هەرێم دەست بەسەر هاوکارییەکاندا نەگرێت، باشترە هاوکارییەکان بە شێوەی پارەی نەخت رەوانە کەسانی جێگەی متمانە بکرێن و لەلایەن ئەوانەوە بگەیەنرێتە کەمپینەکانی ئەمنە سورەکە و مانگی سوری کوردستان لە شاری سلێمانی.

هـ . ب