دادگای ئێران ٥ ساڵ سزای بەسەر زارا مەحەمەدیدا سەپاند کە منداڵانی فێری کوردی دکرد

مامۆستاکەی زمانی دایک، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵی رابڕدوو سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردنی بۆ دەرچووبوو، دواتر لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەی کەم کرابوەوە بۆ پێنج ساڵ، سزاکەی پشتڕاست کرایەوە و مۆڵەتی ١٠ رۆژی پێدراوە، کە خۆی بە گرتووخانەی ژنان لە سنە بناسێنیت.

زارا محەمەدی، مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردیی، ساڵی ڕابردوو چەند ڕۆژێک دەستبەسەر کرا، پاشان بە بارمتەی دارایی ئازاد کرا و دۆسیەی تۆمەتەکانی بۆ کرایەوە، پاشان لە دادگای سەرەتایی شاری سنە بە ١٠ ساڵ زیندانیکردن سزا درا، دواتر لە دادگای پێداچوونەوە سزاکەی کەم کرایەوە بۆ ٥ ساڵ زیندانیکردن.

هەیبەت محەمەدی، برای مامۆستا زارا محەمەدی، بۆ ئاژانسی  ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دەسەڵاتی ئێران ساڵی ڕابردوو بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر، زارایان تۆمەتبار کرد و دواجار دەستبەسەریان کرد، پاش ئەوە بە بارمتەی دارایی ئازاد کرا، پاشان لەلایەن دادگای شاری سنە سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

محەمەدی، وتیشی: لە قۆناغەکانی سکاڵاکردن و تانەلێدان لە بڕیارەکەی دادگا، دەسەڵاتی ئێران چەندین جار تۆمەتەکانی زارای گۆڕیوە و هەر جارە و بە تۆمەتێک داوای سزادانی کردووە، جارێک بەناوی دژایەتی کۆماری ئیسلامی، جارێک بە تۆمەتی لایەنگریی حزبە سیاسییەکانی رژێم.

هەیبەت ئەوەشی ڕاگەیاند، کە پاش تانەلێدان لە سزای ١٠ ساڵ زیندانییکردن، لە دادگای پێداچوونەوەی سنە سزاکەی زارا کەمکرایەوە بۆ پێنج ساڵ، جارێکی دیکە تانە لە بڕیارەکە درایەوە و نێردرایە دادگای باڵای ئێران.

براکەی زارا محەمەدی وتیشی: لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمی بە زارا ڕاگەیەندراوە، کە سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنەکەی لە دادگای باڵای ئێران نێردراوەتەوە بۆ دادگای پارێزگای سنە و لەوێش پشتڕاست کراوەتەوە، بۆیە پێویستە لە ماوەی ١٠ڕۆژدا خۆی بە گرتووخانەی ژنان لە سنە بناسێنێت بۆ ئەوەی سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنەکەی لە گرتووخانە بەسەر ببات.

هەیبەت ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەی چەند ئەندامێکی لێژنەی دادوەران واژۆیان لەسەر سزادانەکە نەکردووە و داوایان کردووە مادەی ٤٧٧ یاسا جێبەجێ بکرێت، کە خۆی لە پێداچوونەوە لەو بڕیارانەدا دەبینێتەوە کە گومان دەکرێت پێشێلکاریی یاساییان تێدا کرابێت و جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێتەوە، بەڵام ئەوەش ڕەت کراوەتەوە و بڕیارەکە نێردراوە بۆ دادگای جێبەجێکردنی سزاکان، ئەویش مۆڵەتێکی چەند ڕۆژەی بۆ زارا دیارییکردووە کە پێیوستە خۆی ڕادەستی زیندانی ژنان لە شاری سنە بکات.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٩ دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی، بە تۆمەتی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی و رێکخستنی سیمیناری کۆمەڵایەتی و کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی کرماشان دەستبەسەر کرا، هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون، کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا دوای نزیکەی دوو مانگ بە بارمتە ئازاد کرا.

 

دواتر لە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠، دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای سنە، سزای پێنج ساڵ زیندانییکردنی بەسەر بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، بۆ پشتڕاست کردەوە.