چەلیک کالەلی: خەڵکی قەرس ئامادەیە بۆ کۆتایهێنان بە ئاکەپە

سەرتاج چەلیک کالەلی پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە قەرس بۆ پەرلەمان ڕایگەیاند، لە ١٤ ی ئایاردا کۆتایی بە چەوساندنەوە و زوڵم دەهێنن و وتی، "خەڵکی قەرس کۆتایی بە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەهێنن".

خەڵکی قەرس لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لە هەموو هەڵبژاردنە گشتی و ناوخۆییەکاندا شکستیان بە ئاکەپە هێناوە و ئێستاش خۆیان ئامادە دەکەن بۆ شکستپێهێنانی ئاکەپە لە ١٤ی ئایاردا.

پاڵیوراوانی پارتی چەپی سەوز لە قەرس بریتین لە گوڵستان کلچ کۆچییت، گوڵجان ئالپ و سەرتاج چەلیک کالەلی و خەڵکی قەرس بڕیاریان داوە دەنگیان پێدەن. بە جۆش و خرۆشەوە بنکەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنیان کردەوە و مژدەی سەرکەوتنی نوێیان دا.

سەرتاج چەلیک کالەلی پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە قەرس بۆ پەرلەمان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، خەڵکی ناوچەکە بە شێوەیەکی سیستەماتیک بەهۆی هەژارییەوە ناچار بە کۆچ دەکرێن وتی: "لە جوگرافیای کوردەکاندا کانەکان دەردەهێنن، درەختەکان دەبڕنەوە و بە بۆمب و بۆردومان جوگرافیا وێران دەکەن و دەیسوتێنن. بەهۆی ئەم سیستەمەی ئێستاوە تاڵانکاری بە سەرتاسەری وڵاتدا بڵاو بووەتەوە".

چەلیک کالەلی ڕاشیگەیاند، هەموو سیاسەتەکانی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە لەلای گەلەوە ڕیسوا بووە و لە ١٤ی ئایاردا لە سندوقەکاندا تێکدەشکێنرێن، چونکا لە بریی چارەسەرکردن هەوڵی گەورەکردن و قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و کێشەکانیان داوە. ئیدی ئەو سیاسەتە بۆ گەل ئاشکرا بووە. بەبێ هۆکار سیاسەتمەدارەکان زیندانی دەکەن و بەوە هەوڵ دەدەن گەلی کورد و هەدەپە لە سیاست دووربخەنەوە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، حکومەت ئەو ورە و ئیرادەیە نییە، کە دۆز و کێشەی کورد چارەسەر بکات و ناتوانێت ئاشتی کۆمەڵایەتی بونیات بنێت.

چەلیک کالەلی ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵات لە قەرس کاری تاڵانکردنی سروشت و سەرچاوەکان و کانزاکان بووە. کێشەیان بۆ سەرچاوەکانی ئاو دروستکردووە، بە سیاسەتی بەنداو دروستکردن زیانیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە.

لە کۆتایدا سەرتاج چەلیک کالەلی وتی، ئیرادەی خەڵکی قەرس لە ساڵی ٢٠١٩دا لەلایەن ئاکەپەوە بە داسەپاندنی قەیوم زەوتکرا. ئاکەپە قائیمقامیەتی و شارەوانیی کردبوو بە یەک و بە یەک کەس بەڕێوەی دەبردن. گەل بە تەواوی سیاسەتی تاڵانکاری و قۆرغکاریی ئاکەپەیان بۆ رون بووەتەوە. لەگەڵ ئەوانەشدا خەڵک بە چاوی خۆی دەبینێت لە کاتی بارانبارین دا چۆن شەقام و کۆڵان و خانوەکانیان دەبن بە ژێر ئاوەوە، هێشتا بۆریی گازی سروشتی بۆ زۆر شوێن ڕانەکێشراوە و ڕێگای بەشێکی زۆر لە گوندەکان چاک نەکراوە، بۆیە خەڵکی قەرس دوا بڕیاری خۆی داوە و کۆتایی بە ئاکەپە دەهێنێت.

ژ.ت