داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بە هاوکاری پەدەکە بەردەوامە، ئەمەش بووە بە هۆکاری نیگەرانی گەل، سەبارەت بە بەرفراوانبوونی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک هەر یەک لە؛ مامۆستایی ئایینی تەها گەرمیانی و کاوە لەتیف پارێزەر، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
'پێویستە مامۆستایانی ئایینی بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر داگیرکارییەکان'
مامۆستا تەها گەرمیانی ئاماژەی بەوەکرد داگیرکاریی هەرکەس و هەرلایەنێک ئەنجامی بدات ناڕەوایە بەمجۆرە دوا: "ئەو داگیرکارییەی ئەمڕۆ ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ترسناکە و خەڵک دەکوژێت و دارستان و دارەکانمان دەبڕێتەوە. پێویستە حکومەتی هەرێم هەڵوێستی هەبێت و وەڵامێکی جدی هەبێت لە بەرانبەر ئەم دەستدرێژی و داگیرکارییانەی کە لەسەر خاکەکەمان ئەنجام دەدرێت.
بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا هەڵوێستی خۆیان پیشانبدەن چونکە لەم کاتەدا لە لایەم داگیرکەرەوە ژینگەی هەرێمی کوردستان تێکدەدرێت و هاوڵاتیان دەکوژرێن."
'لە بەرانبەر ئەم داگیرکارییانە دەبێت دەنگمان بگاتە نەتەوەیەکگرتووەکان و جیهان'
لە درێژەی قسەکانییدا مامۆستا تەها گەرمیانی باسی لە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی کرد، کە دەبێت بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت لە بەرانبەر داگیرکەراندا، وتی: "ئەگەر مامۆستایانی ئایینی و ڕۆشنبیران و وڵاتپارێزان بێدەنگ بن، ئەوا زیاتر داگیرکاری ڕوودەدات و وڵاتەکەمان وێران دەبێت. هەربۆیە پێویستە بێدەنگ نەبیین و دەنگی خۆمان بە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەو شوێنانەی کە مافی مرۆڤی تێدا پارێزراوە بۆ ئەوەی بە دەنگمانەوە بێن و هاوکاریمان بکەن."
'ئەم داگیرکارییانەی تورکیا تاوانە دژی مرۆڤایەتی'
لای خۆیەوە پارێزەر کاوە لەتیف، ئاماژەی بەوەکرد دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هیچ پاساوێکی نییە و تەنها ئامانجی داگیرکردن و لە ناوبردنی کوردە، گوتی: "ئەم هێرش و داگیرکارییانە دەوڵەتی تورکیا تاوانە دژی مرۆڤی مرۆڤایەتی و هیچ بیانوویەکی نییە، تەنها ئەوەیە نیازی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان و لە ناوبردنی کوردە. ئەم داگیرکارییانە تا ئێستا بەردەوامە و پێویستە هەموومان هەڵوێستی جدیمان هەبێت دژی بوەستینەوە."
'پێویستە هاوڵاتی فشار لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکات'
وتیشی: پێویستە حکومەتی هەرێمی کورستان و عێراق هەڵوێستی جدییان هەبێت بۆ ئەوەی وڵاتان بێنە دەنگ، هاوڵاتیان ڕای خۆیان دەربڕن بە نووسین یاخود خۆپیشاندان. لەم ڕێگەیەوە دەتوانن نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتە زلهێزەکان بێنە دەنگ لە بەرانبەر ئەم داگیرکارییانە، ڕێگری لێ بکەن. ئەرکی هاوڵاتی ئەوەیە فشار لە حکومەتی ئێراق و هەرێمی کوردستان بکات دژی ئەم داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکیا."