چاندار: گۆشەگیریی سەر ئیمرالی هەڕەشەیە بۆ سەر کورد

پاڵێوراوانی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان لە ئامەد لەگەڵ ئەندامانی پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی شارەکە کۆبوونەوە. چەنگیز چاندار پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز وتی، گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڕەشەیە بەرامبەر بە گەلی کورد.

پاڵێوراوەکانی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان لە هۆتێلێکی شاری ئامەد لەگەڵ ئەندامانی پلاتفۆرمی پاراستن و پشتیوانی شارەکە کۆبوونەوە، کە پێکهاتووە لە زیاتر لە ٨٠ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و کرێکاری و پیشەیی. لە کۆبوونەوەکەدا نانی بەیانی پێشکەش کرا و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەکە کرا.

'لە هەڵبژاردن دا گرنگترین شوێن ئامەدە'

چەنگیز چاندار پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز بۆ پەرلەمان لە شاری ئامەد باسی لە گرنگیی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار کرد و وتی: "لە هەڵبژاردنەکاندا ئامەد گرنگترین شوێنە. من باسی گەورەترین خاڵی سیاسی لە جیهاندا دەکەم. ئامەد بە تەنها خۆی رێکخستنێکە. ئامەد لە هەموو رێکخستنەکان گەورەترە. لەلایەکی تریشەوە هیچ جوگرافیایەک نییە، کە هەم خۆی ئاراستە بکات و هەمیش خۆی پەروەردە بکات. ئێمە لەگەڵ ڕێکخستنی خۆمانداین. دوای هەفتەیەکی تر هەڵبژاردنە. پێموانییە ئەمە هەڵبژاردنێکی ئاسایی بێت. ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە لە مێژووی تورکیادا. ئەم هەڵبژاردنە لە هەموان زیاتر پەیوەندیدارە بە ئامەدییەکانەوە. ئەم هەڵبژاردنە دەبێت بە  هەڵبژاردنی دوو بژاردە. یان تورکیا دەکەویتە ناو دیکتاتۆریەتییەکی زۆر سەخت، یان بەرەو دیموکراسی دەڕوات. ئەم بڕیارە زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی وڵات پەیوەندیدارە بە کوردەکانەوە."

چاندار لە درێژەی وتەکانیدا ڕاشیگەیاند، نەبوونی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا بە مانای خنکاندنی کوردەکان دێت و باسی لە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کرد و وتی: "زیاتر لە دوو ساڵە هیچ هەوال و زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالان نییە. ئەگەر ئۆجالان کەسایەتییەکی سیاسەتی کورد نەبووایە، ئایا گۆشەگیرییەکی وەهای بەسەردا دەسەپێندرا؟ ئەم گۆشەگیرییە گوشار، هەڕەشە و سوکایەتییە. چەندین کەس لە نموونەی ئایلا ئاکات ئاتا، سەلاحەدین دەمیرتاش و گوڵتان کشاناک لە زینداندان. ڕژێم هەوڵدەدات خەڵکی ئامەد، ئیرادە و خواستی گەلی کورد بە نەبوو و بە هیچ بزانێت. ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە ئەوەیە، کە ئێمەش دەسەڵات بە نەبوو و بە هیچ بزانین".

ژ.ت