بە دیمەن

"دۆخی ئیداری و ئەمنی کەرکوک بەرەو ناسەقامگیری هەنگاو دەنێت"

چالاکوان و رۆشنبیرانی کەرکوک، هۆشداری دەدەن لە ڕێک نەکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجیێ و دەڵێن "بەردەوامبوونی ئەم دۆخە خزمەت بە نەیارانی کەرکوک دەکات".

ئەمڕۆ دووشەممە لە باخچەی قەڵای کەرکوک، ژمارەیەک لە مامۆستا و چالاکوان و سیاسەتمەدار لەنێوانیشیاندا نوێنەری ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا داوا کرا کورد یەکگرتوو بێت و حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەو قەیرانە سیاسی و یاساییە دەربهێنن کە تێی کەوتووە، هەروەها ڕەخنەیان لە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک گرت کە بەرژەوەندی حزبی لەسەروو بەرژەوەندی خەڵکی دادەنێن و ڕێکناکەون بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی شارەکە.

"لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بەرژەوەندی خەڵکی ڕەچاو بکەن"

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، محەمەد جەلیل چالاکوان و مامۆستا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: "خەڵکی شاری کەرکوک بە دڵێکی پڕ لە هیواوە بە ئومێدی گۆڕانکاری بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کرد سەرەڕای نیگەرانی لە پەرتەوازەیی و لێکترازانی کورد بە گشتی و ناکۆکییە سیاسییەکان و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەبوونی یەک لیستی، بەڵام بە داخەوە لەو کاتەوە کە نزیکەی حەوت مانگ ونیو تێپەڕیوە تائێستا نەتوانراوە بەیەک گوتاری هاوبەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە براوەکانی دیکەی پێکهاتەکان بکەن و ڕێز لە دەنگەکانی خەڵک بگرن و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەرکوک ڕەچاو بکەن".

"دۆخی ئیداری و ئەمنی شارەکە بەرەو ناسەقامگیری هەنگاو دەنێن"

هەروەها محەمەد جەلیل وتیشی: "بەهۆی سەرکێشی کوتلە کوردییەکانەوە نەتوانراوە بەرهەمی خەباتی دیموکراسیانەی دەنگی خەڵکی بچننەوە و پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دابنێن و داهاتووی کەرکووکیان بەرەو تونێلێکی تاریک و نادیار برد، بەو هۆیانەوە دۆخی ئیداری و ئەمنی شارەکە بەرەو ناسەقامگیری هەنگاو دەنێت تا ئەو ئاستەی تەقە لە بارەگا و ماڵی بەرپرسانی کورد دەکرێت، پێویستە بڵێین بە درێژایی مێژووی کورد لەم شارە چەوسێنراوەتەوە ناکرێ ئێستا کورد خۆی بەشدار بێ لە چەوساندنەوە و بێ بەشکردنی کورد ئێمە لە کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی، نووسەران و ڕۆشنبیرانی شاری کەرکوک لە سۆنگەی دڵسۆزی و خەمخۆریمان داوا دەکەین هەرچی زووە بە پەلە و بێ دواکەوتن ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنرێت و دروشم و وتافەکانی قودسی و دڵی کوردستان بکەنە کردار و واز لە یەکتر شکاندن و تەشیر و نازڕاندن بهێنرێت و لە پێناو خەڵکی بەشمەینیەتی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان".

"بەردەوام بوونی ئەم دۆخە لە خزمەت نایارانی خەڵکی کەرکوکە"

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا محەمەد جەلیل بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ووتی: "بەرپرسیاریەتی گەورەی ئەم دۆخەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن (یەکێتی و پارتی) دەبێ درک بەو ڕاستییە بکەن خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و هەوڵی چارەسەری بدەن، چونکە ماوەیەکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت چۆن و بە چ ڕوویەکەوە داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەن دەنگتان پێ بدات دەبێ هەمووان لەوە تێبگەین خەڵک زۆر نیگەرانە پێویستە چیترو لەوە زیاتر ئەم دۆخە درێژەی پێ نەدرێت چونکە بەردەوام بوونی ئەم دۆخە لە خزمەت نایارانی خەڵکی کەرکوکە و دژی ئاشتی و پێکەوەژیانی برایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی کەرکوکە، لە کۆتاییدا داوا دەکەین کارین لەوە زیاتر خەڵک بێ هیوا و بێ متمانە مەکەن چونکە مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات".

لەلای خۆیەوە، نەوزاد بەکر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، کە بەشداری لە گردبوونەوەکە کردبوو، سەبارەت بە دۆخی کەرکوک و نیگەرانییەکانی خەڵکی، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "ئەمڕۆ ئێمە وەکو ئەنجوومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بەشداریمان کرد لەم گردبوونەوە ناڕەزایەتییە، بەداخەوە دۆخی سیاسی کوردستان کەوتۆتە نێو قەیرانێکی سیاسی و یاساییەوە ئەمەش هۆکارەکەی بەرژەوەندی حزبییە، کە لایەنەکان بەهۆی دەستکەوتی حزبی دووربوونە لە پرانسیبی یەکێتی نەتەوەیی و ئاسایشی نشتیمانی کوردبووە، ناڕەزایەتی ئێمە لەو چوارچێوەیە کە لایەنە سیاسییەکانی نەیانتوانیوە هەندێکی بەژەوەندی حزبی وەلاوەبنێن لەپێناو بوونی گوتارێکی نەتەوەیی هاوبەش، ئێمەش وەکو تەڤگەری ئازادی پێمان باشە سەرجەم حزبە کوردستانییەکانی شارەکە یەکگرتوو و یەک گوتاربن لەپێناو خزمەتکردنی بەژەوەندی هاووڵاتیانی شارەکە".