دەوڵەتی تورک ١١ چالاکوانی ژنی لە ئامەد زیندانیکرد

دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد لە رۆژی ٥ی نیسان لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر ماڵان و رێکخراوەکان و ٢٦ی ژنی چالاکوانیان دەستگیرکرد و سزای زیندانیکردنیان بەسەر ١١ کەسیاندا سەپاند.

دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی بەردەومیدانی بە ئۆپراسیۆنەکانی بۆ پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد لە ٥ی نیساندا لە ئامەد هەڵیکوتایە سەر رێکخراوەکانی ژنان و ٢٦ ژنی دەستگیرکرد.

زەلال بیلگین چالاکوانی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژا)، بەهار کاراکاش ئولوگ و رابیعە تەکاس ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانیی گەورە شاری ئامەد لە دوای دەستگیرکردنیان و لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیاندا لە ئاسایش دوێنێ یەکشەممە و لە دوای ٦ رۆژ لە دەستگیرکردنیان برانە دادگا و دادگاش بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" دا سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندن و رەوانەى زیندانی داخراوی ژنانی ئامەد کران.

بەوە ژمارەی ئەو ژنانە، کە لە دوای ئەو ئۆپراسیۆنە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتە ١١ کەس.

ئەو ژنە چالاکوانانەی تر، کە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە بریتین لە: نەجلا تامریش هاوسەرۆک شارەوانیی ناوچەى چناری ئامەد، سەڤاڵ گیولمەز هاوسەرۆکی دەبەپە لە ئامەد، فیگەن ئاراس ئەندامی ئەکادیمیای ژنانی ئامەد، سادییە ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری ناوەندیی ئەنجوومەنی ژنانی سۆسیالیست (سەکەمە)، لەیلا ئاک گیول، ئای شەن کانوش، نورشەن ئاکباڵ و شەهریبان زوگیورلی.

هەروەها سزای زیندانیکردن لە ماڵەوە بەسەر دایکی ئاشتی دایە نەزاهەت تەکە دا سەپێنراوە. بێریتان جان ئۆزەر پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ژن نیوز و ١٣ ژنی تری دەستگیرکراو بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کراون.

ژ.ت