دۆستە دێرینەکەى بنەماڵەى بارزانى و دوژمنەکەی کوردان

هاکان فیدان سندوقەڕەشەکەى ئەردۆغان و وەزیرە کوردە خۆفرۆشەکەی دەوڵەتى داگیرکەرى تورک و دۆستە دێرینەکەى بنەماڵەى بارزانى.

هاکان فیدان کە بە بنەچە کوردە، هاوکات دوژمنێکی هەرە دڕندەی کوردانە، خەڵاتی ‘خزمەتی شایستە’ـی دەوڵەتی پێ بەخشراوە،کە بێگومان ئەم خەڵاتە لەبەر ناپاکیی لە گەلی خۆی پێی دراوە

هاکان فیدان یەکێکە لەو کەسانەی لە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی دەرەوەی حکومەتی ئاکەپەدا ئەرکدار بووە، چونکە سەرۆکی میت بوو، ڕێکخەری ئۆپەراسیۆنە شاراوە و نهێنییەکانە، لە پیلانگێڕیی و هەڕەشەدا پسپۆڕە، بەرپرسیارە لە هەموو کۆمەڵکوژیی و هێرش و داگیرکارییەکان کە دەکرێتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و بزووتنەوەی ئازادییخوازی گەلی کورد.

وەک هەمیشە لە دەستى هاکان فیدان، دۆسیەیەکی ئەستوور و  نەگۆڕ هەیە، کە لە سەرووی هەموو دۆسییەکانی ترەوەیە، ئەویش شەڕی دژ بە کورد و بەتایبەتی گەریلاکانی ئازادیی کوردستانە.

وەک کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کەجەکە لە راگەیەندراوەکەیدا باسی لێوەکردبوو، وەزیری دەرەوەی تورک کە بە داگیرکردنی خاکی عێراق ١٠٠ بنکەی سەربازی و ناوەندی میتی کردووەتەوە، بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات باس لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری عێراق دەکات.

فیدان دەیەوێت داگیرکەری سەربازی تورکیا لەناو خاکی عێراق لەلای عێراق ئاسایی بکاتەوە و وابکات کە قەبوڵی بکەن.

تورکیا کە هەولێری لە رووی سیاسی، سەربازی و ئابوورییەوە وەک ویلایەتێکی تورکیا لێکردووە، بێدەنگی حکومەتی باشووری کوردستان، دەوڵەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکانی وەک هەل و دەرفەتێک دەبینێت، دەیەوێت ئەو سیاسەتە بڵاوبکاتەوە و داگیرکەری خۆی لە کوردستان و خاکی عێراق لە رێگەی 'دیپلۆماسی'یەوە بە هەمیشەیی بکات.

هاکان فیدان کە بە پیلانگێری و ئاژاوەگێری ناسراوە و بۆ داگیرکردنی سوریا وتبووی، 'ئەگەر پێویست بکات لە سوریاوە چەند موشەک بە خاکی تورکیاوە دەنێم'، ئێستا بە ناوی تورکیاوە کاری 'دیپلۆماسی' دەکات.

هاکان فیدان کە شارەکانی باشوری کوردستانی بە سیخوڕەکانی میت و چەتە بکوژەکان پڕکردووە و بە فەرمانەکانی لە سلێمانی، شەنگال و مەخمور بە دەیان مرۆڤی تیرۆر کردووە، بە بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات باسی تێکۆشانی هاوبەش لە دژی 'تیرۆر' دەکات.

راوێژکاری پێشووی میت و وەزیری دەرەوەی ئێستای تورکیا بە لێدوانی پڕ لە درۆ و چەواشەکارانەی و بە وتنی 'تورکیا لە دژی داعش تێکۆشانی گەورە بەڕێوەدەبات' درێژەی پێدا و پێیوایە کە بەو درۆیە دەتوانێت جیهان بخەڵەتێنێت.

لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤دا کاتێک داعش هەڵیکوتایە سەر کونسولخانەی تورکیا لە موسڵ سەرکونسوڵ ئۆزتورک یڵماز و ئەو تیمە تایبەتەی کونسوڵخانەکەیان دەپاراست بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک خۆیان بەدەستەوە دا.

ئەو کاتە هاکان فیدان سەرۆکی میت بوو. ئەوەی بە سەرکونسوڵ و تیمە تایبەتەکانی وت ' بەرامبەر داعش دەستمەکەنەوە، ئێمە لەسەر هێڵین' خودی ئەو کەسە بوو.

خۆی لە خۆیدا چەتەکانی داعش کە لەماوەی ١٠ خولەکدا دەستیان بەسەر کونسولخانەکەدا گرتبوو دوابەدوای ئەو هەڵکوتانە سەرە لێدوانیان دا و رایانگەیاند، 'ئامادەین لەگەڵ کاربەدەستانی تورک دانوستان بکەین'.

پەیوەندییەکانی تورکیا و داعش کە لەو رووداوەوە دەستیپێکرد، ئێستاش لە رێگەی هاکان فیدانەوە و میتەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا بەردەوامە.

ئەو نەوتەی عێراق کە دەدزرێت و لە رێگەی تورکیاوە رەوانەی بازاڕ دەکرێت، یەکێکە لە کارەکانی هاوکاری نێوان دەوڵەتی تورک و داعش.

لەو بابەتەدا زۆر بەڵگە و دیمەن بۆ رای گشتی بڵاوکرانەوە.

ئەو کاتەی هاکان فیدان سەرۆکی میت بوو، بە هاوکاری دەوڵەتی تورک و داعش بە دەیان کۆمەڵکوژی و هێرشی تەقینەوەی ئەنجامدران، ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو هێرشانە هەرگیز دەستگیر نەکران.

ئەمە جیا لەوەى ٢٠٠٣ بووەتە سەرۆکى ئاژانسى تیکا کە ساڵانێکە ئەو ڕێکخراوە لەهەرێى کوردستان  بەناوى هاوکارى منداڵان و گەنجان و کەرتى پەروەردەوە، پەیوەندیی لەگەڵ گەنجان دروستدەکات و دەیانەوێت بیانکەنە سیخوڕ بەتایبەت لەو ناچانەى کە تورکمانى تێدادەژین وەک کەرکوک و هەولێر و خانەقین و تەلعەفەر.

ئامانجی سەرەکی سەردانی هاکان فیدانیش بۆ بەغدا و هەولێر کە بەناوی وەزیری دەرەوە ئەنجامیدا، ئەوە بووە کە داگیرکەری تورکیا لە سەر خاکی عێراق نەکاتە جێگەی مشتومڕ، لە بری ئەمەش سیاسەتێکی بەو جۆرە بگرێتەبەر کە باشووری کوردستان بکاتە ویلایەتێکی تورکیا.

لەگەڵ ئەوەشدا داوای کرد، کە سیاسەتی تیرۆر و هێرشەکان بۆ سەر سلێمانی، شەنگال و مەخمور درێژەی پێبدرێت.

هـ . ب