دایە شەنیاشار بە بڕیارە: من ژیانێکی لەمجۆرە قبوڵ ناکەم

چالاکیی دانیشتنی بنەماڵەى شەنیاشار لە بەردەم دادگای رحا لە ١٤هەمین رۆژدایە. دایە ئەمینە شەنیاشار وتی، "تاوەکو بکوژەکان دەستگیر نەکرێن، ئەگەر من بیشمرم، لێرە ناڕۆم. من ژیانی لەمجۆرە قبوڵ ناکەن".

ئەمینە شەنیاشار لە هێرشی پاسەوانەکان و خزمانی ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە دا، هاوژینەکەى حاجی ئەسوەد شەنیاشار و دوو کوڕی بە ناوەکانی جەلال و عادل کوژران. دایە ئەمینە لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕێدا، کە ئەویش لە هێرشەکەدا بریندار بوو بوو، ماوەى ١٤ رۆژە لە بەردەم دادگای رحا دەستیان بە چالاکیی دانیشتن بۆ "دادپەروەری" کردووە و بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.

بنەماڵەی شەنیاشار سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوونە بەردەم بینای دادگا و بە بەرزکردنەوەى داوای "دادپەروەری" دەستیان بە چالاکیی دانیشتن کرد.

دایە شەنیاشار جارێکیتر پرسیاری "دادپەروەری لە کوێیە؟" کرد و وتی، "من دەمەوێت ئەو کەسانە دەستگیربکرێن، کە منداڵەکانی منیان کوشتوە. تاوەکو تاوانباران و بکوژانی منداڵەکانم دەستگیرنەکرێن، ئەگەر بیشمرم لێرە ناڕۆم. ئەگەر دەتانەوێت من بگرن، بەڵام من هەرگیز ژیانێکی لەمجۆرە قبوڵ ناکەم".

لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٨دا ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە و خزمەکانی و پاسەوانەکانی هێرشیان کردە سەر کەسایەتی و کەسی ناسراوی ناوچەى پرسوس بە ناوی حاجی ئەسوەد شەنیاشار و کوڕەکانی و لەو هێرشەدا حاجی ئەسوەد و دوو کوڕی بە ناوەکانی جەلال و عادل کوژران.

ژ.ت