سایتی ئارگۆسی تایبەتمەند لەبواری بازاڕی وزە بڵاویكردەوە، دوێنێ شەو عێراق بە فەرمی لەلایەنی توركیایی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی، لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی هەرێمی كوردستاندا، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە بەرژەوەندی عێراق بڕیاریداوە.
سایتەكە لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، ئەم بڕیارە گورزێكی دیكەیە بەر هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆ لە عێراق دەكەوێت.
كۆتاییەكانی كانونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، دوای نزیكەی (9 ساڵ) چاوەڕوانیی، بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە یەكلاكردەوە كە حكومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر توركیا تۆماركردبوو.
پاش بڕیارکەى دادگاى پاریس وەزارەتی نەوتى عێراق پێشوازی کرد لە بڕیاری کۆتایی دادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، کە ، دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و تورکیا دەریکردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باسیلەوەکردووە، لە دۆسیەی ناوبژیوانیدا کە عێراق لە دژی تورکیا تۆماریکردووە بەهۆی پێشێلکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی بۆریی عێراق و تورکیا کە لە ساڵی ١٩٧٣ واژۆکراوە.
لەڕێککەوتنەکەى ١٩٧٣دا هاتووە “حکومەتی تورکیا دەبێت پابەندی ڕێنماییەکانی عێراقی بێت سەبارەت بە گواستنەوەی نەوتی خاو کە لە عێراقەوە هەناردە دەکرێت بۆ سەرجەم ناوەندەکانی هەڵگرتن و گواستنەوەی و وێستگەی کۆتایی.
دوابەدواى بڕیارەکە، توركیا لایەنی عێراقی لەوە ئاگاداركردووە چیتر رێگە نادات بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتە بەندەری جەیهان.
لەگەڵ ئەوەى لەساتى دەرهێنان و فرۆشتنى نەوتەوە پەدەکە و بنەماڵەى بارزانى ئاگاردارکرانەوە لەوەى نەوت موڵکى خەڵکى هەرێمى کوردستان و ئەو جوگرافیاییەى تێدا دەژین، پێویستیشە فرۆشتن و داهاتى نەوتى بچێتە خزمەت هاوڵاتیانەوە. هەروەها زۆربەى هاوڵاتیانى باشور داوایان دەکرد ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق بکرێت و بەشێوەیەکى شەفاف نەوتەکە بفرۆشرێت و داهاتەکەى بخرێتە خزمەت خەڵکى و ژێرخانى ئابورى باشورى کوردستانەوە.
لەبەرامبەر هۆشدارى و داوکارییەکانى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، بنەماڵەى بارزانى بەتایبەت بازرانى و کوڕو نەوەکانى گوێیان بەو هۆشداریانە نەدا و لەبەرژەوەندى بنەماڵەکەیان و دەوڵەتى داگیرکەرى تورک بەناڕوونى نەوتەوەکەیان بەکەمتر لەبازاڕى جیهانى هەرزان فرۆش دەکرد.
لەئێستا و پاش بڕیارەکەى دادگای ناوبژیوانى ژوورى بازرگانى نێودەوڵەتى پاریس، هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دڵخۆشن بەبڕیارەکە تەنیا لەپێناو ئەوەى نەوت و سامانەسروشتییەکان لەدەست خۆسەپێنى پەدەکە و بنەماڵەى بارزانى دەربکرێت و لەچوارچێوەى ڕێکەوتنێکى ڕووندا لەگەڵ بەغدا نەوت هەناردەبکرێت.
ف.ق