دەوڵەتی تورک هاوسەرۆک شارەوانیی چنار و هاوسەرۆکی دەبەپەى ئامەدی زیندانیکرد

دەوڵەتی تورک لە ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی رۆژی ٥ی نیسان لە دژی ژنان لە ئامەد ٢٦ ژنی دەستگیرکردبوو. دوێنێ سزای زیندانیکردنی بەسەر نەجلا تامرش هاوسەرۆک شارەوانیی چنار و سەڤاڵ گیولمەز هاوسەرۆکی دەبەپەى ئامەد دا سەپاند.

لە ٥ی نیساندا ٢٦ ژن لەئامەد لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسیی گەلی کورد و ژنانی تێکۆشەری کورددا ٢٦ی ژنی دەستگیرکردبوو. لە ٨ی نیساندا سزای زیندانیکردنی بەسەر ٦ کەس لە ژنە دەستگیرکراوەکاندا سەپاند و ١٠ کەسی تریانی بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازادبوو. یەکێکیش لە دەستگیرکراوەکان سزای زیندانیکردنی لە ماڵەوەدا بەسەردا سەپێنرابوو.

لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو دەستگیرکراوانەدا رۆژی ٩ی نیسان، ٥ ژنی تری دەستگیرکراو لە دوای ئەوەى  کاروباریان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد کۆتایی پێهاتبوو رەوانەى دادگا کران.

ئێوارەی دوێنێ نەجلا تامرش هاوسەرۆک شارەوانیی ناوچەى چناری ئامەد و سەڤاڵ گیولمەز هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد، روکەن بەک ئاڵپ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئامەد، ئەمینە کایا چالاکوانی بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژا) و بەسیلە نارین هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە ناوچەى پایزئاوا، رەوانەى دادگا کران.

دوای وەرگرتنی وتە لەلایەن داواکاری گشتییەوە تامرش و گیولمەز رەوانەى دادگای سزای ئێشکگر کران و لەو دادگایەی دەوڵەتی تورک دا بەتۆمەتی 'ئەندامبوون لە رێکخستن دا' سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا. بەک ئاڵپ، کایا و نارین بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازاد کران.

هەروەها ماوەی دەستگیرکردنی زەلال بیگین چالاکوانی تەژا، بەهار کاراکاش ئەندامی شارەوانیی گەورە شاری ئامەد، ئولوداغ و رابیعە تەکاس درێژکرایەوە و کاروبارەکەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد بەردەوامیی هەیە.

لە لایەکی ترەوە زەینەب ئایاکات لە نیوەشەودا برا بۆ دادگا و لە دوای وەرگرتنی وتەکانی لە داواکاری گشتی ئازاد کرا.

ژ.ت