دوکاندارەکانی وان دەڵێن ٨-٠ بۆ پارتی چەپی سەوز

دوکاندارەکانی وان بۆ ئەوەی تۆڵە لە دەسەڵات بکەنەوە کە قەیرانی ئابوری خوڵقاندووە، چاوەڕێی ١٤ی ئایار دەکەن. دوکانداران دەڵێن: " ٨ -٠ بۆ پارتی چەپی سەوز." واتە لە کۆی ٨ کورسی شاری وان هەمووان بۆ پارتی چەپی سەوز دەبێت.

دوکاندارەکانی وان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری باکوری کوردستان و تورکیا بۆ ئاژانسەکەمان (ANF) قسەیان کرد.

حسێن ئاکداغ کە ٣٠ ساڵە دوکانداری دەکات وتی، " ئێمە لەنێو قەیرانێکی گەورەی ئابوریداین و کەس ناتوانێت بژێوی ژیانی خۆی بەدەست بهێنێت. ئێمە لە کۆتایی دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئاکەپەداین و بە تەئکیدی دەڕوون. دەڵێن سیاسەتی پیاز مەکەن، بەڵام شلیفێکی پیاز بووەتە هەزار و ٥٠٠ لیرە. هاوڵاتیان ناتوانن پیاز و پەتاتە بکڕن. بە هەزاران کەسمان بەهۆی بۆچوونیانەوە لە زیندانەکاندان. باوەڕم وایە پارتی چەپی سەوز ١٠٠ کورسی بەدەست دەهێنێت و بە شێوەیەکی بەهێز نوێنەرایەتی ئێمە دەکات."

فرۆشیاری خۆراک سەلامی یەشیلباشیش باسی ئەوەی کرد کە قەیرانێکی گەورەی ئابوری هەیە و وتی، " قەیوم ٤ جار سزای بەسەردا سەپاندم. قەیوم زمانی گەلەکەمان نازانێت. کۆڵانی ئێمە کۆڵانی گوندنشینانە. هەموو کەسێک دەبێت لەم هەڵبژاردنەدا ئاگادار بێت، من داوای گۆڕانکاری دەکەم. پێویستە کەسێکی دیموکرات کە زیاتر لە خەڵک تێبگات حوکمڕانی بکات. دەمەوێت دەسەڵاتێک هەبێت کە بتوانین کێشەکانمان باس بکەین. پێویستە گەلەکەمان بەمە هەیە."

' هەموو پارەکەیان بۆ شەڕ خەرج کرد'

نەوزاد هەمزەئۆغوللاری کە دوکانی مۆبیلیاتی هەیە رایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە وان ٨ – ٠ لە بەرژەوەندی پارتی چەپی سەوز دەبێت و وتی، " ئێمە بەهێزین و هیوامان زۆرە. هیچ کەسێک هیوای بە حکومەت نەماوە. حکومەت هەموو پارەی لە شەڕدا خەرج کرد. ئێستا بە ١٤ی ئایار دەڵێت، " کودەتای سیاسی"، بەڵام بینیمان کە لە ١٥ی تەمووزدا چی یاریەکیان کرد. ئێمە ئیدی بڕوامان بە سیناریۆکان نییە و باوەڕم وایە کە گەلی کورد راستترین بڕیار دەدات."

زەکی ئۆرەک کە دوکانی پێڵاوفرۆشتنی هەیە رایگەیاند، " باوەڕم وایە کە لە هەڵبژاردندا گۆڕانکاری دروست دەبێت. زۆر هەڵبژاردنم بینیوە، بەڵام هیچیان بەم جۆرە نەبوون. دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ و پارتی چەپی سەوز دەدەم."

ف.ق