دۆخی تەندروستی موتەلیب ئەحمەدیان زیندانی سیاسی تادێت دژوارتر دەبێت

زیندانی سیاسی کورد موتەلیب ئەحمەدیان کە بە هۆی ئەشکەنجەدانی کاتی دەستبەسەرییەوە تووشی چەندین نەخۆشی و کێشەی تەندروستی قورس بووەتەوە، لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێ بەش کراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان موتەلیب ئەحمەدیان کە چەندین نەخۆشی هەناوی، بڕبڕەی پش و هەوکردنی میزەڕۆی هەیە، بە هۆی چارەسەرە لەیزڕیەکانی نەخۆشییەکانی پێشووی تووشی شێرپەنجەی ١٢ گرێی گەدە بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە خزمەتگوزاری پزیشکی و ناردنی بۆ دەرەوەی زیندان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری بێ بەشکراوە.

بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجە و خوێنبەربوونەوە کشی ئەو زیندانیە سیاسیە بۆ نزیکەی ٣٥ کیلۆگرام دابەزیوە و لە دۆخێکی تەندروستی دژواردایە و بەهۆی گرێی گەدەشی توانای بەکارهێنانی دەرمانی ئانتی بایۆتیکی بۆ چارەسەری نەخۆشی هەوکردنی میزەڕۆی نییە.

هەربەگوێرەی ئەو هەواڵە، پاڕێزەری ئەحمەدیان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی سەختی تەندروستی موەکیلەکەی داوای راگرتنی جێبەجێکردنی سزاکەی کردووە، بەڵام داواکاری گشتی تاران تەنیا بە مەرجی راوێژسێ پزیشک و لیژنەی پزیشکی رازی دەبێت بەو داواکارییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی ئیتلاعات لەپێناو رێگری لەو هەنگاوە بەشێک لە بەڵگەنامە پزیشکیەکانی ئەو زیندانییە سیاسیە لە دۆسیەکەیدا سڕیوەتەوە.

بەرپرسانی زیندانی ئێڤین بە موتەلیب ئەحمەدیانیان وتووە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەینێرنە دەرەوەی زیندان بۆ ئەوەی رای سێ پسپۆڕی بوارەکانی مێشک و دەمار، گورچیلە و میزەڕۆ و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس وەربگرێت و دواتر لیژنەکە وەڵامەکەیان بۆ داواکاری گشتیی تاران رەوانە بکەن.

هەروەها بەرپرسانی زیندان بەو زیندانیە سیاسیەیان وتووە کە لە ئەگەر وەرگرتنی مۆڵەتی پزیشکی سەرجەم تێچووی نەشتەرگەرییە و چارەسەریە پزیشکیەکەی لە ئەستۆی خۆی دەبێت و دوای نەشتەرگەری دەبێت دەستبەجێ بگەڕێتەوە بۆ زیندان و ماوەی چاکبوونەوەی لە زیندان تێپەڕێنێت، ئەمەش لە کاتێکدا ماوەی چاکبوونەوەی ئەو نەشتەرگەریە قورسانە شەش مانگە و تێپەڕکردنی ئەو ماوەیەش لە دۆخی زیندان کە کەمترین خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی تێدایە و قەرەباڵغە، ژیانی ئەو زیندانیە سیاسیە دەخاتە مەترسیەوە.

موتەلیب ئەحمەدیان ساڵی رابردووش دوای نەشتەرگەرییەک راستەوخۆ گەڕێندرابووەوە بۆ زیندان.

ئەو زیندانیە سیاسیە لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە نامەیەکدا ئاماژەی بەو نەخۆشیانە کردبوو کە بە هۆی ئەشکەنجە تووشیان بووە و ئاشکرای کردبوو کە بە پێچەوانەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی زیندانەکان کە دەبێت تێچووی نەشتەرگەری و دەرمان لە ئەستۆی زیندانە، بەڵام خۆی ئەو تێچووانەی لە ئەستۆ گرتووە و بە هۆی ئەوەی چیتر توانای دابینکردنی تێچووەکانی نەماوە، پاشگەز بووەتەوە لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

موتەلیب ئەحمەدیان تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی بانەیە و لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٠ دەستگیر و دوای هەشت مانگ راگرتنی لە ناوەندە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە لە ناو ژووری تاکەکەسی و لە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییدا بە تۆمەتی "شەڕ لە دژی خودا" لە رێگەی ئەندامبوونی لە یەکێک لە حزبە کوردستانیە بەرهەڵستکارەکان سزای ٣٠ ساڵ زیندان و دوور خستنەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەدا بە تۆمەتی "بەزاندنی نایاسایی سنوور" سزای یەک ملیۆن ریال پێبژاردنی دارایی و یەک ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "بەشداری لە تاوانی کوشتن"یش سزای ٩ ساڵ زیندان و پێدانی نیوەی دیە و ٢٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی بەسەردا سەپێندرابوو.  

ئەو زیندانیە سیاسیە کوردە تائێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، رەجاییشار و ئێڤین زیندانی کراوە.

هـ . ب