چالاکی ناڕەزایەتی لە خەلفەتی: هێزەکەتان بۆ ئێمە بەس نییە

سیاسەتمەدارانی ژن لە چالاکی شەرمەزارکردنی داگیرکاری لە خەلفەتی گوتیان: "هێزەکەتان بۆ ئێمە بەس نییە. ڕێگەی چارەسەر بە ئیمراڵییدا تێدەپەڕێت".

لە ناوچەی خەلفەتی ڕحا بەرخۆدان دژی دانانای قەیوم لە ڕۆژی سێشەممەوە بەردەوامە. چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) هاتنە ناوچەکە و پشتگیرییان لە بەرخۆدانی خەڵکی خەلفەتی کرد. سیاسەتمەدارانی کورد گوڵتان کشاناک و ئایلا ئاکات ئاتا، سەباحەت تونجەل، هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال و دایکانی ئاشتی ڕحا و زۆر کەس بەشداربوون.

ژنان لەبەردەم بینای دەم پارتی خەلفەتی تا بینای شارەوانی ڕێپێوانیان کرد و درووشمیان بەرزکردەوە.

"لە ئیمراڵی ئەشکەنجەی گۆشەگیری بەردەوامە"

سیاسەتمەدار ئایلا ئاکات ئاتا ڕایگەیاند ژنان بۆ خاوەنداریکردن لە ئیرادەیان لێرەن، تا ئەمڕۆ گوتوویانە نا بۆ قەیوم، گوتی: "ناتوانن پارادایمە ئازادیخواز و دیموکراتیکەکەمان لەنێو چوار دیواردا بەرتەسک بکەن، پارادایمەکەمان لەنێو گەل و لە هەموو جێیەکە".

ئایلا ڕایگەیاند خەلفەتی زێدی ڕێبەر ئاپۆیە، گوتی: "بەڕێز ئۆجالان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی گۆشەگیری دڕندانە دەبێتەوە. باخچەلی بانگەوازی لە بەڕێز ئۆجالان کرد. چەند ساڵە ئەم بنبەستە زۆر شتی لێ سەندووین. شارەکان و ڕۆڵەکانمانی لێ سەندین. ڕێگەیان لە چارەسەر گرت. ئەگەر قەرارە چارەسەرێک هەبێت، نابێت لە شوێنی هەڵەوە دەست پێ بکەین. بەڕێز ئۆجالان لە ساڵانی ٢٠١٣_٢٠١٥ هەزاران پێشنیاری چارەسەری پێشکەش کرد. ئەوکات ئێمە هاتین و چووین، ئۆجالان دیسانەوە دەستنیشانی کرد، هێزی چارەسەری هەیە".

ئایلا جەختی کردەوە قەیوم چارەسەر نییە، بەڵکو ڕێگرە لە چارەسەر، قەیوم دەبێت بڕوات.

"قەیوم دوژمنی ژنانە"

چالاکوانی تەژەئا چاگلار دەمیرەل ڕایگەیاند قەیوم ناڕەوایە و دەستبەسەراگرتنی ئیرادەی گەلە، گوتی: "ئێرە زێدی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. ئێرە ناوچەی چارەسەرە. ساڵانێکە ئێمە دەڵێین گۆشەگیری هەیە و ئێوە نکۆڵیتان کرد. ئێستە ئێوەش قبووڵتان کرد. ناونیشان زۆر ڕوونە. چارەسەر بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دێتەدی. قەیوم چارەسەر نییە. چارەسەر لای بەڕێز ئۆجالانە".

هاوسەرۆکی شارەوانی وان نەزلیهان شەدال ڕایگەیاند قەیوم دوژمنی ژنان و خەباتی ژنانە،، بە قەیوم هێڵی هاوسەرۆکایەتی دەکرێتە ئامانج، بۆیە قەیوم هەرگیز قبووڵ ناکرێت.

چالاکییەکە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.