دەربارەی ٨ی مارس سیمینارێک لە کەرکوک ڕێکخرا

لە شاری کەرکوک سەبارەت بە ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان سیمینارێک رێکخرا.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە لە بارەگای ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، بەبۆنەی نزیكبوونەوەی ٨ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان لەلایەن ئەنجومەنی کەرکوکی تەڤگەری ئازدیەوە، سیمینارێک رێکخرا بە بەشداری ژنان و پیاوانی شارەکە.

سەرەتای سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان سیمینارەکە لەلایەن پارێزەر شیرین عەبدوڵاوە پێشکەش کرا. لە سیمینارەکەدا باس لە مێژووی رۆژی جیهانی ژنانکرا و هەروەها باس لە رۆڵی ژنانی کوردکرا کە چۆن توانیویانە پێشەنگایەتی بکەن لە شۆڕشە کوردیەکاندا.

سەبارەت بە مێژووی رۆژی ٨ی مارس، پارێزەر شیرین عەبدوڵا بۆ ئامادەبووانی سیمینارەکە وتی: " ھەڵبژاردنی ٨ ی مارس وەک ڕۆژی ژنان لە جیھاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی و ڕوبەڕوبونەوەی ژنانی کرێکاری ڕستن و چنین لە ساڵی ١٨٥٧ لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا.

کاری زۆ سەخت لەگەڵ کرێی کەمی کرێکارانی ژن لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەیەم و سەرەتای سەدەی نۆزدە، وای لە ژنان کرد کە ناڕەزایی دەرببڕن لەبەرامبەر بەدەستھێنانی مافەکانیان.

لەم ڕۆژەدا کرێکارانی ڕستن و چنین لە کارگەیەکی گەورەی پۆشاکدا بەرامبەر سەختی کارەکەیان و کەمی مووچەکەیان و خراپی باری داراییان ناڕەزاییان دەربڕی، ئەم ناڕەزاییە بەشێکی زۆری ژنانی ئەم کارگەیەی گرتەوە و بەردەوامی ھەبوو."

لە درێژەی باسکردنی مێژووی رۆژی جیهانی ژناندا، پارێزەر شیرین عەبدوڵا بۆ ئامادەبووانی سیمینارەکە ئاماژەی بەوەکرد: "لە ٨ ی مارسی ١٩٠٨دا، دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٥٠ ساڵ، ژنانی کرێکاری کارگەی رستن و چنینی کەتان لە شاری نیۆیۆرک لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە، بەھۆی پەستانی زۆری کار لەسەریان و مووچەیەکی کەم دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی کرد، خاوەنی ئەم کارگەیە بە ھاوکاری پاسەوانەکانی کارگەکە و بۆ ڕێگری لە ناڕەزایەتی بەشەکانی تری کارگەکە، ئەم ژنانەی لە شوێنی کارەکانیان زیندانی کرد، بە ھۆکارێکی نادیار ئاگر لە کارگەکەدا کەوتەوە و تەنھا ھەندێک کرێکاری ژنی دیلکراو توانیان خۆیان ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا ١٢٩ کرێکاری ژن سووتان.

ڕۆژی ٨ی مارس بەمشێوەیە وەک ڕۆژێک بۆ نارەزایەتی ژنان بەرامبەر نادادییەکان لە یادەوەری خەڵکیدا مایەوە، لە ساڵانی دواتردا و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ناڕەزایەتی ژنان وەک خۆپیشاندان و دروستکردنی فشار لەبەرامبەر مافەکانی ژناندا بەردەوام بوو.".

هەروەها لە سیمینارەکەدا باس لەوەش کرا، لە دوای جەنگی دووەمی جیهاندا، لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ساڵی ١٩٤٦ بۆنەی ھەشتی مارس بەڕێوەچوو، لەم وڵاتانە بە ڕەسمی لە لایەن دەوڵەتەوە شکۆدار بەڕێوەچو وەک نیشاندان خەمخۆری بۆ کێشەکانی ژنان.

ئێستا ٨ی مارس لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان، ھەموو ساڵێک شکۆدار بەڕێوە دەچێت، و وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی بە بندەستی و توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان و ھەروەھا ڕێزگرتن لەو کەسانەی کە ئاگری ئەم خەباتەیان ھەڵگیرسان بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان.

دەسکەوتەکانی دوو دەیەی ڕابردوو و پێشڕەوی بۆ چەسپاندنی یەکسانی ھەمەلایەنە بۆ سەپاندنی مافە سەرەتایی و مرۆییەکانی ژنان کەم نین. لە زۆربەی وڵاتانی جیھان مافی دەنگدان و بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و بەشداری ھەڵسوڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە رەسمی ناسرا."

لە کۆتایدا شیرین عەبدوڵا سەبارەت بەدۆخی ئیستای ژنان وتی: "سێ لە سەر چواری نەخوێندەوارەکانی جیھان ژنانن، ژنان و منداڵان گەورەترین قوربانی ئاوارەیی شەڕەکانن، دیاریکردنی جلوبەرگ بۆ ژنان، حیجابی زۆرەملی، قاچاخ و کڕین و فرۆشتنی ژنان، دەستدرێژی سێکسی و جەستەیی، توندوتیژی و تیرۆر لە ژێر ناوی ناموس و شەرەف و …ھتد، نمونەی بندەستی ئاشکرایە کە ڕۆژانە وەک دیاردەی ئاسایی دژی ژنان بەڕێوە دەچێت."

لە کۆتاییدا بەشداربووانی سیمینارەکە بە ڕاوبۆچوونی خۆیان گفتوگۆکەیان گەرمتر کرد.

ف.ق