دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور)، بە توندی هێرشی پەدەکەیان لە ناوچەی سیدەکان بۆسەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئیدانە کرد.
دوای ئەوەی خەڵکی کەمپەکە لە ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان کۆبوونەوە، بە خولەکێک ڕێزگرتن، لە کەسایەتی شەهیدانی مانگی ئەیلولدا، یادی سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستانیان کردەوە. قەدری شریشەیی، بە ناوی خەڵکی کەمپەکەوە لەبارەی هێرشی پەدەکە بۆ سەر گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە سیدەکان، قسەی کرد.
قەدری شریشەیی هێرشی پەدەکە لە ناوچەی سیدەکان بۆ سەر گەریلا شەرمەزار کرد و وتی: ماوەیەکی زۆرە لە ناوچەکانی دەوروبەرمان هێرش ئەنجامدەدران. هەموو جۆرە هێرش و خیانەتێک لە دژی گەلی کورد و بزوتنەوەی ئازادی کوردستان ئەنجام دەدرێن. ماوەی سێ ساڵە ڕێبەرایەتی گۆشەگیر کراوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە دەیانەوێت سەدەیەکی تر هەموو گەلی کوردستان لەناو ببەن، هەموو مافەکانیان لێ زەوت بکەن و ناچار بە کۆچکردن لە خاکەکەمان بکەن.
جەختیشیکردەوە، دوژمنانی کورد، بە هاوکاری خیانەتی ناوخۆ و بە پاڵپشتیی هێزە هەژموونخوازەکان بە هەموو شێوەیەک هێرش ئەنجام دەدەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەگەر سێ ساڵە گۆشەگیری بەسەر ڕێبەرایەتیمان سەپێندراوە، ئەوە بەرجستەترین بەڵگەیە بۆ سەلماندنی. لە هەمان کاتدا لە سێ ساڵی ڕابردوودا شەڕێکی بێ بەزەییانە لە دژی گەریلاکانی ئازادی کوردستان ئەنجام دەدرێت. لەم شەڕەدا پابەندبوون بە هیچ پێوەرێک بوونی نییە و هیچ ویژدان و ئەخلاقێکیش ئەمە قبوڵ ناکات. لە دژی گەریلاکانی ئازادی هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێت. دەیانەوێت بەم شەڕانە بگەنە ئەنجامێک. بەڵام چی دەکەن با بیکەن، ناتوانن بە خواستەکانیان بگەن".
لە کۆتاییدا شریشەیی وتی: "وەک دەزانرێت لەگەڵ هاتنی هاکان فیدان بۆ عێراق و بەغدا، ئەو هێرشە چووەتە قۆناغێکی نوێوە. داوا لە ڕای گشتی و جیهان دەکەین وشیار بن و لە نزیکەوە چاودێری ئەم دۆخە بکەن. ئەم هێرشە تەنها بۆ سەر حزبێک یان پارچەیەک نییە، ئەم هێرشە هێرشێکی سەد ساڵەیە. ئێمەی خەڵکی کەمپەکە ئیدانەی ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکارن لەم خیانەتەدا".
کۆبوونەوەکە بە وتنی دروشمەکانی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و 'نەمان بۆ خیانەت' کۆتایی هات.
ژ.ن