چەپی کوردستانی: با پێکەوە بەرەنگاری سیاسەتی دوژمنكارانەی تورکیا ببینەوە

لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی کوردستانی کە لە ٣ پارت پێکدێت، دژی داگیرکاری تورکیا هاتەدەنگ و داوا لە هەموو هێز و نێوەند و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات تا پێکەوە بەرەنگاری سیاسەتی دوژمنكارانەی تورکیا بنەوە.

کاردانەوەکان دژی داگیرکاری ڕژێمی تورکیا و تاڵانكردنی زەوی و تێكدانی سروشتی كوردستان بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی کوردستانی کە لە پارتەکانی (بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان،  زەحمەتكێشانی كوردستان و شیوعی كوردستان) پێکدێت بە ڕاگەیەندروێک هاتەدەنگ و ڕایگەیاند: بەتوندی ئیدانەی سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و دەستدرێژییەكانی بۆسەر گەلی كورد و كوردستان و ژینگە و نیشتمانەكەمان دەكەین و جەخت لەوەش دەكەینەوە تا چەوساندنەوەی گەلی كورد بەردەوام بێت تێكۆشانی گەلەكەمان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی درێژەی دەبێت. لیژنە هاوبەشەکەی ئەو سێ پارتە داوا لە هەموو هێز و نێوەند و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات تا پێکەوە بەرەنگاری سیاسەتی دوژمنكارانەی تورکیا بنەوە. 

دەقی ڕاگەیەندروەکەی لیژنەی كاری هاوبەشی چەپی کوردستانی:

لە كاتێكدا لەسەر دەستی ئەردۆغان و پارتی دادوگەشەپێدان، توركیا رووبەرووی قەیرانی ئابووری و نەبوونی سەقامیگری و پاشەكشەی زیاتری ماف و ئازادییەكان دەبێتەوە، شاڵاوێكی گەورەی دەستگیركردنی كورد و ئازادیخوازانی لە ناوخۆ دەستپێكردووە و لە ئاستی دەرەوەش بەردەوامە لە داگیركردن و تاڵانكردنی زەوی و تێكدانی سروشتی كوردستان، دوێنێ‌ دار زەیتونەكانی عەفرین و ئەمڕۆ دارستانەكانی بادینان بەكۆمەڵ لەناودەبات.
ئێمە لە لێژنەی كاری هاوبەشی چەپی كوردستانی بەتوندی ئیدانەی سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و دەستدرێژییەكانی بۆسەر گەلی كوردو كوردستان و ژینگە و نیشتمانەكەمان دەكەین و جەخت لەوەش دەكەینەوە تا چەوساندنەوەی گەلی كورد بەردەوام بێت تێكۆشانی گەلەكەمان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی درێژەی دەبێت، مێژووش ئەوەی دووپاتكردۆتەوە جگە لە چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد، بەکارهێنانی هێزی سەربازی و رێگاكانی نكۆڵیلێكردن و داگیركردن و گۆرینی دیمۆگرافیاكەی ناتوانێت ڕاستی دۆزەكەی بگۆرێت. رووبەروو بونەوە و رێگاكانی تێكۆشانی جەماوەری بژاردەی گەلی كوردستان بووە هەرواش دەمێنێتەوە. 
ئێمە بە درککردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەهەند وەرگرتنی مەترسییەکانی سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان، داوا لە هەموو هێز و نێوەند و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەین، پێکەوە بەرەنگاری ئەو سیاسەتە دوژمنكارییە ببنەوە. 

لیژنەی هاوبەشی چەپی كوردستانی 
- بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
 - حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
 - حزبی شیوعی كوردستان . 

4/6/2021

هـ.هـ