دایکی یەکێک لە گیانبەختکردووانی سەردانی ژن، ژیان، ئازادی دەستگیرکرا

مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەد لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکرا و گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سەروبەندی دووەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی  و لە درێژەی دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مینا سوڵتانی و بێ خستنەڕووی فەرمانی دادگا دەستبەسەریان کردووە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا دایە مینا سوڵتانی چەندین جار بە هۆی چالاکیەکانیەوە لە لایەن ناوەندی ئەمنییەکانەوە هەڕەشەی لێکرابوو.

شەهریار محەمەدی ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکان لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئەمنییەکان برینداربوو و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووەم ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تەنیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ١٨ چالاکوان و هاووڵاتی کورد لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەڕە، مەریوان، سەوڵاوا و بۆکان کە بەشێکیان ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

لە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز، ژینا ئەمینی لە تاران لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە بیانووی پابەندنەبوونی تەواوەتی بە حیجابی زۆرەملێ دەستگیر و بەهۆی ئەشکەنجەوە کەوتە دۆخی کۆماوە، سێ رۆژ دواتر و لە ١٦ی ئەو مانگەدا لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، ئەمەش کاردانەوەی بەرینی لەسەر ئاستی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لێکەوەتەوە، بووە سەرەتای سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی.