دانیشتوانی خانەسۆر: حکومەتی عێراق هاوکار و هاوبەشی هێرشەکانە

دانیشتوانی خانەسۆر کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال نیشاندا و وتیان، دەوڵەتی عێراق لە هێرشەکان بێدەنگە، چونکە بۆ خۆی هاوبەشە لە کۆمەڵکوژییەکاندا.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەری کاتژمێر ١٤:٠٠ی دوێنێ سێشەمە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە ناوچەی خانەسۆری شەنگال.

لە هێرشەکەدا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری شەنگال مەروان بەدەل شەهید بوو و دوو منداڵی بەدەلیش، کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕزگارکران.

خەڵکی خانەسۆر کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هێرشە هەبوو و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی عێراق، هاوکاری دەوڵەتی تورکە و بەرپرسیارە لەو کۆمەڵکوژییە.

خدر حەمەد لە خانەسۆرەوە ڕایگەیاند، ئەگەر هاوکاری و پشتیوانیی دەوڵەتی عیراق نەبێت دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە ئاسانی ئەو  هێرشانە ئەنجام بدات و وتی: "مەروان کاتێک منداڵەکانی دەبرد بۆ خوێندنگە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرشی کرایە سەر. دەوڵەتی تورک هەمیشە هێرش دەکاتە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی. دەوڵەتی تورک لە دژی ئەوەیە، کە ئێمەیە بەرگری بکەین و تێبکۆشین. هێرشەکان بەردەوامیی ڕێککەوتننامەی ٩ی تشرینی یەکەمە، لەبەر ئەوەش حکومەتی عێراقیش بەرپرسیارە لەو هێرشانە".

بۆچی عێراق گوێ بە ئاسایشی ئێمە نادات؟

زینە ئەحمەد خەڵکی خانەسۆر ناڕەزایەتیی لە دژی بێدەنگیی حکومەتی عێراق بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا و وتی: "بۆچی دەوڵەتی تورک ئەوەندە بە ئاسانی گوندەکانمان بۆردومان دەکات؟ حکومەتی عێراق وەک هەمیشە بێدەنگە. لێرەوە بانگەوازم ئەوەیە، مادام دەوڵەتی عێراق ناسنامەی ئەم وڵاتەی خستووەتە گیرفانمانەوە و بەسەرماندا سەپاندویەتی، ئەی بۆچی گوێ بە سەلامەتی و ئاسایشی  خەڵکی ئێرە نادات؟ ئەگەر عێراق ڕێگە نەدات هیچ کەس ناتوانێت هێرش بکاتە سەر ئەم خاکە، بەڵام بێدەنگیی عێراق بووەتە هۆی ئەو هێرشانە".

سەلام حەسەن دوای هێرشەکە رۆیشتبوو بۆ شوێنی ڕووداوەکە و لەبارەی کاتی هێرشەکەوە وتی: "من لە هۆڵی وەرزش بووم. نزیکەی کاتژمیر ٢ بوو، دوای ئەوەی گوێمان لە دەنگەکە بوو رۆیشتینە دەرەوە. بینیمان ئۆتۆمبیلێک ئاگری گرتووە. یەکسەر و خێرا رۆیشتین بۆ یارمەتیدانیان. بارودۆخی مەروان خراپ بوو. ئێمە یەکسەر بردمان بۆ نەخۆشخانە. منداڵەکانیمان لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنا هیچ شتێک بەسەر منداڵەکاندا نەهات، بەڵام مەروان شەهید بوو".

ژ.ت