سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە بازنەی وان، لە ١ی ئەیلول ڕۆژی جیهانی ئاشتیدا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فورات (ANF) هەڵسەنگاندنی بۆ گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان و ئەنجامدانی ئەشکەنجە لە زیندانەکان کرد.
چیفتیورەک لە سەرەتادا پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ئاشتی کرد و وتی: "با ١ی ئەیلول ببێتە ساڵی ئاشتی بۆ خەڵکی کوردستان، کە ١٥٠ ساڵە تامەزرۆی ئاشتی و سەقامگیرین و نەیانتوانیوە خۆیان لە شەڕ ڕزگار بکەن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی چەپی سەوز لەبارەی گیانلەدەستدانی شاکیر توران، زیندانی نەخۆشی تەمەن ٧٠ ساڵ وتی: "بە شێوەیەکی نایاسایی و نابەرپرسانە گیانی لەدەستدا، کاتێکیش تەرمەکەی دەهێنرایە بۆ گوندەکەی لە دەروازەی چوونەژوورەوەی شاری ئامەد چەندین کاتژمێر ڕێگری لە گواستنەوەی تەرمەکەی کرا، ئەشکەنجە لەسەر مردووەکانیش جێبەجێ دەکرێت، ئەم جۆرە پرسانە لە بەرنامەی کاری ئێمەدان و لە قۆناغی داهاتوودا هەڵوێستەیان لەسەر دەکەین".
'لە ئیمراڵی یاساکان لەناودەبرێن'
چیفتیورەک سەرنجی بۆسەر گۆشەگیری رەهای سەر رێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا و وتی: ئەوە ٤ ساڵە رێگە بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان نادرێت کە لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی دیدار ئەنجام بدات. زیندانی ئیمراڵی بۆ خۆی گۆشەگیریەکە و ساڵانێکە گۆشەگیری لەناو گۆشەگیریدا دەسەپێنرێت.
ڕوونیشیکردوە، "بەپێی یاسا هاوشێوەی هەموو ئەو کەسانی سزادراون یان زیندانی کراون دەبێت بەڕێز ئۆجالانیش بتوانێت چاوی بە بنەماڵە و پارێزەرانی بکەوێت. حکومەت یاساکانی پێشێل دەکات. هەراسانکردن و تەنگهەڵچنین بە کۆمەڵگا لە ڕێگەی گۆشەگیرکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، هیچ سوودێکی بۆ کەس نییە. داوا لە حکومەت دەکەین کۆتایی بەم سیاسەتە بهێنێت. گۆشەگیری لایەنی یاسایی، سیاسی و مرۆیی هەیە. گۆشەگیری لەناوبردنی یاسایە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی چەپی سەوز جەختیشیکردەوە، "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ٢٤ ساڵە زیندانی کراوە و ڕێگری کردن لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی مامەڵەیەکی نامرۆڤانەیە، دەبێت ئاستەنگی لەبەردەم مافێکی مرۆڤ لاببرێت. لە ڕووی سیاسییەوە عەبدوڵا ئۆجالان زیندانییەکی ئاسایی نییە، کاراکتەرێکی سیاسییە کە ملیۆنان کەس سەرسامن بە ئەندێشەکانی، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەن".
'دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان بتوانێت ئەندێشەکانی ڕاستەوخۆ بە ڕایگشتی و پارتەکەی بگەیەنێت'
چیفتیورەک ئەوەشی خستەڕوو، سەردانی زیندانی ئەدیرنەی کردووە و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی شارەوانی ئامەد دیداری ئەنجامداوە و وتی: "لەو دیدارەدا هەردووکیان جەختیان لەوەکردەوە دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بهێنرێت. وتیشیان 'بە هەڵگرتنی گۆشەگیری، دەتوانرێت کۆتایی بەو چەقبەستووییە لە سیاسەتدا بهێنرێت. بۆ ئەوەی کۆتایی بەو سیاسەتەی شەڕ بهێنرێت و دەرگای ئاشتی بکرێتەوە، دەبێت کۆتایی بە گۆشەگیری لە ئیمرالی بهێنرێت. دەبێت بتوانێت ڕۆژانە ئەندێشە، ڕوانگە و پێشنیارەکانی لەگەڵ خەڵک و پارتەکەی هاوبەشبکات. گۆشەگیری بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت'، لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا لەبارەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانەوە دەنگۆ و واتەوات ساز کرا و نامەیەکیش هێنرا. بە وتنی ئەوەی 'عەبدوڵا ئۆجالان ئەم دەڵێت و ئەوە دەڵێت'. دەنگۆ بڵاودەکرێتەوە. ئێستاش بە پێی ئەوەی بیستوومانە، پلان بۆ بڵاوکردنەوە دەنگۆ و واتەواتێکی لەو جۆرە دادەنرێت. بەڵام لەجێگەی ئەوەی ئەم کارە بکەین، داوا لە حکومەت دەکەین دەستبەجێ کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنێت، ڕێگە بە عەبدوڵا ئۆجالان بدات ئەندێشەکانی بگەیەنەتە ڕایگشتی. ئەمەش هەناسەیەک بەبەر تورکیادا دەهێنێتەوە و لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتەیە. بە بۆنەی ١ی ئەیلول کە ڕۆژی جیهانی ئاشتییە، داوا لە حکومەت دەکەین کۆتایی بەو گۆشەگیرییە بهێنێت".
ژ.ن