دوای هێرشی ئاسمانی گەریلاکانی ئازادی فڕۆکەی سەربازی ئامەد بۆ مانگێک داخرا

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی گەریلا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی ئامەد، ئەمڕۆ پارێزگاری ئامەد بە ڕاگەیانراوێک ئاشکرای کرد، کە فڕۆکەخانەی ئامەد بە هۆی نۆژەنکردنەوەوە بۆ ماوەی مانگێک دادەخرێت،

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی گەریلا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی ئامەد، ئەمڕۆ پارێزگاری ئامەد بە ڕاگەیانراوێک ئاشکرای کرد، کە فڕۆکەخانەی ئامەد بە هۆی نۆژەنکردنەوەوە بۆ ماوەی مانگێک دادەخرێت، ئەوەش لە کاتێکدا کاربەدەستانی تورک نکۆڵیان لە زیانەکانی هێرشەکە دەکرد.

شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی ئەم مانگە، هێزەکانی ئاسمانی شەهید دەلال ئامەد لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردەسەر فڕۆکەخانەی سەربازی ئامەد لە باکوری کوردستان.

دوابەدوای ئەم هێرشە، دەنگی تەقینەوەی گەورە لە فڕۆکەخانەی ئامەد بیسترا و ژمارەیەکی زۆر ئامبوڵانس بۆ شوێنی هێرشەکە ڕەوانە کران.

ئەمڕۆ بە ڕاگەیانراوێک پارێزگاری شاری ئامەد ڕایگەیاند، کە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەوە دوو ڕۆژی دیکەوە بۆ ماوەی مانگێک فڕۆکەخانەی ئامەد دادەخرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەش کردووە کە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی ئامەد لە هەردوو فڕۆکەخانەی مێردین و ئێلح (باتمان)ـەوە بەردەوام دەبن.

ڕاگرتنی فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی ئامەد لە کاتێکدایە، کە دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی گەریلا بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانەیە، کاربەدەستانی تورکیا ڕەتیانکردەوە کە ئەو هێرشەی گەریلا هیچ زیانێکی هەبووبێت بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی ئامەد، بەڵام ئاشکرا بووە کە ئەو هێرشە ئاسمانییە، زیانی زۆری بە گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازی دەوڵەتی تورک گەیاندووە لە باکوری کوردستان، کە هەموو هێرشە ئاسمانییەکان لە دژی کوردستان لەو فڕۆکەخانەیەوە ئەنجام دەدران.

ف.ق