چەمچەماڵ: دەستپێکردنی مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی ئەنفال

لە مەزاری ئەنفال لە چەمچەماڵ، کار و چالاکییەکانی مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی ئەنفال دەستی پێکرد و بڕیارە چەند وتارێک بخوێندرێتەوە و تاجەگوڵینە لەلایەن لایەنە سیاسیی و کەسایەتییەکانەوە دابنرێت.

یادی ٣٧ ساڵەی ئەنفال

کەمێک پێش ئێستا، لە مەرازی ئەنفال لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی، بە ئامادەبوونی کەسووکاری ئەنفالکراوان و بەرپرسانی هەرێمی و هاوڵاتییان، مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئەنفال دەستی پێکرد.

ئەنجامدانی چەندین چالاکی      

بڕیارە هەر ئەمڕۆ، چەند پێشانگایەتی فۆتۆگرافی و شێوەکاریی تایبەت بە ئەنفال بکرێتەوە و لە مەراسیمی سەرەکییدا چەند وتارێک لەلایەن کەسووکاری ئەنفالکراوان و بەرپرسانی هەرێمی و حزبییەوە بەڕێوەبچێت.

بڕیارە چالاکییەکانی مەراسیمی ٣٧ـەمین ساڵیادی ئەنفال تا ڕۆژی یەکشەمە بەردەوام بێت.

شاڵاوی قڕکاری ئەنفال، کە لە ساڵی ١٩٨٨ بە بڕیاری ڕاستەوخۆی سەدام حسێن و بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید ئەنجام درا. بە هەشت قۆناغ بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوەوە ١٨٢ هەزار هاوڵاتیی کورد قڕکران ، نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ گوند وێران کران و کانییاوەکانیان تەقێندرایەوە، هەروەها ژێرخانی کشتوکاڵی باشووری کوردستانیش تا ڕادەیەکی زۆر لەناوبرا. ئەنفال لە یەککاتدا قڕکاری گەلی کورد و سرووشتی کوردستان بوو.