سەرەڕای ئەوەی کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧وە حەیدەری عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق ڕایگەیاند كە داعشیان تێك شكاندووە، بەڵام هێشتا شانە نهێنییەكانی داعش لە عیراق بەگشتی و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی هەرێم بەتایبەتی بەردەوامن لە چالاکی، جموجۆڵی داعش لە هێرشی لەناکاو، هەڵکوتانە سەر خەڵک و جوتیاران و وەرگرتنی سەرانە دەگرێتەوە، زیادبوونی هێرشەکانیش هۆکارەکەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان دەگەڕێتەوە، داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان) نزیکەی ٥ هەزار هێرشی ئەنجامداوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لەوکاتەوەی داعش خەلافەتەکەی ڕووخاوە، هێرشەكانی نەوەستاون، هێرشەکانی داعش بە زیاتر لە ٤ هەزار و ٨٠٠ هێرش دادەنرێت، کە بەشێوەیەکی پارتیزانی و زۆربەشیان لە کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدینن.
بەپی وتەی وەزارەتی پێشمەرگە کە ٣ رۆژ لەمەوبەر ئاماری ١١ مانگی هێرشەکانی داعشی ڕاگەیاند: "لەماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا داعش ٢٢٩ هێرشی لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامداوە"
جێگای باسە سێ رۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی نوێترین هێرشی داعش لە ناوچەی چیای حەمیرین کە ئەو گروپە تیرۆرستیانە هێرشێکیان بۆسەر هێزە عیراقییەکان ئەنجامدا و لەو هێرشەدا ٧ سەربازی عێراقی کوژران و برینداربوون، لە لایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو ئاڵایەکی داعش لەسەر چیای سۆرکی سەر بە شاروچەکەی شەقڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر هەڵدرابوو، کە ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی لێکەوتەوە."
لەئیستادا پاراستنی بەرپرسان لە پاراستنی خاک بەگرنگتر دەبینن
سەبارەت بە جدیبوونی مەترسییەکانی داعش و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئەمنی لە پاراستنی ناوچە کوردستانیەکان، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "مەترسییەکانی داعش لەماوەی ڕابردوو درێژەی هەبوو، بەڵام هێرشەکانی داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان) دروست دەکەن، هەروەها ئەم هێرشانە مەترسییەکی گەورەی دیکەی ئاشکرد کە ئەو عەقڵیەتەی ئیستا کاری پاراستنی خاکی باشوری کوردستانە، لەئیستادا پاراستنی بەرپرسان و کەسانی حزبی بەپلە یەک دادەنرێت و پاراستنی خاک و نشتیمان بە پلە دوو دادەنێن، کە دەبینین بۆ پاراستنی بەرپرسانی حزبی ئۆتۆبێلی زرپۆشی ئەمریکی بەکاردەهێنن و بۆ پاراستنی گیانی هێزەکانیان لە سنورەکان ئۆتۆمبێڵی میسری بەکاردەهێنن کە کۆالێتی کەمە بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە، لەهەمان کاتدا جۆری چەک و کەمی پێداویستی سەربازی لە بەرەکاندا هەیە، بەڵام پاسەوانانی کەسانی حزبی باشترین چەک و کەرەستیان بۆ دابین دەکرێت."
ئەم مەترسیانەی سەر کوردستان لە داهاتوودا لەلایەن هێز و لایەنی دیکەوە دەبێت
هەروەها محەمەد نەسرەدین ئاماژەی بەوەکرد: "کورد لەم ناوچەیە بەردەوام لەبەردەم مەترسیدا دەبێت، بۆیە پێویستە بەپلە یەک گرنگی بە پاراستنی خاک و نیشتیمان بدرێت نەک سەرکردەی سیاسی و حزبی، تا ئەم عەقلیەتە بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشە دەبێت کە ئەمرۆ لەلایەن داعشەوەیە ئەم مەترسیانە لەداهاتوودا لەلایەن هێز و لایەنی دیکەوە دەبێت."
عێراق لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە
سەبارەت بە مەترسییەکان لەسەر داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو چاودێرە سیاسیە لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕاگەیاند: "لەئیستادا عێراق بەقۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیداردا تێپەردەبێت، ئایندەی عێراقیش لە مەترسییەکی زۆر گەوەرەدایە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند هۆکارێك وەکو ڕێکنەکەوتنی لایەنە شیعییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران و پەرتاوەزەیی نێو ماڵی کورد و ئەمریکییەکانیش دوا وادەی کشانەوەیان کۆتا رۆژی ئەم مانگەیە، هەموو ئاماژەکان ئەوە دەسەلمێنن کە عێراق لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە کە هەرێمی کوردستانیش بێ بەش نابێت لەو مەترسیانە."
هێزە عێراقییەکان دۆستی کوردنین و دەیانەوێت گوندە کوردییەکان چۆل بکرێن
لەبارەی مەترسی چۆلکرنی گوندەکانی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان(ناوچە جێناکۆکەکان)، محەمەد نەسردەین چاودێری سیاسی وتی: "ناوچە جێناکۆکەکان پشتێنەیەکی گرنگن بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە هێرش و مەترسییەکانی نەیارانی هەرێمی کوردستان، لەئیستاشدا دەبین گوندەکان چۆل دەکرێن، ئەمەش واتای نەمانی پشتێنەی ئەمنییە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، ناتوانرێت پشت بە هێزە عیراقییەکان ببەسترێت بۆ پاراستنی گیانی گوندە کوردنشینەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، چونکە ئەو هێزانە دۆستی کورد نین و لە بەرژەوەندی هێزە عێراقییەکانە کە ئەو گوندە کوردیانە چۆل بکرێن، بەداخەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کەمتەرخەمە لە پاراستنی گوندە کوردییەکان کە لەماوەی ڕابردوودا ئاگاداربووین، کە لە گوندی (لەهیبان) خەڵکی بۆماوەی ٢٤ کاتژمێر بەرگرییان کرد لە دژی داعش بەڵام لە کۆتایدا دوای بەهانەوە نەچونیان لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق خەڵکی بەناچاری گوندەکەیان بەجێ هێشت و داعش چوە ناو گوندەکەوە."
هێرشەکانیان بۆسەر ناوچە جێناکۆکەکان چڕکردۆتەوە
شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنیش سەبارەت بە دروستبوونەوەی گروپە تیرۆرستیەکان و پەرەسەندنیان لەناوچەکە بەتایبەتی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: " هۆکاری دروست بوونی هێز و گروپە تیرۆرستیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناتەبایی و ناکۆکی سیاسی و بوونی کێشمەکێش و ململانیە سیاسیەی لەدۆخی عێراق و سوریادا هەیە ، دوای بەهێز بوونی ئەم هێزانە و لێدانیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە توانرا مەترسی گروپی تیرۆرستی داعش سنوردار بکرێت، لەئیستاشدا دەبینین کە هێرشەکانی ئەم گروپە تیرۆرستانە هێرشەکانیان بۆسەر ناوچە جێناکۆکەکان چڕکردۆتەوە، ئەمەش بۆ ئەو تێنەگەیشتن و بێ هەماهەنگییەی نێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کە بۆتە هۆی دروستبوونی بۆشایەکی ئەمنی لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە."
داعش وەکو کارتێکی فشار بەکاردەهێنرێن
سەبارەت بە بەکارهێنانی گروپی تیرۆرستی داعش وەکو کارتێکی فشار، شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی، دەشلێت، "لەوانەیە داعش وەکو فشارێک دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت بەپێی هەندێک لێکدانەوە ئەم گروپانە شوێن گۆرکێیان پێ دەکرێت و دەجولێندرێن، دیار نیە کە جولاندنی ئەم گروپانە بەو ئاڕاستەیەیە کە بەرژەوەندیان لەگەڵ مانەوەی هیزەکانی ئەمریکایە یان بەرژەوەندیان لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە، هەرێمی کوردستان بەردەوام تۆمەتبارکراوە کە لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا نزیکایەتی زیاترە، کە ئەمەش بەشێکە لە فشار بۆ سەر سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان."
بەرەی تورکمانی دژایەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات
هەروەها لە درێژەی قسەکانی ئەو شارەزایەی بواری ئەمنی، دەربارەی بەکارهێنانی داعش وەکو کارتی فشار وتی: " بەشێكی دیکە لە هۆکارێکی دیکە بۆ بەکارهێنانی داعش و چڕکردنەوەی هێرشەکانیان لەناوچە جێناکۆکەکان دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە بڕیاری دروستکردنی چەند لیوایەکی سەربازی هاوبەش دراوە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەکان، ئەم فشارەش دەکرێت بەدوو ئاراستە بکرێن، یەکەمیان کە هەوڵ دەدەن ئەم ڕێکەوتنە سەرنەگرێ، کە لەماوەی ڕابردووش بینینمان کە بەرەی تورکمانی بەیاننامەی دەرکرد و داوا دەکەن کە چۆن هێزە عێراقییەکان بەناوی سەپاندنی یاسا هاتن ناوچە جێناکۆکەکانیان داگیرکرد، دەسەڵاتی خۆیان تیدا سەپاند، ئیستاش داوا دەکەن کە هێزە عێراقییەکان جێگرەوەی لیوا هاوبەشەکان بن، تەواوی ئەوانەی کە ڕوو دەدەن گرێدراوی ململانیە سیاسیەکانی دۆخی عێراقەوە هەیە."
داعش بەشێکە لەپلانگێریەکان
سەبارەت بە بەشداریکردنی داعش لە پلانگێریەک بۆ بەدەستهێنانی مەرامێکی دیاری کراوی لایەنێک، شێرزاد سەمەد ئەوەی خستەڕوو، " بە بڕوای من هێرشەکانی داعش بەشێکە لەپلانگێرییەک بە پشتیوانی هێزی هەرێمی و ناوخۆی ئەنجام دەدرێت، بەداخەوە کورد لەنێو خۆیدا ناتەبایە و لە دوو زۆنی(ناوچەی) جیاواز کار لەسەر چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکات، ئەم دوو زۆنەش(ناوچەیەش) دابەش بوونە بەسەر دوو سیاسەتی جیاوازی ولاتانی تورکیا و ئێران."
کۆی کێشەکان پەیوەندی بە ململانیەی ناوچە جیناکۆکەکانە
لەکۆتایدا سەبارت بە هۆکاری کەمکردنەوەی بایەخی مەترسییەکانی داعش و شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی پەلامارەکانی داعش بۆ ڕایگشتی لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە، شێرزاد سەمەد شارەزای بواری ئەمنی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "لەکاتی بوونی دوو هێزی جیاواز لەناوچە جێناکۆکەکان و هەوڵدانی زیادبوونی دەسەڵاتیان کە ئەویش هەردوو هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکانن، لەکاتی کەموکوڕی هەردوولا یەکتری تاوانبار دەکەن، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم دانیشتوانی ئەو ناوچەیەن و هێزە عێراقییەکان ئەجیندایەکی عێراقییان هەیە وە بیر لەوە دەکەنەوە کە لە (زاخۆ) تا پاریزگای (فاو) و هیچ کاتێک ئەم بڕوایەیان نەشاردۆتەوە و لەهەموو لێدوانێکدا لایەنە سیاسیەکان باسی یەکپارچەیی خاکی عیراق دەکەن. ئاڕاستەی هێزە عێراقییەکان ڕوونە، کوردیش ئاراستەیەکی دیکەی هەیە کە کێشەی خاک و ناوچەی جێناکۆکە و حەمرین سنوری ئێمەیە و کۆی کێشەکان پەیوەندی بە ململانێی ناوچە جیناکۆکەکانەوە هەیە."
ف.ق