دەمیر: هێزی عەبدوڵلا ئۆجالانمان لە نەورۆزدا بە ئاشکرایی بینی

پارێزەر جەمال دەمیر رایگەیاند، هێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردمان لە نەورۆزدا بە ئاشکرایی بینی و وتی، " بۆیەش پێویستە رێگە بدرێت پارێزەر و خانەوادەکان سەردانی ئۆجالان بکەن."

عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلیی کورد ٢٤ ساڵە لە زیندانی پیتی (ئێفی) ئاسایشی بەرزی ئیمڕالی لەژێر گۆشەگیریەکی قورسدایە و لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢١ەوە هیچ زانیاریەک لەسەری بەدەست ناهێنرێت. ئەمەش نیگەرانی و کاردانەوەی زۆری لەنێو گەلی کورد دۆستەکانیاندا دروست کردوووە. نیگەرانیەکان لەبارەی تەندروستی و دۆخی ئەمنی ئۆجالان زیاد دەبن.

پارێزەر جەمال دەمیر لەم بارەیەوە رایگەیاند کە لە پیلانگێری ١٥ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا، عەبدوڵلا ئۆجالان بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و نایاسایی زیندانیکراوە و لەدژی یاسای دوژمنایەتی تێدەکۆشێت. دەمیر باسی ئەوەی کرد کە عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەدۆخێکی قورسی گۆشەگیریدا هەوڵ دەدات ببێتە دەنگی گەل و وتی، " کردەوەکانی دەرەوەی مرۆڤایەتی کە تێیدا دیلکراوە، پێویستە ببێتە رۆژەڤی وڵاتانی جیهان، ئەمەش بەرپرسیاری ئێمەیە. بارودۆخی گۆشەگیری قورسی سەر بەڕێز ئۆجالان لە چوار پارچەی کوردستان و زۆر وڵاتی جیهان دەبێتە هۆکاری راپەرینەکان.

گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان بۆ گۆشەگیریەکی فراوان و پلانبۆداڕێژراو گۆڕاوە. پێویستە مرۆڤ سەرنج بداتە سەر ساڵی ٢٠١٥. وەک دەزانرێت ئەو کاتە پرۆسەیەک بەناوی 'پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری هەبوو" کە دەسەڵات لەنێو پیلانێکی سەرقاڵکردن و لەناوبردنی گشتیدا بوو."

سەبری گەلی کورد تاقی دەکەنەوە

دەمیر باسی ئەوەشی کرد کە سوو ساڵە لە رووی جەستەیی و راگەیاندنەوە هیچ پەیوەندیەک لەگەڵی نییە و وتی، " هیچ زانیاریەک لەبارەی ئۆجالان و سێ زیندانیەکەی دیکە لە ئیمڕالی بەدەست ناهێندرێت. دەسەلات بەم گۆشەگیریە رەهایە کە قبوڵ ناکرێت، سەبری گەلی کورد تاقی دەکاتەوە. سەرنجی هەموو کەسێک لەسەر زانیاریەکە کە لە ئیمڕالی بەدەست بهێنرێت. هەستیاری کۆمەڵایەتی لەسەر ئیمڕالی و بەڕێز ئۆجالان دەزانرێت. ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی کۆتایی بەم هەڵوێستی ناحەقیە بهێنێت، بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەبێتە دۆخێکی گرنگ.

گەلی کورد و دۆستەکانیان دەیانەوێت بە زوترین کات زانیاری لەسەر بەڕێز ئۆجالان بەدەست بهێنرێت. لە تایبەتی لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بە ملیۆنان کەس رژانە نێو گۆڕەپانەکان و ئەم داواکاریەیان دەربڕی. واتە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەڕێز ئۆجالان لە نەورۆزدا بە ئاشکرایی بینرا. نزیکایەتی لە بەرامبەر بەڕێز ئۆجالان پێویستە بەم پێیە بێت. بەڕێز ئۆجالان زیندانیەکی ئاسایی نییە، راستیەکی رێبەری گەلی کورد هەیە. بۆیەش پێویستە بە زوترین کات پارێزەر و خانەوادە بتوانن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن."

هەڵگرتنی گۆشەگیری بۆ دوارۆژی گەلان گرنگە

دەمیر وتی، " ئامانجی ئەم گۆشەگیریەی سەر بەڕێز ئۆجالان کە وەک ئەشکەنجە لەدژی مرۆڤایەتی پێناسە دەکرێت، نارەزایەتیە لە بەرامبەر رێنمانییەکان بۆ چارەسەری.

لە کۆتایی قسەکانیدا دەمیر وتی، " بەڕێز ئۆجالان دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چوار پارچەی کوردستان و وڵاتانی دیکە بە باشی شیدەکاتەوە، رێنمایی چارەسەری و ئاشتی پێشکەش دەکات. ئەمە جیاوازی و تایبەتمەندی بەڕێز ئۆجالان پیشان دەدات. ئەمەش سیستمی کرۆنیک، نەتەوەپەرست، دەسپۆت، تاکپەرەست و دژە دیموکراتی نیگەران دەکات. بۆیەش هەڵگرتنی گۆشەگیری رەهای سەر بەڕێز ئۆجالان بۆ دوارۆژی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە."

ف.ق