تورکیا بە قەیرانێکى سەختى ئابوریدا تێدەپەڕێت، دۆخى ناوخۆى وڵاتە لە ڕووى ئابورییەوە لە لێواری داڕماندایە و بە هۆى سیاستەکانى ئەردۆغانەوە ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لیرەى تورکى ھاڕە دەکات، چاودێران پێیان وایە سەردانەکەى وەزیرى دەرەوەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە پێناو ڕزگارکردنى ئابورییە شکست خواردەووەکەى وڵاتەکەیەتی، لەڕێگەی هێنانە ناوەوەى کۆمپانیا تورکییەکان بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان.
سەردانى هاکان فیدان بۆ بەغدا و هەرێمى کوردستان، سەردانێکى دیپلۆماسى ئاسایی نییە، بەڵکو چوارچێوەیەکى هەواڵگرى پیلانگێڕیش لە دژى گەلى کورد بەگشتى و باشورى کوردستان بە تایبەتى، لە خۆدەگرێت.
بە پێی سەرچاوە فەرمییەکانى وەزارەتی دەرەوەی حکومەتى عێراق، ئامانجی سەردانەکەی وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ بەغدا، بۆ چەند پرسێکى وەک ئاو، نەوتى هەرێم و هێنانە ناوەوەى کۆمپانیا تورکیانە بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەى لە هەگبەى هاکان فیدانى بەرپرسى پێشووى دەزگاى میتدا هەیە، شتێکى دیکە و زۆرینەى پرسەکانى ئەم سەردانە پەیوەستە بە بایەتى ئەمنى و پیلانگێڕیی لەدژى گەلى کورد لە باشورى کوردستان.
جیا لەوەى لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن و ناوەندە فەرمییەکانەوە، وەک ئەجێندای سەردانى وەزیرى دەرەوەى تورکیا بڵاودەکرێتەوە، سەردانەکە بابەتی ئامادەکارى بۆ سەردانى تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق و چەند پرسى دیکەى ئەمنىش لەخۆدەگرێت.
هاکان فیدان هەشت ساڵ، بەرپرسى دەزگاى سیخوڕى میت بووە، لەماوەى ئەو هەشت ساڵەدا زۆرترین هێرشى داگیرکارى و تیرۆرى سیاسى لە باشورى کوردستان ئەنجامداوە، دەستى سوورە بە خوێنى دەیان وڵاتپارێزى کورد، پشت پەردەى ئەو سەردانەش لە چوارچێوەی هەمان مەبەست و پیلانگێرى لە دژى وڵاتپارێزان دەبێت.
ئەوەى لەپشت پەردەوە باسى لێوە دەکرێت، سەبارەت بە ئەجیندای سەردانەکەی بۆ ھەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆکى پەدەکە و کوڕەکەى مەسرور بارزانى و برازاکەی نێچیرەڤان بارزانى، پرسى شەنگال و جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى ٩ی تشرینی یەکەمە، کە خودى هاکان فیدان داڕێژەرى ئەو ڕێکەوتنەبووە لەگەڵ کازمى، سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق و مەسعود بارزانى سەرۆکى پەدەکە.
بەشێکی دیکەش لە ئامانجی سەردانەکەی زەمینەخۆشکردن و ئامادەکردنی رای گشتییە لە رێگەی میدیاکانی پەدەکەوە، بۆ رەوایەتیدان بە چاوساغی و بەشداریکردنی پەدەکە لە ھێرشکردنەسەر پەکەکە و گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا.
هەروەها پرسى ئەو پێبژاردنە، یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاریەیە، کە بە پێی بڕیاری دادگای نێونەتەوەیی نێوبژیوانی پاریس، دەبێت دەوڵەتی تورک بە عێراقی بدات، لە پای گواستنەوەی نایاسایی نەوتی ھەرێم و باس لەوەدەکرێت مەبەستی سەردانەکەی فیدان بۆ لای سێ بارزانییەکە ناچارکردنیان بێت بەوەی لە بری ئەنقەرە، ھەرێمی کوردستان ئەو قەرەبووە بداتە بەغدا.
ژ.ن