چەلیک پاش ٣٠ ساڵ ئازادکرا و بەگەرمی پێشوازی لێ کرا
نورەدین چەلیک پاش ٣٠ ساڵ ئازادکرا، لە شارەکەی لە جولەمێرگ بە گوڵ و یاری ئاگرین و مەشخەڵ و هەلهەلە پێشوازی لێ کرا.
نورەدین چەلیک پاش ٣٠ ساڵ ئازادکرا، لە شارەکەی لە جولەمێرگ بە گوڵ و یاری ئاگرین و مەشخەڵ و هەلهەلە پێشوازی لێ کرا.
نورەدین چەلیک لە ساڵی ١٩٩٤ لە تەمەنی ٢٣ ساڵی بە هۆکاری سیاسی لە ناوچەی بازیدی ئاگری دەستبەسەرکرا و بە تۆمەتی "تێکدانی یەکێتی دەوڵەت" سزای ٣٠ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، پاش ٣٠ ساڵ دوێنێ لە زیندانی پانۆس ئازادکرا. هەرچەند لە ٢٤ ی نیسانی ئەمساڵ سزاکەی تەواو کردبوو، بەڵام دەستە بەڕێوەبەری و چاودێری زیندان بە پاساوی ئەوەی چەلیک "باش نییە" ٣ مانگ ئازادبوونەکەی دواخست. پاش بڕیاری ئازادکردنی، دوێنێ ئێوارە چەلیک لە زیندان دەرچوو.
لە گۆڕەپانی ئازادی لەسەر ڕێگەی جولەمێرگ-وان لەلایەن پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و بنەماڵەکەیەوە بە جۆش و خرۆش بەرزکردنەوەی درووشم پێشوازی لێ کرا. بەڕێوەبەرانی پارتەکان و بنەماڵەکەی بە گوڵ و یاری ئاگرین و مەشخەڵ و چەپڵە و هەلهەلە پێشوازیان لە چەلیک کرد.
"هاتنت مۆراڵێکی مەزنی بەخشی"
پەرلەمانتار ساڵیحە ئایدەنیز ڕایگەیاند هاتنی چەلیک لەم قۆناغە ئاوارتەیەدا مۆراڵێکی مەزنە بۆ ئەوان، تیشکی خستەسەر بەرخۆدان و تێکۆشان دژی گۆشەگیری و دانانی قەیوم، گوتی: "هاتنی مۆراڵێکی بەهێز دەداتە هەموو گەلی جولەمێرگ و کوردستان، تێکۆشان مەزنتر دەبێت".
پاشان بە کاروانێکی مەزن بەرەو ماڵی چەلیک بەڕێ کەوتن.
"هیوادارم تێکۆشانمان ببێتە مایەی ئازادی زیندانیان"
هاوسەرۆکی ڕێکخستنی دەم پارتی شارەکە قادر شاهین لەبەردەم ماڵی چەلیک ڕایگەیاند چاوی هەموو گەلی کورد و بەتایبەت بنەماڵەکەی بە ئازادبوونی ڕووناک بووییەوە، گوتی: "بەهیوام تێکۆشانمان لە نزیکترین کاتدا ببێتە مایەی ئازادبوونی هەموو زیندانیان. بژی بەرخۆدانی زیندانەکان".