دوران کاڵکان باسی شەهیدان دەستینا، باکور و چاڤڕێ دەکات- نوێکراوەتەوە

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان باس لە ژیان و تێکۆشانی سێ گیانبەختکردووی تێکۆشانی ئازادی دەستینا قەندیل، باکوور جیلۆ و چاڤڕێ فریشتە دەکات.

لە گەریلاکانی بزوتنەوەی ئازادیی کوردستان بەیان حەمەد خدر بە ناسناوی دەستینا قەندیل ساڵی ٢٠١٤، بروسک جەمال بە ناسناوی باکور جیلۆ لە حەڵەب و سوهام عەبدولقادر موسا بە ناسناوی چاڤڕێ فریشتە ساڵی ٢٠١٧ شەهیدبوون.

ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە دوران کاڵکان بەشداری بەرنامەی خۆری وڵاتی ئاریەن تی ڤی بوو و باسی ژیان و تێکۆشانی ئەو سێ گەریلایەی کرد.

هەڵسەنگاندنەکەی کاڵکان بەم جۆرەیە:

باکور جیلۆ

لەبارەی هەڤاڵ باکور؛ من ساڵی ٢٠٠٠ هەڤاڵ باکوورم لە دۆڵەکۆکێ ناسیی، لەدوای کۆنگرەی حەوتەمینەوە کارەکانی ئێمە لەوێ ناوەندیی بوون، بەرلەوە بەبۆنەی کاروبارەکانی باشوورەوە پەیوەندییمان لەگەڵ خانەوادەکەیدا هەبوو، پێش ئەویش برا گەورەکەی بەشداری خەباتی تەڤگەرەکەمان ببوو و ساڵی ١٩٩٧ لە ئاڤاشین شەهیدببوو، من هەڤاڵ سەمیان-ی برایشیم دەناسی، لە هەرێمی ئاڤاشین خەباتی بەڕێوەدەبرد، هەڤاڵێکی زۆر بوێر و فیداکار بوو، زیاتریش لە کارەکانی بڕیارگەدا مایەوە، خانەوادەکەی پێشتر ئەندامی حزبی شیوعی بوون، دایکیشی کەسێکی زانا بوو، بەتەواویی نازانم، بەڵام وابزانم باوکیشی شەهیدکراوە، ئەویش لە هەموو ئەو بابەتانە کاریگەرببوو و هەڤاڵانیشی ناسیبوو، بۆیە لە تەمەنێکی کەمدا بەشداربوو، کاتێک بەشداربوو دەتوانین بڵێین هێشتا لە تەمەنێکی منداڵییدا بوو، منداڵێکی هەندێک قەڵەو، بەبڕیار و پێداگربوو، لە ئاسایشی بەڕێوەبەرییدا جێی گرت، گەنجێکی خوێن شیرین بوو، ئەوکاتەی من لەوێ لە بەڕێوەبەرایەتییدابووم، یەکمان ناسی، پێکەوە کارمان کرد، لەراستیدا کاتێک ئێمە یەکە جۆراوجۆرەکانمان بەسەر دەکردەوە، حەزی دەکرد لەگەڵ من بێت، کاتێکیش دەهات لە هەورازەکاندا زەحمەتیی دەکێشا، چونکە لەڕووی جەستەییەوە هەندێک کورت بوو، بەڵام زۆر بەبڕیار و پێداگربوو، شتی سەرنجڕاکێشیشی ئەوەبوو، وەکو گەنجێکی باشووریی ناوی باکوری لەخۆی نابوو، بێگومان ئەوەش سەرنجڕاکێش بوو، واتە هۆشیارییەکی لەوشێوەیە یەکپارچەیی کوردستانی بەبیردەخستەوە، لەبەر ئەوەی برا گەورەکەشیمان دەناسی، لەنزیکەوە پەیوەندیمان لەگەڵی هەبوو، لەگەڵ ئێمەدا مایەوە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٠١دا چووین بۆ خنێرە، ئەویش لەگەڵمان هات، هەندێک گەورەتر ببوو، ئیدی لەناو ئاسایشی ئێمەدا دەمایەوە، وەکو خانەوادەش لەناو بزووتنەوەکەدا بوون، بۆیە خۆی وەک منداڵی بزووتنەوەکە دەزانی، ژیر بوو، هەڤاڵانیش خۆشیان دەویست، کەسێکی وەها بوو کە دەیزانی چۆن شوێنی خۆی لە دڵی بەرامبەرەکەیدا بکاتەوە، هیچ شتێکی نەبوو کە ئەو خراپ بکات یانیش بیڕووخێنێت و بیشکێنێتەوە، واتە بەردەوام ئەوەی لەتوانایدابوو، دەیکرد، هەمیشە ئافرێنەر بوو، دۆخێکی خوڵقێنەرانەی هەبوو، ئەو تایبەتمەندییانەشی زۆر سوودیان بۆی هەبوو، بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە خەباتی ئێمەدا کرد، ئێمە ماوەیەکی زۆر بەیەکەوە کارمان کرد، بەشداری لە پەروەردەی جۆراوجۆردا کرد، فێری راستیی رێبەرایەتیی و خەباتی بزووتنەوەکەمان بوو، حەزێکی زۆری بۆ بواری سەربازیی هەبوو، پەروەردەی تەندروستیی بینی، لەوێوە هۆشیاریی تەندروستیی وەرگرتبوو، هەڤاڵێکی وا بوو، کە لە هەموو بوارێکەوە خزمەتی هەڤاڵانی دەکرد، کاتێک ئێمە وەک ناوەندی پاراستنی گەل سەردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانمان دەکرد، پێویستمان بەو هەڤاڵانە بوو، کە کێشە دروست ناکەن و ئەو شتانەی بۆ بڵاوکردنەوە نین لای خۆیان هەڵیاندەگرت و زانیارییان بڵاونەدەکردەوە و بە وریایی مامەڵەیان دەکرد، ئەگەر نا لەوانەبوو بەناوی خەباتکردنەوە و زیانمان بە دەروبەرەکەشمان بگەیاندایە، ئەگینا نەماندەتوانی وەک ناوەندی پاراستنی گەل کارەکمان وەک پێویست بکەین، بەڵام هەڤاڵ باکور لەو رووەوە هەڤاڵێکی نموونەیی بوو، بەڕاستیش هەندێکی رەفتاری نموونەیی هەبوو،  واتە هیچ تایبەتمەندییەکی نەبوو کە دووچاری زەحمەتیمان بکات، مرۆڤێکی پۆزەتیڤ بوو، کاری پراکتیکیی دەکرد و کێشەکانی چارەسەر دەکرد، رێکخستن و ئامادەی دەکرد و ژیانی ئاسان دەکرد، واتە خزمەتێکی گەورەی دەکرد، پێویستە ئەوانە بەشێوەیەکی روون بخەمەڕوو، بۆیە لەناو ئەو هەلومەرجەدا گەورەبوو، لەڕووی جەستەییەوە بووە کەسێکی باڵا مامناوەند، کورت و پڕ، هەندێک بەشداریی لە خەباتی جۆراوجۆردا کرد، هەمیشە خەیاڵی لای ئەوەبوو بچێتە باکوور، بەڵام ئێمە لەژێر رۆشنایی دۆخی ماڵبات و کار و خەباتەکانی خۆی و مەترسی ئەوەی کە لەرووی تەندروستییەوە دووچاری گرفت ببێتەوە، مۆڵەتمان پێ نەدات کە بچێت، بەڵام ئامادەکاریی ئەو بەوشێوەیە نەبوو، بۆیە زەحمەتی زۆری چەشت، چونکە هەموو ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵی بوون، دەچوون بۆ باکوور و بەشداریی شەڕیان دەکرد، ئەو خۆی فێرکردبوو و ئاستێکی بەدەستهێنابوو، بەڵام فێری ئەزموونی باکوور نەببوو، بەشێوەیەکی پێویست نەکەوتبووە قوڵایی شەڕەوە، ئەمە ببووە کێشەش لای ئەو، داوای دەکرد، خۆی فێرکرد، لەکۆتاییدا ئێمە رۆشتنیمان بەگونجاو بینی، رۆیشتە بۆتان، هەتاوەکو گابار رۆشت، یەک دوو ساڵ بەشداریی لە کاروباری پراکتیکیی بۆتان کرد، زستانێکیش لە گابار مایەوە، ئەزموونێکی گرنگیشی بەدەستهێنا، بەڵام هەڤاڵان رەخنەیان لە ئێمە گرت کە رێگەمان پێداوە بچێتە ئەو ناوچەیە، وتیان؛ ئەگەر بەشداریی لە خەباتێکی دیکەدا بکات، ئەوا زۆر باشتر دەبێت، چونکە مانەوەیان لەو ناوچەیە هەندێک بە مەترسیدار دەبینی، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە جارێکی دیکە داوامان کرد بگەڕێتەوە، بەڵام هەرچەندێکیش نەیدەویست و هەندێکیش تەنگاویی کێشابوو، کاتێک پێمان وت "دەبێت بگەڕێیتەوە"، جارێکی دیکە رووی کردەوە باشوری کوردستان-هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، هاتەوە، بینیمان، ئەزموونێکی گرنگی بەدەستهێنابوو، هەندێک کەموکورتیی پێشووی تێپەڕاندبوو، گەیشتبووە ئاستێک کە باشتر لە کێشەکانی بەڕێوەبەریی، رێکخستن و شەڕ تێبگات، لێهاتووییەکانی زیاترببوون، لەگەڵ ئەوەشدا تاوانی هەڵسەنگاندنی زۆر پێشکەوتبوو، هەڤاڵ، کەسێکی وا نەبوو کە زۆر بخوێنێتەوە، هەندێک دەیخوێندەوە، بەڵام بەباشیی گوێی دەگرت، گوێی لە گفتوگۆکان دەگرت، کەسێکی ژیر بوو، ئاستی تێگەیشتنی بەرزبوو، لەبەر ئەوەش ئاستی زانابوونی پێشکەوت، پەروەردەشی بینی، تاوانی تێگەیشتنی لە راستیینەی رێبەرایەتیی و لەسەر ئەو بنەمایەش شرۆڤەکردنی رووداوەکان و ئەنجام بەدەستهێنانی پێشکەوت، بەهۆی ئەوەی هەردەم لەگەڵ بەڕێوەبەرییدا دەهات و دەچوو، ئاستی بڕیاردانیشی پێشکەوت، بۆنموونە ئێمە زۆر کات لەسەر بابەتی جۆراوجۆر گفتوگۆمان دەکرد، کاتێک کێشەیەک دروست دەبوو، ئێمە لە چوارچێوەی ئەوەی کە چی بکەین و چۆن بکەین، گفتوگۆمان لەگەڵ دەکرد، بۆچوونی گرنگی هەبوون، واتە توانای هەڵسەنگاندن و بڕیاردانی باش بوو، ئێمەش هاوبەشیمان پێدەکرد، لەو رووەشەوە هاوکاریی گرنگی کارەکانی ئێمەی دەکرد، دوای ئەوەی پراکتیکی بۆتانیشی بینیبوو، ئەو توانایەی زیاتر پێشکەوتبوو، بڕوای بەخۆی هەبوو کە بتوانێت ئەو کارانە بەڕێوەببات، بۆ ماوەیەکی تر لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا مایەوە، ئەگەرچی وەک پێشتریش نەبێت، بەڵام لەچوارچێوەی ناوەندی پاراستنی گەل-دا کاری دەکرد، ئێمە زۆر کات بەیەکەوە کارمان دەکرد، زۆربەی جار گفتوگۆمان دەکرد، لە ئامادەکردنی کامپی نوێدا کاری دەکرد، هەندێک نیگەرانیی هەبوو کە دەیوت بۆچی زوو لە بۆتان گەڕامەوە و بەزوویی کشاندمیانەوە لە بۆتان، ئەوەش شتێکی سروشتیی بوو، هەوڵماندا بە گفتوگۆ ئەو نیگەرانییانە بەڕەوێنینەوە، هەڤاڵانی دیکەش سەرقاڵبوون لەگەڵی، سەرەنجامیش وابزانم پایزی ٢٠١٢ بوو، یانی وەرزی سەرما بوو، گفتوگۆیەکمان لە کانی سارکا-ی گارە کرد، هەڤاڵ جەماڵ [موراد قەرەیلان]یش بەشداری ئەو گفتوگۆیەی کرد، ئێمە پێشتر لە چوارچێوەی ئەوەی کە دەکرێت چی بکەین، گفتوگۆمان کردبوو، لەو رووەشەوە بڕیارمان دابوو هەڤاڵ باکور بنێرین بۆ رۆژئاوا، چونکە شۆڕش لە رۆژئاوا بەڕێوەدەچوو، زۆر پێویستیان بە کادر هەبوو، هەڤاڵانی دیکەش و هەڤاڵ جەماڵیش ئەو دۆخەیان بەگونجاو زانی، بۆیە گفتوگۆمان لەسەر دۆخ و کاروبار و کێشەکانی رۆژئاوا کرد، تا ماوەیەک بیریکردەوە، ئێمە گفتوگۆیەکی روونمان ئەنجامدا، دواتریش لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵاندا ناردمان بۆ رۆژئاوا، بۆ ئەوەی بەشداریی پراکتیکی شۆڕشگێڕیی ببێت، چووە رۆژئاوا، ئیدی رێکخستنیان لەلایەن بەڕێوەبەریی رۆژئاواوە دەکرا، جار جاریش زانیاریمان لەبارەیەوە بۆ دەهات و هەندێک جاریش نامە [نۆت]ی بۆ دەناردین، هەرچەندە سنوورداریش بووبێت، بەڵام پەیوەندیمان هەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریی لە کارەکاندا دەکرد، دواتر زانیاریمان بۆ هات کە لە خەباتی حەلەبدا جێگەی گرتووە، خۆیشی لەوبارەیەوە نامە [نۆت]ی بۆ ناردبووم، بەشداریی شەڕی حەلەبی کردبوو، دواتر ئێمە زانیمان و هەڤاڵانیش باسیان کرد و لێکۆڵینەوەشمان لە راپۆرتەکان کرد و ئێستاش دەوترێت، کە حەلەب تاکە شوێن بوو لە ژێر ناوی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییدا، شەڕی تێدا کرا، لەراستیشدا بەبێ پشتیوانیی هیچ لایەک، گەل بە ئیرادەی خۆی شەڕی دەکرد، بەو شەڕەی لە حەلەب کردیان، گەڕەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و شەش گەڕەکی دیکەی حەلەب رزگار دەکەن و هەڤاڵ باکوریش لە ئاستی یەکەمدا فەرماندەیی کردوون، واتە لەوێ بووەتە رێبەرێکی راستەقینەی گەل، بووە فەرماندەی شەڕ و کەسێکی خۆشەویستی خەڵکی حەلەب، هەڵبەت کاتێکی ئێمە ئەوەمان بیستەوە، بەڕاستیش بەختەوەر بووین، چونکە دەرگای بەڕووی پێشکەوتنێکی وەها گەورەدا کردەوە، ئێمە زۆر سوپاسگوزاریشی بووین، تەنانەت بەر لە شەهیدبوونیشی بەشێوەیەکی زۆر ئەرێنیی باس لە پراکتیکی ئەو دەکرا.

رۆژێک تەماشای تەلەفزیۆنم دەکرد، بینیم وێنەی دەهاتە سەر شاشەکە و وتەی ئەوی لەسەربوون، یەکسەر گومانێک لە ناخمدا دروستبوو و وتم شەهیدبووە، دواتر زانیاریی هات کە لە شەڕێکدا لە حەلەب شەهیدبووە، دواتر هەڤاڵان کامێراکەی و هەندێک کەرەستەی دیکەی ئەویان کۆکردبووەوە ناردیان بۆم، ئەوانە بەساغیی مابوونەوە، هەڵبەت ئێمە ئەو کەرەستانەمان لە شوێنی پەیوەندیداردا دانا و هەڵسەنگاندنیان لەبارەوە دەکرێت، ئێمە هەوڵماندا لە شەڕی حەلەب تێبگەین و بکۆڵینەوەی لەوەی کە هەڤاڵ باکور پراکتیکێکی چۆنی بەڕێوەبردووە، بۆمان دەرکەوت کە بووەتە میلیتانێکی راستی ئاپۆیی و پێشەنگ و رێبەری گەل،  لە کەسایەتیی خۆیدا خابەتی فکریی، سیاسیی و سەربازیی کردووەتە یەک، واتە ببووە میلیتانێکی فرە رەهەند و راستی پەکەکە، کەسێکی یەکلایەن و تەنگ نەبوو، کە هەندێک کار بکات و هەندێک نەکات، لەهەموو روویەکەوە ئەزموونی لەم شەڕە وەرگرت و بووە شۆڕشگێڕ و میلیتانێکی تەواو، بە تاکتیکی ئافرێنەریی و لێهاتووییانە ئەوەی بەدیهێنا، هەتا ئێستاش باسی دەکەن و زانیاریی دێن کە گەلی حەلەب بە ژن و گەنج و هەموو کەسێکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودەوە بەناوی هەڤاڵ باکورەوە بەپێوەن و بەڕێزدارییەوە یادی دەکەنەوە، ئەوە بابەتێکی زۆر بەنرخە، بەڕاستیش پیرۆزییە، هەڤاڵ باکور پیرۆزییەکی وەهای لە بەرخۆدانی حەلەبدا دروستکرد، دەبێت ئەمە وەها ببینرێت، بەراستی برا گەورەکەشی کەسێکی وەها بوو کە زۆر بێدەنگ بوو و کەم قسەی دەکرد، بەڵام دەیزانی کەی قسە دەکات، باش لە پێشکەوتن تێدەگەیشت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرد و هەوڵی دەدات لەکاتی پێویستدا ئەو کارانە بکات، کە پێویستیان بە ئەنجامدانە، هەڤاڵ باکووریش بەهۆی ئەو تایبەتمەندییانەیەوە زۆر لە برا گەورەکەی دەچوو.

هەڵبەت بە پراکتیکی بەرخۆدانی حەلەب لووتکەیەکی بەرزی لە فەرماندەیی و میلیتانیدا دروستکرد، بێگومان فرەڕەهەندیی و یەکپارچەیی زۆر گرنگە، ئەو ئەزموونی شەڕی گەلی پێشخست، ئەزموونی شەڕی گەلیش گرنگە، خۆ گەیاندنە ئاستی نەتەوەیی گرنگە، لایەنێکی گرنگی هەڤاڵ باکووریش ئەوە بوو، بەتایبەتیش کەسایەتییەکی نموونەیی بوو بۆ ئەوانەی کە لە ڕوانگەی پارچەیی و بە بچووکیی لە پرسەکان ورد دەبوونەوە و نەیاندەتوانی نەتەوەپەرستیی پارچەیی تێپەڕێنن، ناوی باکوری لەخۆی نابوو، بەڵام بەخەمسادرییەوە مامەڵەی لەگەڵ خەباتی باشووردا نەدەکرد، هەڤاڵانی باشووریش زۆریان خۆشدەویست، لەنزیکەوە پەیوەندیداردەبوون پێیەوە و پەیوەندیداردەبوون بە پەروەردەیەوە، واتە دەتوانم بڵێم هەموو هەڤاڵان پەیوەندیی و گرنگییان پێ دەدا، زۆر حەزی دەکرد بچێت بۆ باکور، بەشداریی شۆڕشی ڕۆژئاوای کرد و بووە فەرماندە و پێشەنگی شەڕی حەلەب، ئەو پێشکەوتنی شۆڕشگێڕیی گەورەی دەخوڵقاند، گەیشتە ئاستی میلیتانێک کە لە سەرانسەری کوردستاندا شەڕ دەکات و تێدەکۆشێت، لە بەرزترین ئاستدا یەکپارچەیی نەتەوەیی، وڵاتپارێزیی کوردستان، دڵسۆزیی بۆ گەل، بوێریی و فیداکاریی نیشاندا، گەنجی وەها لە باشور دروست دەبن، یانیش ۆزر دروست دەبن و زۆر بەنرخ دەبن، هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی بگەن بە یەکێتیی نەتەوەیی و لە هەرچوار پارچەی کوردستان خەبات بکەن،

هەوڵی زۆری دەدا لەدژی هێزە سەردەستەکان و سیاسەتی نەتەوەپەرستیی دواکەوتووانە، نەتەوەییبوون بخاتە شوێن پارچەکردن و هەڵوێستی تەنگ، بۆ ئەوەش بەتەواویی دەبنە کوردستانیی و یەکپارچەیی کوردستان پێکدەهێنن، ئەوەش هەڵوێستی زۆر بەنرخ و بەواتایە، هەڤاڵ هەڵمەتیش یەکێک بوو لەو پێشەنگانە، هەروەها زۆر هەڤاڵی دیکەش لە هەمان چوارچێوەدان، بۆ نموونە هەڤاڵ ڤیان، لە باکور، باشور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی کرد، هێشتا تەمەنی ٢٤ ساڵ بوو، ئەرکی بەڕێوەبەریی گرتە ئەستۆ، نزیکایەتیی و هەڵوێست و کەسایەتیی لەوشێوە زۆر هەبوون، ئەوەش کاردانەوەیەک بوو لەدژی هێزە پارچەکار و تەنگ و نەتەوەپەرستەکان، لە راستینەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا، یەکپارچەیی و وڵاتپارێزیی کوردستان و ئازادیخوازیی بەدەر لە بەژەوەندیی پەرەستیی دەبینن و لەبەر ئەوەش لە بەرزتریین ئاستدا لەگەڵ پارتەکەماندا دەبنە یەک، هەڤاڵ ڤیان لە پارتییبووندا گەیشتە لووتکە، هەڤاڵ ئەندامی کۆمیتەی دامەزرێنەر بوو، هەڤاڵ ڤیان لەگەڵ هەڤاڵ نودا، یەکێک بوون لە سیمبولەکانی قۆناغی سێیەمی پارتیبوونمان، هەڤاڵ باکووریش خەباتێکی هاوشێوەی بەڕێوەدەبرد و بووە نوێنەری ئەو خەباتە، هیچ گومانێکی نەبوو، هیچ کاتێک هەنگاوی بەرەو داوەوە نەدەنا و تەنگ نەدەبوو و لە تێکۆشاندا لاوازیی نەبوو، من هەتا کۆتایی تەمەنیشی لاوازییەکم لێ نەبینی، هەمیشە لەگەڵ سەقامگیریی و هەوڵدان و پێشکەوتندابوو، کەسایەتیی پراکتیکیی هەڤاڵ باکور بەوشێوەیە بوو، رەنجدەر و وەستایەکی گەورە بوو، کەسێکی زۆر لێهاتوو بوو، دەیتوانی هەموو شتێک بکات، خۆیشی لەسەر ئەو رێبازە ئامادەکرد، ئەنجامەکەشی لە بەرخۆدانی حەلەبدا بە خوڵقاندنی کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی یەکپارچەیی نیشاندا،  لە باکور و لە رۆژئاواش راستیی رێبەرایەتیی لە بەرزترین ئاستدا پێکهێنا، بووە میلیتانێکی پێشەنگی گەلی کورد، بووە بەهێزترین فەرماندەی هێڵێ میلیتانیی ئاپۆیی، دەبێت ئەو راستییەش لەلایەن هەر کەسێکەوە بەوشێوەیە ببینرێت، من لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێز و خۆشەویستییەوە یادی دەکەمەوە، دڵنیام لەوەی کە یادەوەرییەکانی ئەو هەمیشە لە کوردستانێکی ئازاد-دا دەمێنێتەوە.

چاڤرێ فریشتە

هەڤاڵ چاڤڕێ؛ بە راستی هەڤاڵ چاڤرێش مرۆڤێک بوو وەک ناوەکەی. وەک فریشتەکان بوو؛ ئەوەندە پاک، بێگەرد، مرۆڤ خۆشەویست، هەڤاڵ خۆشەویست و لە هەمان کاتدا رەنجدەر، مرۆڤێکبوو کە لە رووی جستەییەوە بچووک بوو، بەڵام مێشک و دڵی زۆر گەورەبوو. بەراستیش لە بەرزترین ئاستدا وڵاتپارێزی، ئازادیخوازی، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگاپارێزی، کەسایەتی تێکۆشەر و هەڵوێستی ئازاد و قووڵی ژنی کورد و ژنی باشووری وێنا دەکرد.  هەڤاڵ چاڤڕێ دوای شەڕی قەندیل، یاخود ئەو کاتەی قەندیل بە تەواوەتی کەوتە دەست پەکەکە و لە گۆڕەپانی قەندیلدا رێکخستنی پەکەکە بەرەوپێش برا، لەو کاتە بەدواوە، لە ناو کۆمەڵەی یەکەمی هەڤاڵان کە بەهۆی کار و چالاکییەکانەوە کاریگەرییان لەسەر دانرابوو، جێی گرت. لە قۆناغەکانی ٢٠٠١، ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ کۆمەڵێک هەڤاڵ کە لە کچ و کوڕ پێکدەهاتن بەشدارییان کرد و زۆر بەرەوپێشچوونیان بەدەستهێنا. خزمەتی گەورەیان بە تێکۆشان کرد. هەڤاڵ چاڤڕێ یەک لەوانە بوو. خەڵکی سورەدێ بوو، لە ئەنجامی خەباتی سەرەتایی جەماوەریدا بەشدار ببوو. یاخود لەو خەباتانەی ئێمە لە گوندەکان بەڕێوەمان دەبرد، کاریگەری لەسەر دروستببوو. بەڵام لە بنەڕەتەوە کاریگەری گەریلای لەسەر دروست ببوو. کاریگەری ژنە گەریلاکان و چیای لەسەر دانرابوو. سەرباری ئەوەی وەک تەمەن و وەک جەستە بچوک بوو، بەڵام ئیرادەی بەشداربوونی نیشاندابوو، بڕیاریدابوو. بەڵام لە سورەدێ دەرهێنان و ناردنی بۆ ناوچەیەکی دیکە دژوار بوو. یاخود ناڕەزایەتی بنەماڵە و گوندندشینان هەبوو. لەو تەمەنەدا بەشداربوونی زۆریش هەبوو، بڕیارمان دا کە ئێمە ئەوان لە چوارچێوەی بارەگای ناوەندی بیردۆزی لە خنێرە کۆبکەینەوە. دوو گروپی هەڤاڵانی گەنج لەو گۆڕەپانە کۆببوونەوە. هەڤاڵ چاڤڕێسمان ناردە ئەوێ. بە باشی کاتەکەم بیرنەماوە، بەڵام ساڵەکە ٢٠٠٢بوو. ئێمە هاتینە قەندیل، هەڤاڵان دەیانوت ' هەڤاڵی بەو جۆرەی لێیە کە ئەگەر ئێوە بیانبەن باش دەبێت. سەرباری ئەوەی بە ئیرادەی خۆیان بەشدارییان کردووە، دیسانیش بنەماڵە و گوندنشینان ناڕەزایەتیان هەیە. هەربۆیە دەبێت هەندێک بە وریاییەوە رەوانە بکرێت'. ئێمەش کۆمەڵێک هەڤاڵ بووین وتمان "دەتوانین بیانبەین". هەڤاڵ چاوەڕێیان هێنا، ئێمە پێنج-شەش کەس خستمانە نێوان خۆمانەوە و کەوتینەرێ. بەو جۆرە بە سورەدێدا تێپەڕبووین. خۆی لە خۆیدا بەر لە بەشداربوون بڕیاری خۆیدابوو. لەگەڵ هەڤاڵانی ئەوێ دەجوڵایەوە. خۆیشی دەیویست لەوێوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنی دیکە. ئەومان برد بۆ یەکێتیی گەنجان لە خنێرە. لەناو یەکێتی گەنجانماندا گەنجترین بوو. لە رووی باڵا و تەمەنیشەوە بچوکترین بوو. لە رووی ژیریییەوە گەورەترین بوو. بووە فەرماندەی مانگە. هەڤاڵانی ژن گەیشتنە ئاستی تاقمێک، بووە فەرماندەی تاقم. کەسانی دیکە هەبوو کە لە رووی تەمەن و جەستەییەوە گەورە و بەهێز بوون، بەڵام وەک ژیری، هێزی بڕیار و پەروەردە، هەڤاڵ چاوەڕێ لەپێش ئەوانەوە بوو. راستترین بڕیاری دەدا. زیاتر خۆی بۆ مرۆڤەکان تەرخان دەکرد. زیاتر کێشەکانی ئەوانی چارەسەر دەکرد. لەبەر ئەوە ویستیان کە ئەو ببێتە بەڕێوەبەر. هەڤاڵانی ژنیش ئەو بڕیارەیان تاوتوێ کرد. بۆ ماوەیەکی زۆر بەڕێوەبەرایەتی یەکێتی گەنجانی کرد. بەرنامەی پەروەردەمان خستە بەردەمیان. لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە سەرلەنوێ پەروەردەی تیۆریک و بیردۆزیان وەرگرتەوە. خولی پەروەردەی سەربازیمان سازکرد، بەشدارییان لە خولی پەروەردەی سەربازیدا کرد. بەشدارییان لە خەباتی گشتی کەمپدا کرد. لە ناوچە جیاجیاکانی گۆڕەپانەکەدا خۆیان جێگیر کرد. یاخود لەوێ بەرەوپێشچوونی گرنگمان بەدەستهێنا. هەڤاڵ چاوەڕێ هەم خۆی پەروەردەکرد و هەمیش لە پەروەردەی هەڤاڵانی دیکەدا یارمەتیدەربوو. بە شێوەی جیاجیا هەندێک کێشە دەهاتنە ئاراوە. لەگەڵ هەڤاڵانی دیکەدا زۆر کێشەمان چارەسەر دەکرد. بەڵام هەرگیز نەمبینی کە هەڤاڵ چاوڤڕێ هیج کێشەیەک ساز بکات. ئەوەم نەبینی کە بە کێشەکانی خۆیەوە بەڕێوەبەری سەرقاڵ بکات. بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پێگەی چارەسەریدابوو. یاخود لە پێگەیەکی ژیری، شرۆڤەکاری، لە بەرامبەرەکەی تێدەگەیشت، کاریگەری دەکردە سەری، رێگەی نیشان دەدا یاخود قایلی دەکرد. بۆ ماوەیەکی زۆر لە گۆڕەپانی بەهدینان مایەوە. لە فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستاردا مایەوە. لە دەستەی پارێزگاری فەرماندەیی یەژاستاردا مایەوە. لە ئەکادیمیای شەهید بێریتاندا پەروەردەی بینی. هەندێکیش لە خەباتەکانی ئەو گۆڕەپانەدا بەشداربوو. لەو قۆناغەدا ناوە ناوە تووشی یەک بووین؛ گفتوگۆ لە نێوانماندا هاتە ئاراوە، هەندێک جار نامەی دەنوسی؛ تێبینییەکانی خۆی دەنوسی، هەندێک جاریش رەخنەی دەگرت. کاتێک کەموکورتی لە رێکخستن، لە بەڕێوەبەریدا دەبینی دەیگوت ئەمە و ئەوە هەڵەن. یاخود لە لە دوائاستدا ئەو رەخنانەی کە ئێمە سودمان لێوەردەگرت و هەروەها ئەو بابەتانەی وشیارکردنەوەبوون، بوونیان هەبوو. یان دەتوانین ئەوەش بڵێین، کاتێک لە گارەبوو، داوای کرد کە دیدارێک ساز بکەین، لە کاتی پەروەردەدا بوو، جوان بیرم نایاتەوە، بەڵام بە بەشداری هەڤاڵان دیدارێکمان ساز کرد، گفتوگۆکەی بەڕێوەبرد. تێگەیشتین کە دەیەوێت بچێت بۆ باکوور. یاخود گفتوگۆ لەوبارەوە دەکات. بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی لەدابەشکردنی ئەرکدا رەوانەی باکووری بکات، داوای پشتیوانی لە ئێمە دەکرد. هەندێک لە گەڵ ئەویشدا گفتوگۆمان کرد. چەند ساڵ بەسەر تەمەنیدا تێپەڕ بوو، یاخود گەورەتر ببوو، خۆیشی پەروەردەکردبوو. بە رواڵەت لە رووی جەستەییەوە هەندێک لاواز دیاربوو. واتە هێزێکی جەستەیی زۆری نەبوو، بەڵام هێزی مێشک و ژیری زیادبوو، شێوازی باش بوو. لەبەر ئەوە پشتی بە هێزی جەستە نەدەبەست، بەڵکوو پشتی بە هێزی عەقڵ دەبەست، دەیتوانی لە هەموو شوێنێک خەبات بەڕێوەببات، ئێمەش وتمان دەکرێت. یاخود ئەوەندەی لە بیرمە ئێمە لەو کۆبوونەوەدا بەم جۆرە گفتوگۆمان کردبوو. هەڤاڵانیش ئامادەیان کرد، دواتر بەرەو بۆتان پەڕیەوە. هەڤاڵ چاڤڕێ بۆ ماوەیەکی زۆر لە بۆتان لە ناو پراتیکدا مایەوە. یاخود لە هەلومەرجی دژواری بۆتاندا بە سەرکەوتوویی گەریلایی ئەنجامدا. یەک دوو جار سەبارەت بە کار و خەبات لەوێ نامەی ناردبوو. هەروەها لە فەرماندەیی یەژاستارەوە زانیاری دەگەیشتن و ئەو هەڤاڵانە لەبارەی دۆخی بەرەوپێشچوونی ئەو لەوێ ئاگاداریان دەکردینەوە. لەبەر ئەوەی هەندێک کەسایەتی نمونەیی بوو، یاخود بەرلەئێستا لەبارەی هەڤاڵ باکووریش وتمان، لە باشووردا دەمارێک کە بەو جۆرە پێداگرە لە سەر یەکێتی نەتەوەیی، بەرخودان، ژیانی ئازاد بوونی هەیە. یاخود وەک ئەوە بەرامبەر بەو هێڵی خائین-هاوکارە دژبەری بکات، دەمارێکی مرۆڤ کە داکۆکی لە ئازادی، یەکێتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی لە پێشکەوتووترین ئاستدا بەزیندوویی رادەگرن و بەرەوپێشی دەبەن، بوونی هەیە. ئەوە لە ژن و پیاودا بوونی هەیە. نمونەمان لە هەواڵاندا هێنایەوە. هەڤاڵ چاڤڕێش یەک لەو نمونانە بوو. لە پراتیکی بۆتاندا بەشداری لە چەندین خەباتدا کردبوو. ئەوەندەی بەدواداچوونمان کردووە، ئەزمونی گەورەی بەدەستهێنابوو. لە بۆتان شەهید کرا. هەڤاڵان زانیارییان لە بارەی شەهیدبوونەکەی راگەیاند. دواتر لە راگەیاندنیشەوە بڵاوکرایەوە. یاخود دەتوانم بڵێم کە بەهایەکی گەورەبوو. بە راستیش هەڤاڵ چاڤەڕێ بۆ گەلی باشوور، ژنانی باشوور، گەلی کورد، پارتەکەمان، بۆ بزوتنەوەی ئازادی بەهایەکی زۆر گەورەبوو. وەک جەنگاوەرێکی ئازادی زۆر شتی لە خۆیدا پشتڕاست کردەوە. خەبات؛ بە هێزی جەستەیی و تەمەنەوە بەڕێوەنابرێت. باشە بە چی بەڕێوەدەچێت؟ بە عەقڵ، هەوڵدان، لەخۆبوردەیی، خۆ تەرخان کردن، داهێنەری و شێوازی دروست بەڕێوەدەچێت. بەراستیش هەڤاڵ چاڤڕێ نوێنەری هەموو ئەوانە بوو. بەراستیش لە هەر شوێنێک دەمایەوە پێشەنگایەتی دەکرد. بەردەوام لە پێشەوەی یەکینەکان رێیدەکرد. ئەوەتا کاتێک لە تەلەڤزیۆنەکاندا دیمەنەکانی پێشوو بڵاو دەکرێنەوە ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین. یاخود ئێمە وتمان لە بەرزترین ئاستدا، بە بەهای نەتەوەیی، هێڵی پارتی تێکۆشانی ئازادی ژنەوە پەیوەست بوو. مرۆڤێکی داهێنەر، زۆر بوێر، گیانباز، زۆر بێگەرد، مرۆڤ خۆشەویست و لەخۆبوردەبوو. یاخود وەک ناوەکەی فریشتەیەک بوو. یان دروستترین و داهێنەرترین مرۆڤ بوو. یانیش یەک لە نوێنەرانی هێزی داهێنەری ژن کە وەک هۆشمەندی دەیەوێت ئازاد بێت، وەک ئیرادەی ژنێکی ئازاد بوو. لە هێڵی ژنی ئازاددا گەورە بوو. بە گەورەیی شەڕی کرد، بە گەورەیی رێیکرد. لە جەستەی بچوکیدا عەقڵ و دڵێکی گەورەی حەواندەوە. زۆر خزمەتی کرد. بەردەوام بووە سەرچاوەی ورە و جۆش و خرۆش. بەردەوام بە روخساری دەم بەپێکەنینەوە، وزەی ئەرێنی بڵاو دەکردەوە. لە تێکۆشانی ئازادی و گەریلایەتیدا ژن، لە هەڤاڵ چاڤڕێ؛ هێز و پشتیوانییەکی گەورە بەدەستهێنرا. لەسەر ئەو بنەمایە بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بەبیری دەهێنمەوە. من دەڵێم، یادی ئەو بەردەوام لە شۆڕشی ئازادی ژن، تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

 

دەستینا قەندیل

هەڤاڵ دەستینا؛ هەڤاڵ دەستیناش لە یەکینەی گەنجانی هەڤاڵ چاڤرێدابوو. لە ژێر بەڕێوەبەری، فەرماندەیی هەڤاڵ چاڤڕێدا زۆر کاری کرد، پەروەردەی بینی. ئەویش خەڵکی گوندی باڵەیان بوو، هەر لەو قۆناغەدا بەشدار ببوو. تەمەنی زۆر کەمبوو. لەبەر ئەوە ئەویشمان ناردە ناو یەکێتیی گەنجانەوە. هاوکات لە دەستەی پارێزگاری بڕیارگەی بیردۆزیدا جێیگرت و هەمیش خۆی پەروەردە کرد. بەو جۆرە گروپێکی گەنجی هەڤاڵانی ژن و گروپێکی گەنجانی هەڤاڵانی کوڕ هەبوو. وەک گروپێکی هەڤاڵانی ژن و گروپێکی هەڤاڵانی کوڕ. لەهەمان کاتدا لە گۆڕەپانی بڕیارگەی بیردۆزیمان، بوونە سەرچاوەی ورە. بوونە سەرچاوەی جۆش و خرۆش. بەردەوام ئاستی ورەی بڕیارگەی بیردۆزیمانیان بە بەرزی راگرت.

ئەو کاتە هەڤاڵ دەستینا کەسێکی قەڵەو بوو. ئەویش لەو کاتەدا لە سەرەتای گەنجیدابوو. هەڤاڵێکی قەڵەو، زۆر بێدەنگ و لەناو خۆیدابوو. زۆر قسەی نەدەکرد، زۆر سەیری روخساری مرۆڤەکانیشی نەدەکرد. بەردەوام سەیری بەردەمی خۆی دەکرد. کاتێک هەڤاڵان دەیانگوت تۆش قسە بکە، بەردەوام پێدەکەنی. بەڵام خاوەنی کەسایەتیەکی بەوجۆرە؛ زۆر لە ناوخۆیدا، زۆر قسەی نەدەکرد و بێدەنگ بوو. بەڵام لە ژیاندا، لە پراتیکدا چالاک و پڕ کاریگەر بوو. هێزی جەستەیی باش بوو. لە کار و خەباتی پراتیکیدا داهێنەر و ژیر بوو. زۆر ئەرکی بە سەرکەوتوویی بە جێگەیاند. یاخود، راستە لە ناو خۆیدابوو. کاتێک لە دەرەوە لێت دەڕوانی وەک کەسێکی رەشبین دەبینرا و ئەوە وەک کەسایەتی دەبینرا. بەڵام هیچ کێشەیەکی نەبوو. بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری دەکرد. یاخود زیاتر قورسایی دەخستە سەر کار و خەباتی پراتیکی. بەڵام رەنگە تایبەتمەندییەکانی دیکەی پەیوەندی بە شێوازی پەروەردەکردنی خێزانییەوە هەبێت. یەکینەی گەنجان هەندێک ئەویان گۆری. یاخود ئەو لایەنە بێدەنگ و لەناوخۆبوونیەیان شکاند. ئیتر گەیشتە ئاستێک کە قسە بکات. ماوەیەکی زۆر لەو یەکینەیەدا مایەوە. گەورەبوو، بەرەوپێشچوونی بەدەستهێنا. دواتر لەوێ بەشداری لە پەروەردەدا کرد. لەوێشەوە بەرەو گۆڕەپانی بەهدینان چوو. لە ئەکادیمیای شەهید بێریتان پەروەردەی بینی. لە هەفتانین و گۆڕەپانەکانی وەک ئەوێدا، لە ناو یەکینەکانی خەباتی پراتیکیدا مایەوە. ناوە ناوە دیدارمان لەگەڵ ئەنجام دەدا. ئەزمونێکی گرنگی پراتیکی، ئاستێکی دیاری بەرەوپێشچوونی بەدەستهێنابوو. بەڵام لەگەڵ هەندێک هەڤاڵ نەدەگونجا، رەخنەی لە هەڵوێستی بەڕێوەبەران، فەرماندەکان دەگرت. کاتێک ئەوانیش بەرامبەر رەخنەکانی سنگفراوانیان نیشان نەدابوو، هەندێک هەستی بە تێکشکان کردبوو. پێویستی بەوەبوو کە زیاتر گفتوگۆی لەگەڵدا بکرێت. کاتێک هەڤاڵان زانیارییان پێداین وتمان قسەی لەگەڵ دەکەین. خۆی لە خۆیدا کاتێک کێشەی لەو جۆرە دەهاتە ئاراوە ئێمە دیدارمان ساز دەکرد. هات بۆ گارە. باسی ئەو دۆخەی کرد کە تێیدا ژیاوە؛ کە چۆن بێزار بووە، رووبەڕووی چ جۆرە کێشەیەک بووەتەوە. بە گوێرەی خۆی رەخنەی هەبوو. چەند رۆژ گفتوگۆمان کرد. لایەنی لەسەر حەقیش هەبوون، فەرماندەیی دەیتوانی ئەو هەڤاڵە قایل بکەن. بەڵام کاتێک ئەمەیان نەکردبوو، ئەو هەڤاڵە تووشی تێکشکان ببوو. یاخود کەسایەتیەکی هەستیاری هەبوو. تێکشکابوو، کاریگەری لەسەری دانرابوو. تاڕادەیەک ئەوەندەی نەمابوو کە بڕوای کەم ببێتەوە. ئێمە رەخنەمان لەو هەڵسوکەوتەی ئەوان گرت و وتمان کە هەڵسوکەوتی هەڵەیە. راستە لەبەر ئەوەی فەرماندەی ئەو بوو هەڤاڵ مافی ئەوەی هەبوو چاوەڕوانی بۆ دروست ببێت. دەبوایە فەرماندەکانی رێگەیان پێ نیشان بدایە. بەڵێ کەموکوری هەیە، بەڵام دەکرێت هەموو کەس بەو جۆرە نەبێت. لەبەر ئەوە شکابوو، لە بڕوادا هەندێک لاواز ببوو. یاخود ئەوە دۆخێک نەبوو مایەی قەبوڵ کردن بێت. هەربۆیە لەبەر ئەوە زۆر رەخنەمان لێگرت. هەندێک هێز و ورەمان پێبەخشی. واتە لە ئاستێکدا پێویستی بە ورە و هێز هەبوو. بە بەشداری هەڤاڵانی بەڕێوەبەری لە سەر رێکخستنەوەی ئەرکەکان قسەمان کرد. یاخود لەگەڵ ئەوانیش گفتوگۆمان کرد، بۆ ئەوەی بزانین کە پێکەوە دەتوانین جی بکەین؟ بە گونجاومان زانی بۆ ئەوەی بەشداری لە شۆڕشی رۆژئاوادا بکات، بەرەو رۆژئاوا ئەرکدار بکرێت. یانی لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵانی ژن لەوبارەوە گفتوگۆمان کرد. لەناو گروپەکەدا هەڤاڵ رۆناهی رەشۆ و هەڤاڵانی دیکەی وەک ئەو هەبوون. هەموویان لە رۆژئاوا شەهید بوون. ئەو خۆیشی بە گونجاوی زانی. بەڕێوەبەری یەژاستار، پێشتر قسەمان لەگەڵ کردبوون؛ دوای ئەوەی ئەوانیش بە گونجایان زانی، ئەو هەڤاڵەمان بۆ رۆژئاوا ئەرکدار کرد. چوو بەشداری لە خەباتی ئەوێی کرد. لە خەباتی یەپەژەدا بەشداربوو. هێشتا ئەو خەباتە لە سەرەتادابوو. لەو خەباتەدا مایەوە. ناوی خۆی گۆڕیبوو بۆ هەفتانین دەستینا. ئێمە وەک دەستینا ناردمان بۆ رۆژئاوا. لەوێ بەو جۆرە دەزانرا. ئەو تایبەتمەندیانەی هەڤاڵ باکور کە لە بەرخودانی حەڵەبدا هاتنەئاراوە، بەرجستەبوو.پێشەنگایەتی، تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی هەڤاڵ دەستیناش لە بەرخودانی کۆبانێدا هاتنەئاراوە. لە بەرخودانی کۆبانێدا ئەرکدار کرابوو، بەشداری تێداکرد. هەڤاڵ دەزانن کە ببووە فەرماندەی دەستە. بەراستیش هەڤاڵ بەو دەستەیەی خۆیەوە بووە یەک لەو دەستانەی کە بە تێکۆشان و بەچەند چالاکی خۆیان چارەنوسی کۆبانێیان یەکلاکردەوە. گەریلایەتی بەرەوپێش برد، هەندێک هەڤاڵ رۆیشتن، چالاکی گیانبازی هەڤاڵ نالین هاتەئاراوە. لە ناو ئەو بەرخودانەی کە زیاتر کاریگەری کردە سەر سەنتەری کۆبانێ، بەرخودانی دەستەکەی هەڤاڵ دەستینا هەبوو. لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش بۆ چەندین رۆژ پارێزگارییان لە بینایەک کرد. نەیانهێشت داعش بجێتە ناو بیناکەوە کە یەکێک بوو لە کاریگەرترین شەڕەکان، بەرخودانی دەستەی هەڤاڵ دەستینا ئەمەی کرد. هەڤاڵ جەمال ئەمە باشتر دەزانێت، باسی دەکات. سەبارەت بەو بەرخودانە زانیاریمان لەو هەڤاڵانە وەرگرت کە دەیانناسی. خۆی لە خۆیدا کاتێک بەرخودانی کۆبانێ دەگێڕدرێتەوە، باس لەوە دەکرێت کە تایبەتمەندی فەرماندەیی بێهاوتای نیشان داوە. یاخود ئەو دەستەیە بەرخودانێک کە کەس چاوەڕێی نەکردووە و کارێکی ئەستەمیان خستووەتەبەرچاو. ئەوەی بە چالاکی خۆیان لە بیناکە، ئیرادەی داعشیان شکاند، گورزی کوشندەیان لێدا، بەرخودانی کۆبانێیان بەرەو سەرکەوتن ئاراستە کرد، هەڤاڵ دەستینا و دەستەکەی ئەو بوون. فەرماندەییەکی بەو جۆرە بەرەوپێش برد. خۆی لە خۆیدا بیناکە بەسەریاندا رووخا و بەو جۆرە شەهیدبوون. یەک لە فەرماندە پێشەنگەکانی بەرخودانی کۆبانێیە. هەم بە فەرماندەیی و بەرەوپێشبردنی شەڕ و بەرخودانی کۆبانێوە، بوونە هۆی دەستپێکردنی لەناوچوونی داعش، بەرخودانی کۆبانێیان خستە ئاستی سەرکەوتن. بەراستیش بووە پردێک لە نێوان قەندیل و کۆبانێ، هێڵێکی لە نێوانیادا کێشا. لەبارەی هەڤاڵ دەستیناوە لە سەرەتادا وتمان کە بێدەنگ و لەخۆیدابوو. بەڵام لە ناو تێکۆشاندا ئەو تایبەتمەندیانەی تێپەڕاند، بەرەوپێشچوونی بەدەستهێنا. ئاستێکی گرنگی زانابوونی بەدەستهێنا. کاتێک لە گارەوە ئەومان بەڕێ کرد، هێشتا هەندێک تایبەتمەندی خۆی هەبوون. بۆ نمونە زۆر سەرسەخت و پێداگر بوو. یاخود تا تێنەگەیشتایە، هیجی نەدەکرد. بەڵام هەر کات تێبگەیشتایە و بڕوای بەو راستیە بهێنایە هیج کەسێک نەیدەتوانی رێگری لێبکات. خۆی لە خۆیدا لەبەر ئەوەش لەگەڵ بەڕێوەبەریدا تووشی کێشە ببوو. یانیش چارەسەرکردنی کێشەکان زۆر ئاسان بوو، بەڵام لەبەر ئەو سەرسەختی و پێداگرییەی بابەتەکە هەندێک گەیشتبووە بنبەست. ئەو کاتیش هەڵمانسەنگاند، ئەویش خۆی رەخنەی گرت. بەڵام ئەو پێداگرییە هەندێک جاریش هەڵوێستی ئەرێنی لێدەکەوتەوە. یاخود لە سەر هێڵ عیناد و پێداگر، لەسەر بەرخودانیش پێداگربوو.. لە بەرخودانی کۆبانێدا ئەوەمان بینی. ئێمە لە ئەنجامی ئەو کەسایەتیە عیناد و پێداگر و داهێنەرەدا، گیانبازی، بوێری و خوڵقێنەری گەورەمان لە بەرخودان بەرامبەر بە داعشی فاشیستدا بینی. زیاتر کۆمۆنیالیزم، هاوبەشی کردن، خزمەتکردن بە مرۆڤەکان بینرا. بەتەواوەتی رەنجدەر بوو. بەڵام هەندێک جاریش بە عینادی و پێداگرتنەوە نزیک دەبووەوە. لایەنی خۆڕاگرانەی هەبوو. ئەو تایبەتمەندیانەی لە بەرخودانی کۆبانێدا رۆڵیان گێڕا. یاخود دەتوانین بڵێین کە یارمەتیبەخش بوو لە سەرکەوتنی کۆبانێدا. لە باڵەیانەوە هەڵبکەویت و ببیتە یەک لە فەرماندەکانی سەرکەوتنی کۆبانێ گرنگە. بە هەموومانی نیشاندا کاتێک هێزی ژن، هێزی ژنی باشور لە هێڵی رێبەرایەتیدا، هێڵی پارتەکەماندا پەروەردە بکرێت، هەندێک زانا بکرێت، چۆن دەبێتە هێزێکی گەورە، جەنگاوەرێکی گەورەی ئازادی. دەیسان دەریدەخات کە بە خەبات و تێکۆشانێک کە بەڕێوەی دەبات جۆن بۆ هەموان دەبێتە نمونە. بەراستی هەم هەڤاڵ باکور و هەڤاڵ چاڤڕێ و هەمیش هەڤاڵ دەستینا، زۆر رەنجیان کێشا؛ بزوتنەوەکەمان، بەرخودانی گەریلا، تێکۆشانی ئازادی ژن، لە پەنای بەرخودانی بۆتان و باشوریان گەیاندە رۆژئاوا، یەکیان چارەنوسی بەرخودانی حەڵەبی دیاری کرد، هەڤاڵ دەستیناش بووە یەک لەو کەسانەی چارەنوسی بەرخودانی کۆبانێی دیاریکرد. دەبێت ئەو هەڤاڵانە بەو جۆرە بناسرێن، بەو جۆرە یادیان بکرێتەوە. یاخود دەبێت هەموو کەس ئەو مرۆڤە گەورانە بەو جۆرە بناسێت. لەسەر ئەو بنەمایە ئەوان بە خۆشەویستی، رێزداری و بە پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. رایدەگەیەنم کە ئێمە یادی ئەوان بەردەوام لە شۆڕشی ئازادی ژن و تێکۆشانی ئازادی کورد، بە زیندوویی رادەگرین.

هـ . ب