دادگا سزای ٤ ساڵ و دوو مانگ زیندانی بەسەر سیاسەتمەدارێکی کورد دا سەپاند

سەلما ئیرماک، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆماری تورکیا" و "بێڕێزی کردن بە حکومەت"، سزای ٤ ساڵ و دوو مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

دەوڵەتی تورک تەرمی حاجی لوقمان بیرلیکی بە پشتی زرێپۆش بەستەوە و بە زەویدا ڕاکێشا و بە ڕووتی سووکایەتی بە تەرمی ئەکین وان کرد و عەبدولعەزیز یورال، کارمەندی پزیشکی و شێخموس دورسون شۆفێری ئەمبولانسیان کوشت و گۆڕستانیان وێران کرد. دەسەڵاتی دادوەری تورکیا، سەلما ئیرماک، سیاسەتمەداری کوردی کردە ئامانج، کە ساڵی ٢٠١٥ سەبارەت بەو کردەوانەی دەوڵەتی تورک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا قسەی کردبوو.

دانیشتنی بڕیار لەبارەی ئەو دۆسیەیەی کە لە دژی سەلما ئیرماک کرایەوە، لە لقی نۆیەمی دادگای تاوانەکانی ئەسلی بەڕێوەچوو.

لای خۆیەوە ڕاجی بیلیجی، پارێزەری سەلما ئیرماک ڕایگەیاند، دەبێت لە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕیندا هەڵسەنگاندن بۆ قسەکانی موەکیلەکەی بکرێت و داوای ئازادکردنی ئیرماکی کرد.

دادگا بە تۆمەتی "بێڕێزی کردن بە حکومەت"، سزای ساڵێک و ٣ مانگ و بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆماری تورکیا" سزای ٢ ساڵ و ١١ مانگ زیندانی بەسەر سەلما ئیرماک دا سەپاند.

ژ.ن