دایە ئەمینە شەنیاشار و کوڕەکەى بە زۆر دەستگیرکران

دایە ئەمینە شەنیاشار و فەریدی کوڕی ماوەی ٧٣ رۆژە لە چالاکیی ئێشکگریدان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتی تورک بە توندوتیژی و زۆر دەستگیرکران.

دایە ئەمنیە شەنیاشار و فەرید شەنیاشاری کوڕی ماوەى ٧٣ رۆژە لە بەردەم بینای دادگای روحا لە چالاکیی ئێشکگریدان بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە توندوتیژی و زۆرداری دەستگیرکران.

دایە ئەمنیە شەنیاشار لە چالاکییەکەدا وتی، "ئەوانەى بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە بێدەنگبوون، هەڵبەت رۆژێک دێت کە باجەکەى دەدەن. پۆلیس ئێمە لە بیناکە دەکاتە دەرەوە. هەموو تۆمارەکانمان بە هاوکاریکردنی یەکتر دەشارنەوە. منداڵەکانم بە ئەنقەست کوژران. لە کوێ روویداوە، کە لە نەخۆشخاندا کەس بکوژرێت. با کەس نەبێتە هاوکاری ئەو کۆمەڵکوژییە. ئێمە دەمانەوێت داد بەدی بێت".

فەرید شەنیاشار، کۆمەڵکوژکردنی بنەماڵەکەی لەلایەن ئیبراهیم خەلیل یڵدز پەرلەمانتاری ئاکەپە و خزمەکانی بەبیرهێنایەوە و وتی، کۆمەڵکوژکەرەکان دیارن و باسی دیمەنی کامێراکانی نەخۆشخانەکەى کرد و وتی، "داواکاری گشتیی کۆماری رحا ئێستا بە سەرپۆشکردنی دۆسییەکە خەریکی ئەنجامدانی تاوانە. تاوەکو دادپەروەری بەدی نەیەت ئێمە لێرە ناڕۆین. ئێمە هەموو شتێکمان داوەتە بەرچاوی خۆمان. تاوەکو دادپەرەوەری بەدی نەبێت، ئێمە لێرە دەبین".

دوای لێدوانەکان، دایە ئەمینە شەنیاشار و فەریدی کوڕی بە زۆر و توندوتیژانە لەلایەن پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورکەوە دەستگیرکران.

بنەماڵەى شەنیاشار لە ئەژماری تایبەیت خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەوبارەیەوە نووسیویانە، "کاتێک ئێشکگرییەکەمان بەردەوامیی هەبوو، دایکم و خۆمیان بەشێوەیەکی نایاسایی و دژ بە مافەکان دەستگیرکرد. بە زۆر ئێمەیان لە بەردەم دادگا کردە ناو ئۆتۆمبێلی ئیکیب (ئۆتۆمبێلی تیمەکانی پۆلیس) و دەیانەوێت بەو شێوەیە رامانبگرن. ئێمە نەک زوڵم، بەڵکو دادمان دەوێت. دادێک کە بە شایانی ئێمەى دەزانن ئەوەیە؟".

ژ.ت