دانیشتنی دادگای منداڵە ئەشکەنجەکراوەکان دواخرا

لە وان دانیشتنی دادگایکردنی منداڵە ئەشکەنجە کراوەکان دواخرا.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٩دا لە گەڕەکی حاج بەکر لە ناوچەى رێگای ئاوریشم لە وان ٣ منداڵیان بە ناوەکانی ئۆ.س تەمەن ١٤ ساڵ، ش.ی تەمەن ١٦ ساڵ و ئۆ. د تەمەن ١٧ ساڵ-یان دەستگیرکردبوو و ئەشکەنجەیان کردبوون. منداڵەکان لە دژی پۆلیسە ئەشکەنجەگەرەکان سکاڵایان تۆمار کردووە و بڕیار بوو دووەمین دانیشتن بۆ دادگایکردنی پۆلیسە ئەشکەنجەگەرەکان لە لقی ٦ی دادگای سزا قورسەکانی وان بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا.

لە ماوەی ٢ ساڵدا ٥ جار داواکاری گشتیی دۆزەکە گۆڕدراوە و لێکۆڵینەوەکردن لە دۆسیەکەش داخراوە.

سەرباری ئەوەش داواکاری گشتیی دەوڵەتی تورک داوا دەکات لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٢٦ ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەر ئەو منداڵە ئەشکەجەکراوانەدا بسەپێنرێت.

دەستەى دادگا بۆ ئەوەى کەموکوڕییەکانی دۆسیەکە کامڵ بکرێت و گوێ لە شایەتحاڵەکان بگیردرێت، کە تاوەکو ئێستا لەلایەن پۆلیس و دادگاوە گوێیان لێ نەگیراوە، دانیشتنەکەى دادگایان دواخست. هەروەها بۆ ئەوەى پۆلیسە ئەشکەنجەگەرەکە دەستنیشان بکرێت، بڕیاردرا دادگای ئیداریی ناوچەکە فەرمانی پێویست دەربکات.

بڕیارە دانیشتنى داهاتووی دادگا لە ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا بەڕێوەبچێت.

ژ.ت