دەستەی عەشیرەتەکانی شەنگال دژی داگیرکاری ڕاگەیاندراویان خوێندەوە

دەستەی عەشیرەتەکانی شەنگال دژی هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورک ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، ڕایانگەیاند ئامانجی دەوڵەتی تورک چۆڵکردنی هەرێمەکە و گۆڕینێتی بۆ گۆڕەپانێکی سەربازی.

دەستەی عەشیرەتەکانی شەنگال

ناڕەزایەتی و هەڵوێستەکان بەرامبەر هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە و تادێت فراوانتر دەبێت، دەستەی عەشیرەتەکانی شەنگال ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هێرشی بەردەوامی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گوند و شارەکانی هەرێمەکە شەرمەزار کرا.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێن: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە هێرشە سیستەماتیکییەکانی بۆ سەر گەل و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامە. بە ئامانجی چۆڵکردن و سووتاندن و ترساندنی دانیشتووان، گوند و شارەکان بۆردومان دەکات. هاوڵاتیان ناچار دەکات ماڵ و موڵکەکانیان چۆڵ بکەن، بە پاساوی درۆ کە کەسی پێ فریو نادرێت دەیانەوێت هەرێمەکە بگۆڕن بۆ هەرێمێکی سەربازی.

ئێمە باش دەزانین ئەو کاتەی دەوڵەتی تورک پشتیوانی چەتەکانی دەکرد، شەڕڤانەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دژی تیرۆر و چەتەکانی داعش دەجەنگان. هەموو کارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ زیانگەیاندنە بە گەلی عێراق و گەلی کورد و نەتەوەکانی تر".

ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هێرشە دڕندانانە تاوانی شەڕە و زیانی گەیاندووە بە خەڵکی سڤیل و ژینگەی کوردستانی وێرانکردووە، دەڵێن: "هۆکاری ئەمەش هاوکاری پەدەکە و بێدەنگی حکومەتی بەغدایە. هەروەها ئەمە لەپێش چاوی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕوودەدات و کە بێجگە لە بێدەنگییەکی گوماناویی هیچی تر ناکەن".

هێرشەکە ڕەتدەکەنەوە و بانگەواز لە جڤاکی نێونەتەوەیی و حکومەتی بەغدا و پەرلەمانی عێراق دەکەن هێرشەکان ڕابگرن، دەڵێن: ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گۆڕینی دیمۆگرافی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی عێراقە، ئێمە ئامادەین سەروەریی عێراق بپارێزین".

هاوخەمی خۆیان بۆ پەنابەرانی هەرێمەکە دەردەبڕن و دەڵێن: "هەموو کارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێجگە لە تاوان هیچی تر نییە، ئەمەش پێداگریمان بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و خاک و گەل زیاتر دەکات. ئامانجمان ئەوەیە عێراق ببێتە دەڤەرێک کە لە باکوورەوە تا باشوور، لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا هەمووان لە ئامێز بگرێت، تاوەکو عێراق ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵ و دیموکراتیک".