دایکانی شەنگال: هیچ کەسێک ناتوانێت چرا-مان بکوژێنێتەوە

دایکانی شەنگال هەڵوێستیان بەرامبەر هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەباتکارانی چاپەمەنی شەنگال دەربڕی و وتیان: "هیچ کەسێک ناتوانێت چرا-مان بکوژێنێتەوە."

پەیوەست بە هێرشەکەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خەباتکارانی چاپەمەنی شەنگال کە بووە هۆکاری برینداربوونی شەش کەس، لەوانەش پەیامنێرانی چرا تیڤی و چرا ئێف ئێمی تێدابوون. تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی (تاژێ) بە بەشداربوونی کۆمەڵێک لە دایکانی شەنگال لە ناوچەی دوگرێ ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیان خوێندەوە.

لەسەر ناوی تاژێ، ئەندامی تاژێی ئەنجومەنی سەردەشت، دایکە کنێ خدر قسەیکرد. لەسەرەتای خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشەکەی شەرمەزارکرد و وتی: "ڕاگەیاندنکارانی چرا تیڤی کران بە ئامانج. بۆیە دەیڵێینەوە تەنانەت هەموو دوژمنانیش یەکگرن ناتوانن چرای ئێمە بکوژێننەوە، چرا تیڤی هەر پرشنگدار دەبێت."

لە بەردەوامی خوێندنەوەی  ڕاگەیاندراوەکەدا دایکە کنێ ئاماژەی بەوەدا ئامانجی ئەم هێرشانە ئاستەنگکردنی گەڕانەوەی شەنگالییەکانە بۆ سەر خاکی خۆیان و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بە هەرشێوەیەک هێرش ئەنجام بدەن، شەنگالییەکان هەر دەگەڕێنەوە بۆ خاکی شەنگال. گەر بە تەنهاش بمێننەوە، ئەوا هەر لە بەرخۆداندا دەبین."

لە کۆتاییدا دایکە کنێ هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست و وتی: "ئیرادەمان بەهێزە و لە دژییان دەوستینەوە. چونکە ئیرادەی ئێمە یەبەشە، یەژەشە، ئاسایشی ئێزیدخان و بەرخۆدانی ژنانی ئێزیدییە. نزیکدەبینەوە لە ساڵوەگەڕی ڕۆژی ڕەشی فەرمانەکە، بەڵام دوژمن تەنانەت لە یادکردنەوەی فەرمانەکەش دەترسێ. هەرکەسێک دەستی لەم خیانەتەدا هەبێت دادگای و لێپرسنەوەی لێدەکرێت، بۆ ئەوەی لێمان بترسن."

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی شەنگال" کۆتایهات.