داوادەکرێت چوارڕێیانێکی سەیدسادق بە ناوی شەهیدان گوڵستان و هێرۆوە ناوبنرێت

داوادەکرێت چوارڕێیانی شوێنی شەهیدبوونی دوو ژنە رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بە ناوی ئەو دوو رۆژنامەنووسەوە ناوبنرێت.

بەشێک لە چالاکوانان و رۆژنامەنووسانی شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، بە نووسراوێک داواکاریی گۆڕینی ناوی چوارڕێیانێکی شارۆچکەکەیان ئاراستەی قائیمقامییەت کرد.

لە نووسراوەکەدا داواکراوە، چوارڕیانی (تەپەڕەش-هەیاس، سەیدسادق-سلێمانی) بکرێت بە ناوی هەردوو شەهیدی ڕۆژنامەنووسی ژن “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین” کە بە هۆی بۆردوومانی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدبوون.

ڕۆژی ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی کرد، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژن بە ناوەکانی “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهید و ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش بەناوی “ڕێبین بەکر” برینداربوو.

ئەم کردەوەیەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئیدانەی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد کرا و بە تاوانی جەنگ لە قەڵەمدرا.