چەولیک: بە رۆحی هەڵمەتی ١٥ی ئاب دەتوانین دوژمن تێبشکێنین

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار زۆزان چەولیک باسی لەوەکرد، کە ژنانی کورد دوای هەڵمەتی ١٥ی ئاب بوونە خاوەن هێز و ئیرادە و وتی، "ئێمە تەنیا بە رۆحی ١٥ی ئاب دەتوانین دوژمن تێکبشکێنین و ئەم بەرخودانە بەرەو سەرکەوتن ببەین".

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار زۆزان چەولیک بە بۆنەی ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) کرد.

چەولیک لە سەرەتای قسەکانیدا بە نوێنەرایەتی شەڕڤانانی یەژاستار و هەپەگە سڵاو و خۆشەویستی ئاراستەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد و سەرنجی بۆ سەر زیاتر بوونی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک راکێشا. چەولیک ئەوەشی خستەڕوو کە ٢٠ رۆژە بەپێشەنگایەتی شەڕڤانانی یەژاستار لە بەرامبەر دوژمندا بەرخودانێکی بێپسانەوە لەئارادایە و وتی، "هەموو هەڤاڵانمان کە ئێستا لە سەنگەرەکاندا لە دژی دوژمن دەجەنگن، سڵاویان لێدەکەم، جەژنی ژیانەوەی ١٥ی ئاب لەوان پیرۆز دەکەم".

وەک دەزانرێت لە رێگەی پەیمانی لۆزانەوە نکۆڵیکردن لە کورد و کوردستان، جینۆساید، پارچەکردن و کۆمەڵکوژی بەسەر گەلی کورد رەوا کران. ١٠٠ ساڵە ئەو سیاسەتانەی کۆمەڵکوژی بەردەوامن. راستی رێبەر ئاپۆ، هەڵمەتی ١٥ی ئاب و دامەزراندنی پەکەکە لە دژی پەیمانی لۆزانە. ئەوە بە واتای ئەوەیە کە ئەو پەیمانە بە فەرمی ناناسن و رەتیدەکەنەوە. هەڵمەتی ١٥ی ئاب ئەو قۆناغەیە کە تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ و بەرخودان لە زیندانی ئامەد گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، بۆ خاوەنداری لە بەرخودان بڕیاری ١٥ی ئاب درا. هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە مێژووی ئێمەدا تێکۆشانە لە قۆناغی نوێدا. هەربۆیە بڕیاری هەڵمەتی ١٥ی ئاب بڕیارێکی ئاسایی نییە. هەندێک بڕیار هەیە؛ چارەنوسسی گەلان و تێکۆشان یەکلادەکاتەوە و هەڵمەتی ١٥ی ئاب لەو بڕیارانەیە. ئەو سەرکەوتنە کاریگەری گەورەی لە سەر گەلی کورد و ژنانی کورد دانا. هەڵمەتی ١٥ی ئاب تەنیا بڕیارێکی سەربازی نییە، لە هەمان کاتدا بڕیارێکی بیردۆزی و سیاسیە. کاتێک کە ئێمە لە رابردوو دەڕوانین، دەتوانین ببینین کە ئەو بڕیارە چەندە لەجێدا بووە و جۆن مێژووی گۆڕیوە. بۆ ئەوەش بووە هەڵمەتێک کە زۆر کاریگەرە و پەرەسەندنی مێژوویی سازکردووە.

ژنانی کورد هەرگیز خۆبەدەستەوەدانیان قەبوڵ نەکردووە

هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە ژیانی گەلی کورددا رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە. گەریلایەتی کە لە سەر هێڵی هەڤاڵ عەگید بەرەوپێش چوو لە مێژووی گەلی کورددا نوێبونەوەیەکی ساز کرد. کورد ساڵانێکی زۆربوو رووبەڕووی تاڵان، شەڕ، کۆمەڵکوژی و جینۆساید دەبوونەوە. لەبەر ئەوە لە مێژوودا خیانەت هەیە، سیخوڕی هەیە، کۆمەڵگا پارچە پارچە بووە، لەبەریەک هەڵوەشاوە. لەلایەکەوە ئەوە هەیە، لەلایەکی دیکەشەوە گەلی کورد هەرگیز دەستی لە بەرخودان لە دژی داگیرکەران هەڵنەگرتووە. بەر لە پەکەکەش زۆر سەرهەڵدان هاتنە ئاراوە. بەڵام ئەو سەرهەڵدانانە زۆریان نەخایاند، بە کۆمەڵکوژی و دوورخستنەوە بێ ئەنجامبوون و پاکتاوکران. کوردیش لە بەرامبەر دوژمندا لە دۆخێکی بێ هیواییدابوون.

رێبەرایەتی و پەکەکە پرسی گەلی کوردیان هێنایە ئاراوە. لەبەر ئەوە هەڵمەتی ١٥ی ئاب بە شێوازی تێکۆشانی خۆی دێتە پێشەوە. خۆی رێکخستن دەکات، ستراتیژی خۆی، ئامانجی خۆی دەخاتەڕوو. شێوازی شەڕی کلاسیکی کورد تێدەپەڕێنێت. لەبەر ئەوە دەوڵەتی تورک تائێستا نەیتوانیوە گەریلاکانی کوردستان سکست بدات. هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە سەر گەریلا ژنەکانیش کاریگەری گەورەی دانا. وەک چۆن هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆ گەلی کورد گۆڕانکاری بنچینەیی خوڵقاند، هەمان ئەوەش بۆ ژنانی کورد هاتە ئاراوە. لەبەر ئەوەی ئەو سەرکەوتنە هیوایەکی گەورەی لە کۆمەڵگای کورددا سازکرد. لە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی گەلی کورد وایکرد مرۆڤەکان خاوەن ئیرادە، بە رێکخستن، بە هیوا و ورە بن. کاتێک لە راستی ژنی کورد دەڕوانین، هەم بە هۆی ئەوەی کوردە و هەمیش لەبەر ئەوەی ژنە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن سیستمی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالارەوە کراوەتە کۆیلە. رەوایەتی بە کۆمەڵکوژی لەسەر ژنان دراوە. هەربۆیە پرسی ژنان لە کوردستان هەم بە ناسنامەی نەتەوەیی و هەمیش بە ناسنامەی ژن زیندووماوەتەوە. سیستمی پیاوسالار، ژن وەک مرۆڤ نابینێت، وەک 'ماڵ و موڵکی خۆی' دەیبینێت، ئەوی بە کەسێکی بێ ئیرادە و وەک نامووسی خۆی بینیوە. ئەو دیاردەیە باڵادەست بووە. سەرباری ئەوەی ژن لە کۆمەڵگادا خاوەن رۆڵیشە، بەڵام لە زۆر کایەدا دوورخراوەتەوە.

لە کوردستانیش راستیەکی بەو جۆرە هەبوو. لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە لێی بڕوانین دەبینین ژنانی کورد لە کوێ هەلێکی ئازادییان بینیبێت، دەستیان بە بەرخودان کردووە، لە بەرامبەر دوژمن هەرگیز خۆبەدەستەوەدانیان قەبوڵ نەکردووە. بۆ ئەوەی خۆی بە دەستەوە نەدات و شکۆمەندی خۆی بپارێزێت، نەکەوێتە دەست دوژمن، خۆی تەقاندووەتەوە، خۆی لە شاخەکانەوە هەڵداوەتە خوارەوە و پێشەنگایەتی بەرخودانی کردووە. کاتێک لە سەرهەڵدانەکانی مێژووی کورد دەڕوانین، زۆر ژنی قارەمان سەریان هەڵداوە. سەرباری ئەو هەموو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدەش، ژنانی کورد هەر کە دەرفەتێکیان دۆزیەوە بەشدارییان لە تێکۆشانی ئازادیدا کرد. وەک چۆن رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد شانس و بەختێکی گەورەیە، بۆ ژنانی کوردیش شانسێکی گەورەیە. هەڵسوکەوت و مامەڵەی رێبەر ئاپۆ بۆ تێکۆشانی ئازادیی ژن دیارە. گەریلاکانی ژن، سوپای ژنان و هەروەها تێکۆشانی ژن لە رێگەی رێبەر ئاپۆوە دامەزراوە. واتە تیۆریک و پراتیک پێکەوە جێبەجێ کراون.

بەر لە سوپای ژنانیش رەنجی گەورە درا

لەبەر ئەوەش لە سەرەتای بزوتنەوەکەمانەوە ژنان روویان لە گۆڕەپانی شۆڕش کرد، ئیرادەی ژن و رەنگی ژن هاتە ئاراوە. مامەڵەی رێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەکەمان ئەمەیە. لەو رۆژەوەی رێبەر ئاپۆ دەستی بە تێکۆشان کرد، ژنانی کوردیش وتیان تێچوو و قوربانیدانەکەی چی دەبێت با ببێت، ئێمەش لەناو تێکۆشان و بەرخودانداین. لەبەر ئەوە لە زیندانی ئامەد نمونەی هەڤاڵ سارا هەیە. هەم لەلایەن دوژمن و هەم لەلایەن کۆمەڵگاوە زۆر هێرش کرایە سەر ژنان. هەڤاڵ سارا زۆر زوو راستی رێبەرایەتی و پارتی ناسی و تێکەڵ بە تێکۆشان دەبێت. لە مێژووی ئێمەدا هەڵمەتی ١٥ی ئاب خاوەن رۆڵێکی سەرەکیە. هەم لە بزوتنەوەکەمان و هەمیش لە کۆمەڵگاکەماندا گۆڕانکاری ستراتیژی ساز دەکات. رێگە و رێبازی هێڵی تێکۆشان نیشان دەدات. ژنانی کورد بە بێ دوو دڵی بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا کرد. هەڵمەتی ١٥ی ئاب کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژنە گەریلاکان ساز کرد. لە ساڵی ١٩٩٣دا سوپای ژن دامەزرا، بەڵام بەر لەوەش رەنجێک هەبوو، ژنان بەشدارییان لە تێکۆشانی چەکداریدا کرد. لە هەموو گۆڕەپانێکی کوردستان لە دژی دوژمن شەڕ دەکەن، قارەمانێتی گەورە دەکەن و بەم جۆرە شەهید دەبن. ئێمە دەتوانین بڵێین کە هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆ تێکۆشانی ئازادی ژن بنەمایەکی زۆر بەهێزی داڕشتووە.

بەم بۆنەوە جارێکی دیکە پێشەنگانی یەکەمیمان کە تێکەڵ بە تێکۆشانی گەریلا بوون، بەڕێزەوە یاد دەکەینەوە. بۆ نمونە هێڵی بەرخودان کە خانم یاوەرکایا، بەسێ ئانوش، عەزیمە، چیچەک سەلجان، رەحیمە، ئۆزان مزگین، ئادیفە ساکک، هەڤاڵ سارا، بێریڤان، زیلان، بێریتان ئەمرۆ لە کەسایەتی یەژاستاردا بەرجستەبووە. ژنان ئیتر بوونە خاوەنی ئیرادە. هەڵبەت وەک ژنان قەرزاری هەڵمەتی ١٥ی ئابین، قەرزاری ژنانی پێشەنگین. لەبەر ئەوەی ئەو هەڤاڵانەمان نەک هەر لە دژی دوژمن، لەگەڵ کۆمەڵگایەکیش کە پیاو وەک هێز دادەنێت، شەڕیان کرد و تێکۆشان. لەبەر ئەو هۆکارە لە شەڕی چەکداریدا هەرگیز پاشەکشەی نەکردووە. ژنانی کورد کە لە ١٥ی ئابدا بەشدارییان لە تێکۆشانی چەکداری کرد، ئێستا لە هەموو بوارێکدا خۆیان رێکخستووە، خاوەن ئیرادە و ئەزمونن. هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە کوردستان سەرکەوت. ئەگەر هەڵمەتێکی سەرکەوتوو نەبوایە، نە لە سەر ژنان و نە لەسەر کوردستان ئەو کاریگەرییەی دانەدەنا.  بەپێچەوانەوە لە ساڵی ١٩٨٤دا لە کەسایەتی هەڤاڵ عەگیددا لە دهێ ئەوە سەلمێنرا کە ئەو هێڵە چەندە راست و سەرکەوتووە. سەرکەوتنی لەمەدایە. ئەگەر ئەمڕۆ دوژمن ناتوانێت گەریلاکانی کوردستان شکست بدات، لە بناغەی ئەوەدا سەرکەوتنی هەڵمەتی ١٥ی ئاب هەیە.

ئەوانەی ئێمە ناناسن، دوای ئەوەی دەمانناسن، زۆر سەرسام دەبن، وەک چۆن لە شۆڕشێکدا دوو شۆڕش روودەدەن، لە سوپایەکدا دوو سوپا، لە ناو ئایدۆلۆژیادا چۆن دوو ئایدۆلۆژی بوونی دەبێت. ئەو کەسانەی بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ نازانن و شارەزای نین، لە تێگەیشتن لەو دۆخەدا تووشی تەنگوچەڵەمە و دژواری دەبن. لەبەر ئەوە ئێمە وەک یەژاستار و هەپەگە سەرچاوەمان بۆ یەک شت دەگەڕێتەوە، ئەوەش هەڵمەتی ١٥ی ئابە. کاتێک ئێمە لە جیهان دەڕوانین، زۆر هێزی چەکدار کە بۆ ئازادی تێدەکۆشن، پشت بە رێبازی گەریلا دەبەستن. ژنانیش لەو تێکۆشانەی شۆڕشگێڕیدا بەشدارن و قوربانی گەورەیان بەخشیوە. بەڵام پەکەکە لەو رووەوە جیاوازی خۆی نیشانداوە. گەریلایەتی لە کوردستانیش وەک شێوازێکی ژیان دیاریکراوە. واتە شێوازی ژیان، شێوازی شەڕیش دیاری دەکات. لەبەر ئەوە ژن خاوەن هێز و ئیرادەیە. گەریلایەتی کوردستان لەم بوارەدا گوزارشت لە خۆی دەکات. لەم رووەوە هەڵمەتی ١٥ی ئاب زۆر ژنی پێشەنگ، ژنی قارەمانی هێنایە کایەوە. ئەوەندەی دژی دوژمن شەڕیان کرد، لە دژی دواکەوتووییش شەڕیان کرد. تێکۆشانمان بەو مێژووەدا تێپەڕبووە. لەبەر ئەوە ژنانی کورد ئازادی خۆیان بە تێکۆشان هێناوەتە کایەوە.

ژنانی کورد لە رێکخراوترین قۆناغدان

ئەوە زیاتر بێ بەرگریی هێڵرابوونەوە ژنان بوون. رێبەر ئاپۆ، پەکەکە و بە سوپابوونی ژنان لەم رووەشەوە وەرچەرخانیان سازکرد. ئێمە گەریلا تەنیا لە رووی سەربازی هەڵناسەنگێنین، لە گۆڕانکاری و وەرچەرخاندا بە سوپابوونی ژنان و گەریلایەتی ژنانیش رۆڵێکی مێژوویی گێڕا. لە گۆرینی تێگەیشتنی پیاوای سەردەستیش دا زۆر بەرەوپێشچوون سازکرا. یەکێک لە جیاوازییەکانی گەریلایەتی لە کوردستان لێرەدایە. هەڵمەتی ١٥ی ئاب دەریخست کە ژنانی کورد چۆن شەڕبکەن و بژین. هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆ هەموو ئەو پەرەسەندنانە بووەتە بناغەیەکی گەورە. سەرباری ئەوەی سوپای تورک کە یەک لە سوپا بەهێزەکانی ناتۆیە لە ماوەی ٣٩ ساڵدا وێڕای هێزە سەردەستەکان، هێڵی داردەست لە کوردستان زۆر پشتیوانیش وەردەگرێت، ناتوانێت لە بەرامبەر گەریلاکانی کوردستان سەربکەوێت.  

یەک لە هۆکارەکانی ئەوەش ئەو هێزەیە کە پەکەکە لە بە سوپابوونی ژنانەوە وەریدەگرێت. رەنگ، ئیرادە و بوێری ژن هەم لە پیاو و هەمیش لە ژناندا گۆڕەانکاری بنەڕەتی خوڵقاند. لە هیچ شوێنێکی جیهان نمونەیەک بۆ فۆرمولێک کە گەریلاکانی کوردستان پێکیدەهێنن، بوونی نییە، لەبەر ئەوەی هەم لە ژیاندا رؤلیان هەیە و هەمیش لە شەڕدا. نمونەیەکی لەم جۆرە لە هیچ ناوچەیەکی جیهان بوونی نییە. ئەوەش بە پاڕادیگمای رێبەر ئاپۆ خوڵقاوە. لەبەر ئەوە گەریلایەتی کوردستان هێندەی دوژمن شەڕ دەکات، ئەوەندەش لە ژن و پیاودا کەسایەتیەکی ئازاد بونیاد دەنێت. خۆی لە خۆیدا هێزی بە سوپابوون لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.

گەریلاکانی کوردستان لەمرۆدا لە رووی پەیوەندی ژن و پیاویشەوە بوونە نمونە. نمونەیەکی لەم جۆرە لە جیهاندا بوونی نییە. خۆی لە خۆیدا هێزی نەبەزین و لەبن نەهاتنیشی لەم هێڵەوە وەردەگرێت. تا هێڵی عەگیدەکان و زیلانەکان لە کوردستاندا هەبێت، تا ئەم رۆحە، ئەم ئیرادەیە، ئەم پەیجورییەی ئازادی، ئەم بڕوایە بوونی هەبێت، هێزەکانی دژمان هەرگیز ناگەنە سەرکەوتن. لەبەر ئەوەش هێڵی فەرماندە عەگید بۆ گەریلاکانی کوردستان بووەتە بنەمای ژیان و شەڕ. تێکۆشانی گەریلاییمان ئەوەوەی هێنایە ئاراوە؛ هێزێک کە خوازیاری ئازادییە دەبێت بزانێت ئازادی بە بێ بەرگریی و پاراستن مسۆگەر نابێت. ژنانی کورد ئەمڕۆ بە تێکۆشان و بەرخودان بوونە نمونە بۆ هەموو ژنانی جیهان. ژنان و ئەو کۆمەڵگایەی لە چوارپارچەی کوردستان لەپێناو ئازادی تێدەکۆشن لەسەر فۆرمولی گەریلاکانی کوردستان دامەزراون.

لە رۆژئاوا بڕوانن، لە شەنگال بڕوانن و لە رۆژهەڵات بڕوانن. لە هەمان کاتدا ئەمە نەک هەر بۆ کورد، بۆ هەموو ژنان، بۆ هەموو گەلانی ئازادیخواز مۆدێلێکە. ژنانی کورد ئەمڕۆ گەیشتوونەتە رێکخراوترین قۆناغ. ئێمە لەم بوارەدا قەرزارباری هێڵی فەرماندە عەگید، زیلان، بێریتان و لەیلا ئامەدین. وەک یەژا ستار بنەمای تێکۆشانی خۆمان لەو هێڵەوە وەردەگرین. گەریلاکانی یەژاستار ئەمڕۆ لە پاراستنی رێبەر ئاپۆ، پاراستن و بە زیندوویی راگرتنی هەڵمەتی ١٥ی ئابدا لە پێگەی پێشەنگایەتیدان. ژنانی کورد کە لە مێژووی تێکۆشانی ٣٩ ساڵەیاندا نەک هەر لە گەریلایەتیدا خۆیان سەلماندووە، ئەو قۆناغەشیان تێپەڕاندووە. ژنی کورد گەرنتی هێڵی رێبەر ئاپۆیە، گەرنتی گەلی کورد، پاراستنی هێڵی ژن، گەلان و ژیانی ئازادە. ئەمرۆ گەریلایەتی ژن لە کوردستان دەریخستووە کە ئێمە چۆن بژین، جۆن شەڕبکەین و چۆن خۆمان بپارێزین.

ئەو رێگەیەی دەمانگەیەنێت بە سەرکەوتن، تەنیا بەرخودانە

کات کاتی ئەوەیە کە هێڵی ١٥ی ئاب بگەیەنینە سەرکەوتن. وەک هێزەکانی یەژاستار ئێمە رووبەڕووی ئەو بەرپرسیارێتیەین. لە پراتیکی شەڕی دوو ساڵی رابردوودا رۆڵ، ئیرادە، قارەمانێتی و ئازایەتی ژن زۆر بە بەهێزی نیشندراوە. ئێمە دەزانین کە تێکۆشانی ئازادی بە بێ خۆپاراستن ناکرێت. ژنانی کورد ئەو راستییەیان بە شێوەیەکی روون نیشانداوە. دەبێت ژنان لە هەموو کات زیاتر هێڵی خۆپاراستن بە بنەما بگرن. ئەمڕۆش لە سەر رێبەر ئاپۆ گۆشەگیرییەکی دژوار هەیە. دەیانەوێت ئەو وەک درێژکراوەی پیلانگێری ئێمە لەگەڵ ئەو گۆشەگیرییە رابهێنن و بەوە رازی بین. ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی دەکەن ئەوەیە. دۆخێکی زۆر مەترسیدار لە ئارادایە. هێڵی رێبەر ئاپۆ لە مەترسیدایە. لەبەر ئەوەی ئیتر هێڵی رێبەر ئاپۆ تەنیا کاریگەری لە سەر کورد و ژنانی کورد دانانێت کاریگەری دەکاتە سەر هەموو پارچەکانی کوردستان، کاریگەری دەکاتە سەر گەنجان و گەلانی چەوساوە. لەبەر ئەوەیە هێزە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت ئەو هێڵە لەناوببەن. دەیانەوێت دەستکەوتەکان کە بە هەوڵدانی گەورەی چەندین ساڵە بەدەستهێنراون لەناوببەن و گەلی کورد، ژنان و گەلانی بندەست بێهیوا بکەن، ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ گرتوویانەتەبەر ئەمەیە.

هەڵمەتی ١٥ی ئاب لە هەمان کاتدا وەستانەوە و دژایەتیکردنی پەیمانی لۆزانە، قەبوڵنەکردنی ئەوە و تێکۆشانە لە دژی ئەو پەیمانە. بەڵام ئەمڕۆ لە ١٠٠ەمین ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا جارێکی دیکە دەیانەوێت جینۆساید لەسەر گەلی کورد بەدەستی دەوڵەتی تورکی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی رەوایەتی پێبدەن. هەوڵ دەدەن ئەو سیاسەتی جینۆسایدە بەسەر ئێمەدا بسەپێنن. لەبەر ئەوەشە ئەوەندە هێرش دەکەنە سەر ئێمە، بەو رادەیە هێرش دەکەنە سەر رێبەر ئاپۆ، گەریلاکانی کوردستان و گەلی کورد. لەبەر ئەوەی دەزانن کورد ئیتر کوردەکانی جاران نین. بە هێرشی دڕندانەی کۆمەڵکوژکارانە دەیانەوێت گەلی کورد جارێکیتر بێ هیوا بکەن. هەڵمەتی ١٥ی ئاب هیوایەکی بە گەلی کورد، ژنانی کورد کە بێهیوابوون. کورد لە هەبوون، ناسنامە و زمانی خۆیان بەخاوەن دەرکەوتن.

لەبەر ئەوە دەبێت هەموو کەس، بە تایبەتی ژنان و گەنجان مەترسییەکان لە سەر رێبەر ئاپۆ ببینن. دەبێت ئێمە تێکۆشانی خۆمان لە دژی ئەو سیاسەتە زیاتر پەرەپێبدەین. هەڵبەت بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان دۆخێک بۆ بەرگری لە رێبەر ئاپۆ هیە، بەڵام ماوە ماوە ئەوە لاواز دەبێت. بێگومان ئەوە مایەی قەبوڵکردن نییە. لەبەر ئەوەی ئەمرۆ نیوە بنەماڵەکانی کورد قوربانییان داوە، دەبێت پارێزگاریی لەو قوربانیدانە بکەین. تەنیا بە گیانی هەڵمەتی ١٥ی ئاب دەتوانین دوژمن شکست بدەین و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین. ئەوەی بەرەو سەرکەوتنمان دەبات بەرخودانە. وەک یەژاستار ئێمە لە سەر رێبازی زیلان، بێریتان و عەگید رۆڵ و ئەرکی خۆمان لە دژی سیاسەتی سڕینەوە و پاکتاو جێبەجێ دەکەین".

هـ . ب