دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، یەكەمین كۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢١ی خۆی ساز كرد

دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، یەكەمین كۆبوونەوەی ساڵی ٢٠٢١ی خۆی ساز كرد و لە كۆبوونەوەكەیدا، بریاریدا چالاكییەكان بۆ بەهێزكردنی تێكۆشانی دژ بە پیلانەكانی سەر شەنگال، بەردەوام بن ‌و دەشلێت: ساڵی ٢٠٢١ ، ساڵی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دەبێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت كرایەوە لە خۆبەهێزکردن و بەردەوامیدان بە خەبات لەپێناو پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دوژمن بەتایبەتی لە دژی ئێزدییەکان .

لە ئەنجامی كۆبوونەوەكەدا، دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، ساڵی ٢٠٢٠ی بۆ گەلی ئێزدی، بە ساڵێکی سەخت وەسف كردوە بەوپێیەی لەو ساڵەدا، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیركەر کۆتاییان پێ نەهات.

هەروەها ڕێككەوتنی ٩ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٠ی نێوان پەدەكە ‌و حكومەتی عێراقی، بە پیسترین پیلان وەسف كردوە ‌و جەختیشی كردوەتەوە كە بە خەباتی بەردەوام، دەتوانن هەموو پیلانەكان پووچەڵ بكەنەوە.

دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال، لە كۆتاییدا ئاماژەی بەوە كردوە: ساڵی ٢٠٢١ دەكەنە ساڵی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال ‌و چالاكییەكانیان لە دەوری هێزەكانی ئاسایش بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال دەچەسپێنن.

ف.ق