چەندین ڕێکخراو و دامەزراوە بانگەوازییان بۆ ئارامی و سەقامگیری شەنگال کرد

دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە بایننامەیەک بانگەوازییان بۆ هێنانەئارایی ئارامی و سەقامگیری شەنگال کرد لەسەر بنەمایی پێکهاتەیی ئێزدی و پشتبەستنی تەواوەتی بەخەڵکی شەنگال.

ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤی لە عێراق لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا داوایان لە سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەو وڵاتانەی كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانی بە جینۆساید ناساندووە کرد، كاربكەن بۆ بەدیهێنانی ئارامی و سەقامگیری لە شەنگال، لە ڕێگەی ڕاوێژكردن لەگەڵ پێكهاتەی ئێزدی و پشتبەستنی تەواو بە خەڵكی شەنگال بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانیان بەپێی دەوڵەت و دەستوور.

لە سەرەتای بەیاننامەكەدا هاتووە: "جەنابی سەرۆكوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان هەموو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكانی ئەو وڵاتانەی كە كۆمەڵكوژی ئێزدییەكانتان بە جینۆساید ناساندووە، ئێمە نوێنەری واژۆكراوی خوارەوەی ڕێكخراوە مەدەنی و مافەكانی مرۆڤی ئێزدی كە لە عێراقدا بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پێشهاتە ئەمنییەكان و ئاستەنگە سیاسی و ئیدارییەكانی شەنگال و ئەو شێوازە دەكەین."

'هێشتا کاریگەرییەکانی جینۆساید بەردەوامە'

لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا سەرنج خراوەتە سەر فەرمانی ٧٤هەمینی سەر کۆمەڵگەی ئێزدی  و هاتووە: "گەلەكەمان تا ئەمڕۆش لە كاریگەرییەكانی جینۆساید ڕزگاری نەبووە، هەرچەندە ئێزدییەكان زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی ئەو تاوانانە، بەڵام نەتەوەكانی دیكەش بەهەمان شێوە ڕووبەڕووی تاوانەكانی داعش بوونەوە، شاراوە نییە كە چۆن دەستی بەشێك لە وڵاتانی جۆراوجۆر بە خوێنی گەلەكەمان سوور بووە، ئەم تاوانە قێزەونە یەكێك بوو لەو تاوانەی لەم سەدەیەدا ئەنجامدرا، لەوانە كوشتن، ئاوارەبوون، كاولكاری، دیلبوون، كۆیلەكردن و پێشێلكارییەكانی دیكە، كە بە هەموو نۆرم و ئەخلاقە مرۆیی و ئاینی و نێودەوڵەتییەكانی پێشێل كردبوو."

داواکاری بۆ بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی

لە درێژەی بەیاننامەکەداجەخت لەسەر بەجێگەیانی ئەرک و بەرپسیارێتی بەرانبەر شەنگال کراوەتەوە و هاتووە: "لەم ڕوانگەیەوە داواتان لێدەكەین بەرپرسیارێتی یاسایی و مرۆیی خۆتان بەرامبەر بەم كۆمەڵگایە بگرنە ئەستۆ، ئێمە داوای پێویستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش و گەیشتن بە سەقامگیری لە شەنگال و نەهێشتنی دەركەوتە چەكدارییەكان و دۆزینەوەی چارەسەرێكی هەمەلایەنە و دادپەروەرانە بۆ هەموو ئاستەنگەكان لە هەموو بوارەكاندا دەكەین، بە ڕاوێژ لەگەڵ خەڵكی شەنگال و بە هاوكاری هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەبێ جیاوازی، لە چوارچێوەی دەوڵەت و یاسادا."

'پشتبەستن بە خەڵکی شەنگال بۆ ئیدارەدانی هەرێمەکە'

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئەم بانگەوازییە کراوە: "پشتبەستنی تەواو بە خەڵكی شەنگال بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانیان لە ژێر ئاڵای دەوڵەت و دەستوردا هەبێت،  بۆ ئەوەی وڵاتانی دۆست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی ئەم دووڕیانە لە هەموو بوارە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكاندا، لە چوارچێوەی پابەندبوون و نۆرمە نێودەوڵەتییەكان بۆ هاوكاریكردنی ناوچە زیانلێكەوتووەكان، بە پشتبەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیماننامەی ١٩٤٨ـی نێودەوڵەتی بۆ خۆپاراستن لە جینۆساید."

ناوی ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەیی واژۆیان لەسەر بەیاننامەکە کردووە بەمشێوەیەیە:

دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدی

ئەكادیمیای شەنگال ماڵی پێكەوەژیان

دەستپێشخەری نادیە

پلاتفۆرمی شەنگال بۆ گفتوگۆی كراوە

ڕێكخراوی پزیشكان بۆ ئاشت

ڕێكخراوی هەزارەی ئێزدی بۆ گەشەپێدان

ڕێكخراوی پێشكەوتنی ئاشتی

ڕێكخراوی پردی ئاسمانی عێراقی

ڕێكخراوی پردی گەنجان

ڕێكخراوی گیلان

ڕێكخراوی لەگەڵ ئێوەین

ڕێكخراوی سنابلی داهاتوو

ڕێكخراوی نسیم شەنگال بۆ چاودێریی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان

ڕێكخراوی فریاگوزاری و گەشەپێدانی

دەزگای ئیزدای نێودەوڵەتی

دامەزراوەی ئێزدی

دەزگای ئێزدی ٢٤ ڕاگەیاندن

دامەزراوە كانیای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن

ئاژانسی هەواڵی ئێزدی

ئاژانسی میدیایی چیا

ئاژانسی زیوا زیوە.