دەوڵەتى تورک دەستی بە بڕینەوەى دارەکانی بەستای شرنەخ کرد

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەمجارە لە ناوچەى بەستای شرنەخ دەستی بە بڕینەوەى دارەکان کرد. هاوکات لە ناوچەکە دەست بە دروستکردنی بنکەی سەربازیی نوێ کراوە.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە کاتی هێرشە داگیرکەرییەکەى بۆ سەر باشووری کوردستان و تاڵانکردنی دارستانەکانی چەند ناوچەیەکی باشوور و هەروەها لە دوای تاڵانکردنی دارستانییەکانی ناوچەى چیای جودی ئەمجارە دەستی بە بڕینەوەى دارەکانی ناوچەى بەستا لە شرنەخ کرد.

لە کاتی ئۆپراسیۆنی سەربازییەکاندا، کە لە ناوچەى شرنەخ بەڕێوەدەبردرێن شانبەشانی ئۆپراسیۆنەکان دەست بە بڕینەوەى دارەکانیش دەکەن.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ناوچەکانی چیای جودی دەیان هەزار داریان بڕیوەتەوە و لەگەڵ کاولکردن و تاڵانکردنی ئەو دارستانانە و بە درێژایی ئەو زنجیرە شاخە تاوەکو شاخی سەفینە زیاتر لە ١٠ بنکەى سەربازیی نوێیان دروستکردووە.

ئەو شوێنانەشی، کە دارەکانی نەبڕدراونەتەوە بە ئەنقەست لەلایەن سەربازانی تورکی داگیرکەرەوە ئاگریان تێبەردەدرێت و دارستانەکان لە ناو دەبەن. بەو ئاگرتێبەردانانەیان هەزاران دار و گیانەوەری جۆراجۆریان سوتاندووە و کردوونیان بە خۆڵەمێش.

ماوەیەک لەو پێشیش لە ناوچەکانی مەتینا و حەفتانین لە باشووری کوردستان دەستیانکرد بە بڕینەوەى دارەکان و دارەکانیان لە بارهەڵگرەکان بار دەکرد و دەیان دەدزین. دوای ماوەیەک پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە شێوەیەکی فەرمی دانی بەوەدا نا، کە ئاگاداری ئەو تاڵانکاری و کاولکارییەی دەوڵەتی تورکی داگیرگەرن و رێگایان پێداوە.

ئەو دارانە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە لە شارە جیاجیاکاندا دەفرۆشرێن. دوای کاردانەوەى توند و زۆر لە دژی بڕینەوەى دارەکان بۆ ماوەیەک بڕینەوەى دارەکان راوەستێنرابوو.

بەڵام ئەمجارە لە ناوچەى بەستای شرنەخ دەستیان بە بڕینەوەى دارەکان کردووە و شارەوانیی شەنۆبا جەردەوانان و جاشەکانی بردووە بۆ بڕینەوەى دارەکان.

بەپێی زانیارییەکان لەناوچەى سەروی زیندانی شرنەخ، کە بە ناوچەی "چاڵی نوێژ" دەناسرێت نزیکەى ١٥ رۆژە بەبێ وەستان و یەک لەسەر یەک دارەکان دەبڕدرێنەوە.

هەروەها بەپێی وتەى هاووڵاتییان و شایەتحاڵەکان و بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، دەیان هەزار دار بە بارهەڵگرەکان براون بۆ شوێنەکانی تر و هەموو رۆژێک ٢٠٠ تۆن داری بڕاوە لە بارهەڵگرەکان باردەکرێن و دەگواسترێنەوە بۆ ناوچەکانی تر. بەپێی ئەو جموجوڵەى هەیە ئەگەری ئەوە هەیە، کە ئامارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت، کە باسی لێوە دەکرێت.

لە شوێنێکدا، کە دارەکان بڕاونەتەوە دەستکراوە بە دروستکردنی بنکەى سەربازی. بە تایبەتی لەسەر رێگای بەستا و لە شوێنی خاڵێکی پاسەوانیدا لە ماوەیەکی کورت و بە خێرایی دەستکراوە بە دروستکردنی بنکەى سەربازی.

ژ.ت