دادگای دەستووری: دەستبەسەرداگرتنی نامە بۆ ئۆجالان پێشێلکردنی مافەکانە

دادگای دەستووری، دەستبەسەرداگرتنی نامەی عەلی ئیحسان دۆست، لە زیندانی بورهانیەی بالکەسیر کە ویستویەتی بۆ ڕێبەر ئاپۆی بنێرێت، بە 'پێشێلکردنی ئازادی هەواڵپرسین"ی پێناسە کرد.

بەڕێوەبەرایەتی زیندان بە بیانووی ئەوەی 'لە ناوەڕۆکی نامەکەدا زانیاری ڕێکخستنی' تێدا هەبووە، دەستی بەسەر نامەکەدا گرتبوو، کە بڕیار بوو لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٠ بۆ ڕێبەر ئۆجالان بنێردرێت.

لە نامەکەدا سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پیرۆزباییەکانی نەورۆز و بابەتە ئاینییەکانی هەڵسەنگاندنی تێدابووە.

عەلی ئیحسان دۆست ئاماژەی بەوەکرد کە لە نامەکەدا هیچ شوێنێکی جێی گومان بوونی نییە و بەرامبەر بڕیارەکە ناڕەزایەتی نیشاندا.

بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوەی بورهانیە و دادگای باڵای تاوانەکانی بورهانیە تانەکەیان ڕەتکردەوە.

بڕیاری دادگای دەستووری پێشێلکردنی مافەکانە

دادگای باڵای دەستووری پێداچوونەوەی بە داواکارییەکەدا کرد و ڕایگەیاند کە دەستەی دیسپلین و دادوەری هیچ بەڵگەیەکی جددییان سەبارەت بەو نیگەرانی و ئەو گومانانەی کە سەبارەت بە نامەکە وتراوە، پێشکەش نەکردووە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا باس لەوە نەکراوە کە دەتوانرێت بەشێکی نامەکە بنێردرێت یان نا.

هەروەها دادگا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دەستێوەردانە لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا پێویست نییە و پێشێلکردنی ئازادی هەواڵپرسینە. بۆ ئەوەی دووبارە بڕیارەکە دادگایی بکرێتەوە ڕەوانەی دادگای دەستووری بورهانیە کراوە.