دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگی تەقینەوەی گەورە خەبەریان بوویەوە

لە نیوەشەوی رابردودا لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەنگی تەقینەوەی گەورە بیسترا و هاووڵاتیان بەهۆی تەقینەوەکانەوە خەبەریان بوویەوە، بەڵام تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ لێدوانێکیان لەسەر هۆکاری تەقینەوەکان نەداوە.

نیوە شەوی رابردوو دانیشتوانی شارەکانی کرماشان، سنە، هەمەدان، کامیاران، جوانڕۆ، پاوە، سەلاسی باوەجانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگی تەقینەوەی گەورە خەبەریان بوویەوە.

تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی سەرچاوەی تەقینەوەکە، یان هۆکاری تەقینەوەکە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

سەعید کتابی قائیمقامی ئەسەد لە پارێزگای هەمەدان تەقینەوەی پشتڕاستکردەوەوە و وتی: ڕەنگە دەنگی تەقینەوەکە لەشارێکی ترەوە هاتبێت، یان ڕەنگە بەهۆی بومەلەرزەیەکەوە بێت".

ئاژانسی هەواڵی سابرین، کە نزیکە لە سوپای پاسداران زانیاریی لەسەر تەقینەوەکە بڵاوکردەوە و باسی لە تاقیکردنەوەی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و مەشق و راهێنانی بەرگریی ئاسمانی کرد.

پێشتر ئەو جۆرە تەقینەوە گوماناویانە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران دا روویاندابوو. لەم دواییانە لە ٤ی کانوونی یەکەم تەقینەوەیەکی گەورەی هاوشێوەی لە نزیک وێستگەى ئەتۆمیی نەتەنز روویدا.

هەروەها ڕۆژی ٨ی تەمووز لە پارکی میللەت لە تاران تەقینەوەیەکی تر ڕوویدا.

جگە لەوانەش لەم ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەک تەقینەوەى تر لە ناوەندە سەربازی و هەستیارەکانی رژێمی ئێران لە شارەکانی تاران، قوم، کەرەج، ئیسفەهان روویانداوە. تەقینەوەش چەند وێستگەکانی کارەبا، گازی سروشتی، پترۆکیمیاویی و چەند کەرتێکی پیشەسازیی ئەلەمنیوم روویانداوە.

ژ.ت