چالاکوانانی سلێمانی: دەبێت شەقامەکان وەک بەرەکانی شەڕ ببنە مەیدانی بەرەنگاریی دژی هێرشەکانی تورکیا

خۆپیشاندانێکی فراوان شەقامەکانی شاری سلێمانی تەنیی، گەنج و لاو و پیر و تەنانەت کەمەئەندامەکانیش لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەوە بوون، هەمووان بەیەکدەنگ هاواریان دەکرد “بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوە”.

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، شەقامی هەرێمی کوردستانی زیاتر لەخۆی تووڕە کردووە، ئێوارەی ئەمڕۆ سەدان کەس شاڕێی سالمیان کردە مەیدانی چالاکیی مەدەنیی دژی ئەو داگیرکارییە و هەتا بەردەم ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی بە ڕێپێوان چوون و ڕق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر ئەو داگیرکارییە دەهێنایە زمان.

١٠ حزب و لایەنی سیاسیی و ڕێکخراوی مەدەنیی خۆپیشاندانەکەیان ڕێکخستبوو، لە گەنجەوە بگرە هەتا پیر و بەساڵاچوو بە ژن و پیاوەوە هاتبوونە سەر شەقام، چالاکوان، مامۆستا، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووس، کاسبکار، سیاسەتمەدار و هەموو توێژەکان تەنانەت خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و نابینایان هاتبوون و بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکە کردبوو

هەموو بەشداربووان پێکەوە ئەم دروشمانەیان کردبووە وێردی سەر زمانیان “کوردم و قارەمانم دژی داگیرکەرانم، لەپێناو گارا و مەتین هەتا ماوین ئەجەنگین، هاوکاری داگیرکەران پیشەی هەموو خائینان، بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە سوپای تورکیا بۆ دەرەوە، بژی بەرخۆدانی گەریلا، بمرێ خیانەت”.

چەندین پانکارتیان بەرزکردبووەوە و لەسەریان نووسیبوو “باشوری کوردستان قەڵای  مێژووی خەبات و بەرەنگارییە دژی داگیرکەران” هەروەها وێنەی بریندارانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و درەخت و دارستانە تاڵانکراوەکانیان بەرزکردبووەوە.

خۆپیشاندانەکە بە جۆش و خرۆشەوە گەیشتە بەردەم ئەمنەسوورەکە، لەوێ هەمووان کۆبوونەوە، لوقمان حەسەن، بەیاننامەی ناوەندی کاری نیشتمانیی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: تورکیا دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر ئەم ناوچەیەدا بسەپێنێت، لە ئاکامی هێرشەکانیشیدا سەدان هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و برینداربوون و کاولکاریی لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامداوە، چەندین گوندیش ئاوارەبوون و تیرۆریستان لەشوێنیان بەجێ دەکەن.

ئەوکات ڕەخنە لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر ئەو هێرشانە کرابوو و هاتبوو: ئەوەی جێگەی نیگەراییە حکومەتی هەرێم بەرامبەر ئەم هێرش و پەلامارانە بێدەنگیی هەڵبژاردووە، ئەمەش دەبێتە هاندەری سوپای تورکیا تا زیاتر خاک و نیشتمان داگیربکات و خەڵکی ئەو ناوچانە ئاوارە بکات.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: دەبێت شەقامەکان وەک بەرەکانی شەڕ ببنە مەیدانی بەرەنگاریی دژی هێرشەکانی تورکیا و هەمووان لەیەک بەرەدا دژ بە داگیرکاریی و خۆسەپاندن بووەستنەوە و هێڵی خەبات بە یەکڕیزیی و خۆڕێکخستنەوە بەهێزبکەین.

لە درێژەی چالاکییەکەدا بەیاننامەی هەریەک لە حزبی شیوعیی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان و یەکێتیی کۆمۆنیستەکان خوێندرایەوە و هەمووان جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردن و یەکخستنی هەڵوێستەکان دژی داگریکاریی کرد و داوایان کرد حزب و لایەنە سیاسییەکان بەیەک دەنگ دژی ئەو داگیرکارییانە بووەستنەوە.

هەر لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا مامۆستا تاهیر سەعید هۆنراوەیەکی دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و تێکدانی سروشت و ژینگەی کوردستان خوێندەوە.

ف.ق