"دەبێت دەست لە سەپاندنی قەیوم و گۆشەگیری هەڵبگرن"
پەرلەمانتاری بازنەی ئێلیحی دەم پارتی محەمەد روشتو تریاکی بەبیری هێنایەوە کە باخچەلی وتەکانی پێشووی دووبارەکردووەتەوە و وتی: ئەگەر باس لە ئاستی بکرێت، دەبێت دەست لە سیاسەتی گۆشەگیری و قەیوم هەڵبگرن.
پەرلەمانتاری بازنەی ئێلیحی دەم پارتی محەمەد روشتو تریاکی بەبیری هێنایەوە کە باخچەلی وتەکانی پێشووی دووبارەکردووەتەوە و وتی: ئەگەر باس لە ئاستی بکرێت، دەبێت دەست لە سیاسەتی گۆشەگیری و قەیوم هەڵبگرن.
دوای ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ، شارەوانییەکانی مێردین، ئێلیح و خەلفەتیش قەیومیان بۆ دانرا و دەستیان بەسەردا گیرا. دوای ئەو رووداوانە دەم پارتی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان لە مێردین ئەنجامدا. سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی دوای دانانی قەیوم لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا قسەی کرد و سەرلەنوێ بانگەوازەکەی پێشووی دووپات کردەوە و جارێکی تر وتی، کە دەبێت رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بچێتە پەرلەمان.
باخچەلی وتی، "من لەسەر قسەی خۆمم". بە گوێرەی هەندێک کاربەدەستی ئاکەپیی و رۆژنامەوانی نزیک لە ئاکەپە عەبدولقادر سەلڤی، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان و دانانی قەیوم بەردەوام دەبێت. یاریدەدەری هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی لە دەستەی بەڕێووەبەرییە خۆجێییەکان و پەرلەمانتاری بازنەی ئێلیحی پارتەکە محەمەد روشتو تریاکی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و بابەتە گەرمەکانی هەڵسەنگاند.
'ئێمە هەر لێدوانێکمان لە بارەی ئاشتییەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگاند'
محەمەد روشتو تریاکی سەرتا لەبارەی لێدوانەکانی پەیوەست بە 'چارەسەری' قسەی کرد کە لەم ماوانەی دواییدا خرانەڕوو و لەوبارەوە وتی، "دەمەوێت هەمووان ئەوە بزانن کێ لەم وڵاتەدا باس لە ئاشتی بکات لە لایەن ئێمەوە وەڵامێکی ئەرێنی وەردەگرێتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە، هەموو ئەو پارتانەشی کە درێژە بە میراتی ئەوان دەدەین، داوامان ئەوە بووە کە بە تایبەتی پرسی کورد، سەرجەم پرسە بنچینەییەکانی ئەم وڵاتە بە رێبازی دیموکراتیک و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن. بەردەوام داکۆکیمان لە چارەسەری لە رێگەی دیالۆگ کردووەتەوە. بەردەوام و بە درێژایی ساڵانی رابردوو تائێستا داکۆکیمان لەوەکردووە. کەس ناتوانێت بڵێت کە ئێمە لە دژی ئاشتی سیاسەت دەکەین. کەس ناتوانێت بڵێت ئەو سیاسەتەی ئێمە پەیڕەوی دەکەین ئاستەنگە لەبەردەم ئاشتیدا.
دوای ئەوەی وتمان بە شێوەی ئەرێنێ پێشوازی لە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی دەکەین و بە واتاداری دەبینین، ئەو قسانە درێژەیان پێنەدرا. لەپێناو چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیدا دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی نەنا. جگە لە دیدارەکەی عومەر ئۆجالان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان هیچ هەنگاوێکی دیکەی نەناوە. هەر خۆی پەرلەمانتارمان عەمەر ئۆجالان کە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دیداری ئەنجامدابوو، بەڕێز ئۆجالان لە دیدارەکەدا باسی لەوەکردبوو گۆشەگیری بەردەوامە. جەختیشی کردبووەوە کە ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات لەم چوارچێوەدا بیاننێت یەکلاکەرەوە دەبێت".
'ئەگەر دەیانەوێت هیواببەخشن، دەبێت دەست لەم سیاسەتانەیان هەڵبگرن"
محەمەد روشتو تریاکی باسی لەوەکرد، لەبری ئەوەی مزگێنی و هیوای ئاشتی بە کۆمەڵگە بدرێت، سیاسەتی قەیومیان درێژە پێدا و رایگەیاند، "بەداخەوە دەسەڵات لەبری ئەوەی کە هەنگاوێک بۆ گەشترکردنی هیوای ئاشتی لە ناو کۆمەڵگە هەڵبگرێت، سەرەتا لە ئەسەنیورت و دواتریش لە گەورەشاری مێردین، ئێلیح و خەلفەتی قەیومی دانا. ئەوەی دەسەڵات دەیکات خزمەت بە ئاشتی کۆمەڵایەتی ناکات. ئەم کردەوانە خزمەت بە هیوای ئاشتی لەم وڵاتە ناکەن. لە لایەکەوە بڵێن 'با ئۆجالان لە کۆبوونەوەی دەم پارتیدا لە پەرلەمان قسە بکات' لەلایەکی دیکەوە ئێوە قەیوم بەسەر ئیرادەی گەلی کورددا دەسەپێنن. ئەوە دەریدەخات کە دەسەڵات راستگۆ نییە.
ئەگەر دەخوازرێت لە بابەتی ئاشتیدا هیوایەک بخوڵقێندرێت، تاکە شتێک کە دەبێت بیکەن ئەوەیە دەست لە سەپاندنی قەیوم هەڵبگرن، هەندێک هەنگاو بە ئاراستەی هەڵگرتنی گۆشەگیری بنێن و ئەمەش لەپێناو چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد هەلومەرجی ئاگربەست دەخوڵقێنێت. تەنیا بەم جۆرە گەل بڕوا بەوە دەکات کە دەسەڵاتی سیاسی راستگۆیە. دوای سەپاندنی قەیوم بینیمان کە دەسەڵات لایەنگری ئاشتی نییە، بەڵام لایەنگری شەڕە. لە کوردستان بەرخودان بەردەوامە. دوو رۆژە لە ئێلیحین. بە هەزاران کەس دوێنێ لە گۆڕەپانەکان وتیان 'نا بۆ قەیوم' و خۆڕاگرییان کرد. ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخودان".