دەمیر: دەبێت پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بەوپەڕی ھێزەوە شەرمەزار بکرێت

پارێزەر جەمال دەمیر ڕایگەیاند، "دەبێت کورد و دۆستەکانی لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمدا، زۆر زیاتر ناڕەزایی نیشان بدەن و بەوپەڕی ھێزەوە شەرمەزاری بکەن. جەختیشیکردەوە، کێشەی کورد تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەر دەکرێت.

نزیکەی ٢٥ ساڵ بەسەر ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە تێدەپەڕێت کە هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ دژی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەستیان پێکرد. لەوبارەیەوە پارێزەر جەمال دەمیر ڕایگەیاند، دەبێت کورد و دۆستەکانی لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕیی ٩ی تشرینی یەکەمدا بە ئەنجامدانی چالاکییە ناڕەزایەتیەکان بەوپەڕی ھێزەوە ئیدانەی بکەن و چارەسەری کێشەی کوردیش تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دێت.

'٩ی تشرینی یەکەم سەرەتای لە دایکبوونی پیلانگێڕی چەپەڵی نێونەتەوەییە'

دەمیر بەبیری هێنایەوە کە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨، سەرەتای لەدایکبوونی رێککەوتنی پیلانگێڕی چەپەڵی نێونەتەوەییە لە دژی کورد و وتی: لەو کاتە بەدراوە هێزە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان ھاوکاریان کرد و لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالان، جارێکی دیکە ویستیان کورد لەسەر شانۆی مێژوو بسڕنەوە.

پارێزەر دەمیر باسی لەوەشکرد، "ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ڕێگەی پیلانگێڕییەوە ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا و ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێککەوتنە کە پشتیوانی سەربازیی لە ناتۆ وەرگرت، بەدڵنیاییەوە قووڵکردنەوەی شەڕ بوو، بەو شێوەیەش بە گێڕانی پیلانگێڕییەکە وەڵامی هەوڵەکانی بەرێز عەبدوڵا ئۆجالانیان بۆ چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراتیکی پرسی کورد دایەوە".

'عەبدوڵا ئۆجالان پیلانگێڕییەکەی پوچەڵکردەوە'

دەمیر ھێمای بۆ ئەوەشکرد، "هەرچەندە لە ڕێگەی دیدگا و شرۆڤەی جیاجیای مێژوویی وەڵامی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی درایەوە و پووچەڵکرایەوە، بەڵام بە گۆشەگیری و دابڕاندن وەڵامی لێگەڕین بەدوای چارەسەری پرسی کورد درایەوە. ئەمە لە کاتێکدایە پێشنیاری سەرەتایی عەبدوڵا ئۆجالان هەمیشە ئاشتی و دیالۆگ بوو. ئاماژەی بەوکرد، لە ڕێگەی دانوستانەوە دەتوانرێت زەمینەی چارەسەری بدۆزرێتەوە. هەرگیز توندوتیژی و سیاسەتی تەنگپێھەڵچنینی وەک شێواز و ڕێکارێک نەبینیوە، بە پێچەوانەوە هەمیشە وەک بەربەست و ڕێگری گەورە لە بەردەم دیالۆگ و چارەسەریدا دەبینی.

پارێزەر جەمال دەمیر لە کۆتایشدا جەختیکردەوە، دەبێت کورد و دۆستەکانی بەوپەڕی ھێزەوە لە ساڵڕۆژی پیلانگێڕییەکە بە ئەنجامدانی چالاکی، ناڕەزایەتی دەربڕن. چونکە لە ئەزموونەکانی پێشووتر درکی پێکراوە کە چارەسەری کێشەی کورد تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بەدی دێت.

ژ.ن