دەوڵەتی تورک لە هێرشی داگیرکارییەکاندا ئاژەڵەکانیش دەکاتە ئامانج و دەیانکوژێت

دکتۆر فرات ڕحا ڕایگەیاند، کاتێک دەوڵەتی تورک سروشتی کوردستان بۆردوومان دەکات لەو بۆردومانانەدا چەندین ئاژەڵیش دەکاتە ئامانج و دەیانکوژێت. داوای لە ئاژەڵ دۆستان کرد، لەسەر ئەو تاوانەى دەوڵەتی تورک هەڵوێست وەربگرن.

لە چیاکانی کوردستان ئاژەڵێکی زۆر هەیە. یەکێک لەو ئاژەڵانەش بزنە کێوی و ئاسکە. دەوڵەتی تورکیاش هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و چیاکانی کوردستان بە چڕی بۆردومان دەکات. بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە چەندین ئاژەڵیش دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن. لەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکدا چەندین بزنە کێوی کوژراون.

فرات ڕحا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا پزیشکە و تا ئێستا چەندین بزنەکێوی و ئاسکی برینداری چارەسەرکردووە. فرات ڕحا رایگەیاند، دەوڵەتی تورک چیاکانی کوردستان تاڵان و کاول دەکات و وتی: "دەوڵەتی تورک کاتێک هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ئەو هێرشانە تەنها دژی گەریلا و هاوڵاتیانی مەدەنی نییە، بەڵکو ئەو هێرشانە لە دژی هەموو بوونەوەر و زیندەوەرەکانە.

 چەندین جار لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە، کە دەوڵەتی تورک ئاژەڵیش دەکوژێت. هەموو زیندەوەران لە چیاکانی کوردستان دا دەکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە دڕندانەیە. ئەم بزنە کێوییە، کە لە باوەشی مندایە لە هێرشەکەی دەوڵەتی تورکدا برینداربووە. دوای بۆردومانەکە هەڤاڵان ئەم بزنە کێوییەیان دۆزییەوە و هێنایان بۆ من. ئێمە نەک تەنها مرۆڤەکان، بەڵکو هەموو زیندەوەرەکان چارەسەر دەکەین. سەری ئەم بزنە کێوییە بریندار بووە و قاچی شکاوە. دوای چارەسەرکردنیش ئازادی دەکەین".

فرات ڕحا وێڕای ئاماژەکردن بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر سروشتی کوردستان، بانگەوازی بۆ ئاژەڵ دۆستان و ژینگەپارێزان هەبوو و وتی: "پێویستە ژینگەپارێزان و ئاژەڵ دۆستان لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک هەڵوێستیان هەبێت. دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە دارەکان دەبڕێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئاژەڵەکان دەکوژێت و سروشتی کوردستان کاول و خاپور دەکات. هیچ کەسێک دەنگێکی دژی ئەو تاوان و کاولکارییانە لێوە نایەت، بەڵام ئەوانەی خۆیان بە مرۆڤ دەزانن، خۆیان بە ژینگەپارێز و ئاژەل دۆست دەزانن، دەبێت لە دژی ئەم دڕندەییە دەنگیان بەرز بکەنەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن و هەڵوێستیان هەبێت".

ژ.ت