دۆخی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەروبەندی شۆڕشی 'ژن، ژیان ئازادی'یدا

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١٦ی ئەیلول، ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتەوە، کە بووە چەخماخەی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" بە پێشەنگایەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کەشێکی توندی سەربازی بەسەر شارەکانی ڕۆژهەڵاتدا سەپێندراوە.

هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کورستان لە توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا بە هەستیارییەکی تایبەتەوە خۆیان بۆ ڕۆژانی داهاتوو ئامادە دەکەن.

لەگەڵ بانگەوازی هاوبەشی ژمارەیەک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانەش پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بۆ مانگرتنی گشتی لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەدا، هاوڵاتیان و بەتایبەتی کاسبکاران و دووکانداران خۆیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری لەو ڕۆژەدا ئامادە دەکەن.

کاسبکاران لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاندووە، "هێزەکانی سەر بە دەوڵەت هەڕەشەیان لە ژمارەیەک کاسبکار، پاسەوانی مۆڵەکان، سەرۆکی سەندیکاکان و چالاکوانانی بواری ئابووری و بازرگانی کردووە، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک مانگرتنی گشتی ئەنجام بدرێت. بەڵام کاسبکاران و دوکانداران بێ گوێدانە ئەو هەڕەشانە، بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆیان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری و بەرفراوان ئامادە دەکەن.

هەروەها لە چەند بانگەوازێکدا داوا لە خەڵک کراوە، کە رۆژی شەممە کە لە ئێران پشووی فەرمی و لە حاڵەتی ئاساییدا خەڵک لەو رۆژانەدا دەچنە گەشت و سەیران، ئەمجارە لەماڵ نەچنە دەرەوە و بە شێوەی بەکۆمەڵ سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بکەن.

لە لایەکی دیکەوە بنەماڵەی گیابەختکردووانی ڕاپەڕینەکە، سەرباری ئەوەی ماوەی چەند هەفتەیەکە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژێمەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێدەکرێت و ژمارەیەکی زۆریشیان دەستبەسەر کراون، ئامادەکاریان کردووە بۆ ئەوەی گڵکۆی شەهیدانی سەرهەڵدانەکە بەسەر بکەنەوە و یادیان بەرز ڕاگرن و ئەو بەڵێنەوی پێیان داون دووپاتی بکەنەوە.

لەبەرامبەردا هێزەکانی دەوڵەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی و سەڕکوتکردنی ئازادیخوازان هەروەها ڕێگریکردن له دەستپێکردنەوەی ڕاپەڕینەکە و ڕژانی هاوڵاتیان بۆسەر شەقامەکان، هەموو توانا و دەرفەتەکانیان خستووەتەگەڕ.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەدەستکەوتوون، لە ڕۆژانی ڕابردوودا کەشێکی توندی ئەمنی بەسەر ئەو شارانەدا سەپێندراوە و دەوڵەت بە ناردنی هێزێکی زۆر بۆ ئەو شارانە دۆخێکی وەک حکومەتی سەربازی خوڵقاندووە.

بە وتەی هاوڵاتیان، لە سەرجەم گۆڕەپان و شەقامەکان و لە دەرگای چوونەژوورەوەی هەموو مۆڵ و بازاڕەکان، ژمارەیەکی زۆر لە هێزی پاسەوانی تایبەت و سەربازی جێگیر کراون و هاتوچۆی هاوڵاتیان کۆنترۆڵ دەکەن.

بە وتەی شایەتحاڵان، ئەو هێزانە سەرباری ئەوەی هەموو جۆرە چەکێکیان پێیە، بەڵام لە ڕادەبەدەر لە خەڵک دەترسن و هیچ هێز و ئیرادەیەکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی ناڕازی نییە.

دوابەدوای سەرکوتی توندی خۆپیشاندەران لە یەک ساڵی ڕابردوو و بەرخۆدانی بێ هاوتای گەل، ژمارەی هێزە سەرکوتکارەکان کەمیکرد و هەڵوەرین، سەرەڕای هەڕەشەی دەرکردن لە کار، دوورخستنەوە و تەنانەت سزادانیان، ژمارەیەکی زۆر لەو هێزانە ئامادە نەبوون درێژە بە کارەکانیان بدەن و سەرکوتی خەڵک بکەن.

لە ڕۆژانی داهاتووشدا، بەهۆی ترس و دوودڵی، نەبوونی ئیرادە و بێ هیوایی هێزە سەرکوتکارەکان، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆریان بە تایبەتی هێزەکانی ناسراو بە "جاش" یان بەکرێگیراوە خۆجێییەکان، هەڵوەرن و دابڕان لە ریزەکانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێتەئاراوە.

ژ.ن