چالاکی خوێندنەوەی کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان لە شەنگاڵ دەستیپێکرد

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، خۆبەڕێوەبەری بۆ شەنگاڵ"، چالاکیی خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە شەنگاڵ دەستیپێکرد.

ڕێکخستنەکان و ناوندە پەیوەندیدارەکان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگاڵ بە دروشمی "ڕێبەر ئاپۆ لە شەنگاڵ" دەستیان بە چالاکی خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

جێی ئاماژەیە چالاکییە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و هەر جارە لە یەکێک لە ئەنجومەنەکانی گەلدا لە ناوچەکانی شەنگاڵ خوێندنەوەکان دەست پێدەکات. یەکەم ڕۆژی خوێندنەوەی کتێبەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئەنجومەنی گەلی خانەسووری شەنگاڵ بەڕێوە چوو.

لەم چالاکییەدا دوای خوێندنەوەی ڕێنماییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گفتوگۆ و وتووێژ ئەنجامدرا. لە وتووێژەکاندا گۆشەگیریی سەپێندراو بەسەر ڕێبەر ئۆجالاندا شەرمەزار کرا و بەڵێن درا تا کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی و مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، کۆمەڵگەی ئێزیدی بێدەنگ نەبن و درێژە بە تێکۆشانیان دەدەن.