چارەنووسی نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و پەیەدە لە هەولێر نادیارە

چارەنووسی نوێنەرانی پەیەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باشوری کوردستان کە لەلایەن پەدەکەوە ١٦ رۆژە دەستگیرکراون، نادیارە.

١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ مستەفا عوسمان، نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیرکران و تائێستا ئازادنەکراون.

لەو رۆژەوە لەگەڵ چەندین بانگەوازی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و پەیەدەوە، بەڵام هێزەکانی پەدەکە چارەنووسی دەستگیرکراوانی ئاشکرا نەکردووە.

ڕۆژی ٢٢ئەم مانگە فەرمانگەی پێوەندییەکانی خۆبەڕێوبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە حکومەتی هەرێم کردبوو کە چارەنووسی نوێنەر و ئەندامەکانیان ئاشکرا بکات و ئەم هەڵسووکەوتەی پەدەکەی بە دەرەوەی بەها و پێوانە نیشتمانییەکان و تێکۆشانی هاوبەش بۆ پرسی کورد ناوزەد کردبوو.

 ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانیش پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: گرتنی ئەندامەكانیان لەلایەن پەدەكەوە لەكاتێكدایە، هەوڵ بۆ سەرخستنی دیالۆگی كوردی كوردی هەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو جۆرە كردەوانە دەبنە هۆی بڵاو كردنەوەی تۆوی دووبەرەكی ‌و خزمەت بە دوژمن دەكەن كە بە تەواوی پەدەكە لێی بەرپرسیارە، سەرەڕای ئەم داواکاریانەی خۆبەڕێوبەری و پەیەدەش بەڵام تاکوو ئێستا چارەنووسی ئەم دەستگیرکراوانە نادیارە و حکومەتی هەرێم و پەدەکەش هیچ ڕوونکردنەوەیان لەمبارەیەوە نەداوە.

ف.ق