CPT کۆنسوڵی تورکیای لە هەولێر بە درۆ خستەوە
تیمی کوردستانی CPT بە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لێدوانەکانی هاکان کاراجای کۆنسوڵی تورکیای لە هەولێر بە درۆخستەوە.
تیمی کوردستانی CPT بە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لێدوانەکانی هاکان کاراجای کۆنسوڵی تورکیای لە هەولێر بە درۆخستەوە.
تیمی کوردستانی CPT لە باخی نالی شاری سلێمانی سەر لەبەیانی ئەمرۆ بە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانی وەڵامی لێدوانە درۆینەکانی هاکان کەراچای کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر دایەوە لەسەر ناوی CPT کامەران مەلا عوسمان ئەندامی نوسینگەی کوردستان ئەو ڕێکخراوە لێدوانەکەی بۆ ڕۆژامەوانان خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ئابی ٢٠٢٠، هاکان کاراجای، سەر کۆنسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە هەڵمەتە سەربازییە بەردەوامەکانی تورکیا لە کوردستاندا، گوتی: "ئێمە هەرگیز، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنیمان بە ئامانج نەگرتووە."
تیمی هەرێمی کوردستانی "سی پی تی"، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری مافەکانی مرۆڤە و لەساڵی ٢٠٠٧ەوە کار دەکات بۆ بە بەڵگەکردنی کاریگەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر گیان و بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، دەخوازێت کە تیشک بخاتە سەر ئەوەی کە لێدوانەکەی هاکان کاراجای، دوورە لە ڕاستیەوە.
هاوکات ئەو ڕێکخراوە جیهانیە باس لە زیانەکانی هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: لە ساتە وەختی ڕاگەیاندنی هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان لە ١٥ی حوزەیران لە ژێر ناوی چنگی هەڵۆ و هەروەها پەلاماری سەربازی خاکڕەوی لە ١٧ی حوزەیران، لەژێر ناوی چنگی پڵنگدا، زیاتر لە ٦ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و چوار هاوڵاتیش برینداربوون. سەرباری ئەمانەش، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیادا، چەندین ڕەز و باخ و کێڵگەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری هاوڵاتیان سوتاون و مەترسی چۆڵبوون لەسەر چەندین گوندو ئاوایی دروست بووە.
کێڵگەیەکی کشتوکاڵی لە گوندی بەرمیزە لە ناوچەی سیدەکان، کە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە سوتاوە.
لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیادا بۆ سەر کوێستانەکانی خنێرە لە ناحیەی سیدەکان، عەباس مەغدیدی ٣٠ ساڵە شەهیدکرا کە شوانێکی کۆچەری بوو و بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکەی ڕووی کردبووە کوێستانەکان.
لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، لە هێرشێکی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، پێنج هاوڵاتی کە بۆ وەرگرتنی پشوو لەدوای کارەکەیان ڕوویانکردبووە دۆڵی باڵەندە لە نزیک شیلادزێ شەهیدکران. "سی پی تی" توانی ناوی چوار لە شەهیدەکان بەبەڵگە بکە، کە بریتیین لە: موخلیص ئادەم، ئازاد مەهدی، دێمان عومەر و ئەمین ساڵح.
ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لە شیلادزێ، لەلایەن هێزی ئاسمانی توکیاوە بە ئامانج گیرا و ٥ هاوڵاتی مەدەنی تیایدا شەهید بوون.
لە ٢٥ی حوزەیراندا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دوکانێکی میوە فرۆشییان لە ناوچەی گەشتیاری کونە ماسی بە ئامانج گرت کە لەوکاتەدا کۆمەڵێ خێزانی گەشتیار لەناوچەکە بوون. لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، پەیمان تالیبی ٣١ ساڵ قاچێکی لە ئەژنۆی بەرەو خوارەوە لەدەستدا و قاچەکەی تریشی لەچەندین شوێنەوە شکاوە و پێویستی بە نەشتەرگەری زیاتر هەیە. هەروەها هەردوو قۆڵیشی سوتاوە. لەهەمانکاتدا، هاوسەرەکەی پەیمان، کەیوان کاوەی تەمەن ٣٠ ساڵ و کچە ٧ ساڵ و کوڕە ٥ ساڵانەکەیان لەو بۆردوومانەدا برینداربوون.
پەیمان تاڵیب، لەدوای برینداربوونی لە نەخۆشخانە چارەسەری وەردەگرێت. “سی پی تی” ئەم وێنەیەی لەلایەن ڕۆژنامەنووس “ڕیباز مەجید”ەوە بەدەستگەیشتووە.
لە ١٠ی تەمووز، لە دوای بەردانەوەی ٢٦ بۆمب لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە، دانیشتووانی گوندی ئەڤلا لە ناحیەی باتیفەی سەر بەقەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، ناچاربوون گوندەکەیان بەجێبهێڵن.
لەڕۆژی ١١ی تەمووز، تۆپخانەکانی تورکیا گوندی بادیەیان لە پارێزگای دهۆک بە ئامانج گرتوو ٦ هاوەنیان ئاراستەی گوندەکە کرد. لە ئەنجامدا زەرەر بەر ١٠ خانووی گوندەکە کەوت و چەندین بێستان و ڕەز و باخی هاوڵاتیانی ناوچەکە وێرانبوون.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە "سی پی تی" کۆیکردوونەتەوە، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥ەوە تاوەکو ئێستا، فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تۆپخانەکانی تورکیا بوونەتە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە ٨٥ی هاوڵاتی مەدەنی و بریندارکردنی زیاتر لە ٩٥ هاوڵاتی مەدەنی تر. لەو ٨٥ هاوڵاتیە شەهیدە، ١٥ کەسیان بە تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٠دا شەهیدبوون. ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بوونەتە هۆی چۆڵبوونی سەدان گوند لە هەرێمی کوردستان و بوونەتە هۆی مەترسی بۆسەر ئاسایشی ژیان و بژێوی هەزاران خێزانی ناوچەکە.
هاوکات "سی پی تی"، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات کە ڕێز لەژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بگرێت و کۆتاییەک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دابنێت لە کوردستانی عێراقدا.
ف.ق