دەستەى بەڕێوەبەری شەنگال و ئاسایشی ئێزدخان ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد

دەستەى بەڕێوەبەریی شەنگال و ئاسایشی ئێزدخان ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێشیان لە هەموو ژنان بە تایبەتی ژنانی ئێزدی پیرۆز کرد.

دەستەى بەڕێوەبەریی شەنگال بە بۆنەى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش پەیامێکی بڵاوکردەوە و ٨ی ئاداری لە ژنانی زەحمەتکێشی جیهان بە گشتی و بە تایبەتی لە ژنانی ئێزدی پیرۆز کرد.

"رێکخستنی ژنانی ئێزدی بووە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە"

لە راگەیاندراوکەدا ئاماژە بە بەرخودانی ژنانی ئێزدی کراوە و تیایدا هاتووە، "بەرخودان، کە بە خاتو فەخرا دەستیپێکرد و بە زەریفە ئۆسێ بەرەو پێشچوو، لەم سەردەمەدا بە پێشەنگایەتیی ئێمە، کە زیاتر لە ٣ مانگە لە بەردەم ئاسایشی ئێزدخان خۆڕاگری دەکەین و شەنگال لە بەرامبەر پیلان و هێرشەکان دەپارێزین، بەردەوامیی هەیە".

ئەوەشی تیادا هاتووە، "ژنانی ئێزدی بەهۆی بەرخودانە مێژووییەکەیانەوە هەموو کات بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی دوژمنان و لە کەسایەتیی ژناندا هەوڵ دراوە کۆمەڵگەی ئێزدی لە ناو ببەن".

لە راگەیاندراوەکەدا فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بە سەرۆکایەتیی داعش بۆ سەر شەنگال بە بیرهێنراوەتەوە و رایانگەیاندووە، "ژنانی ئێزدی بۆ ئەوەی جارێکیتر تووشی دڕندەیی نەبن، لە هەموو روویەکەوە خۆیان بە رێکخستن کردووە و ئێستا پێشەنگایەتی بۆ کۆمەڵگە دەکەن. دوای بە رێکخستنبوونی ژنانی ئێزدی هەنگاوی گەورە بەرەو خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵگە هەڵگیرا".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، "لە هەموو کاتێکدا دوژمن خواستویەتی کۆمەڵگەکەمان بێ ئیرادە بکات، بەڵام هەموو بەرخودانی دایکانمان هەموو کات لە پێش بووە. بە تایبەتی هەر کاتێک دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی دەکرد، کاتێکیش عێراق و پەدەکە خواستیان لە ژێر ناوی رێککەوتن دا گەلەکەمان بێ ئێرادە بکەن، دایکانمان لە نیوەشەودا راپەڕین. لە ناو سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شەنگال دا بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان، ژنان بە سیستمی هاوسەرۆکایەتیی بەشدارن لە هەموو دام و دەزگاکاندا. بەو سیستمە ئێمە دەتوانین سەرکەوتن و هێزی ژنان نیشانی جیهان بدەین".

لە کۆتایی پەیامەکەدا سڵاو لە بەرخودانی ژنانی ئێزدی کراوە و ٨ی ئاداریان لێ پیرۆز کراوە.

ئاسایشی ئێزدخان ٨ی ئاداری پیرۆز کرد

ئاسایشی ئیزدخان بە بۆنەى ٨ی ئادار رۆژی جیهانیی ژنانی زەحمەتکێش، یادی شەهیدانی ئێزدخان و تێکۆشانی ئازادیی کوردستانی کردەوە و ٨ی ئاداری لە ژنانی ئێزدی و هەموو ژنانی زەحمەتێکش پیرۆز کرد.

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە رۆڵی ژنانی ئیزدی لە پاراستن و بەڕێوەبردنی شەنگال دا کراوە و رایگەیاندووە، "لەم دواییانەدا لە دژی پیلانی پاکتاوکردنی ئاسایشی ئێزدخان، ژنانی شەنگال هەڵوێستێکی بەهێزیان لە خۆیان نیشان دا، بە تایبەتیش دایکانی شەنگال لە دژی ئەو پیلانە وەستانەوە. دانیشتوانی شەنگال بە پێشەنگایەتیی ژنانی شەنگال خاوەندارییان لە ئاسایشی ئێزدخان کرد و دەستیان بە بەرخودانی ئێشکگری کرد".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئاسیاشی ئێزدخان بەو هێزەى لە ژنانی وەرگرتووە خاکی ئێزدخانی پیرۆز لە هەموو هەلومەرجێکدا دەپارێزێت و بەڵێنی بەرزکردنەوە و شکانەوەى ئاڵای بەرخودانیان داوە. هەروەها ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنانی زەحمەتکێشیان لە هەموو ژنان پیرۆز کردووە.

ژ.ت