دەوڵەتی تورک لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور ماڵێکی بۆردوومان کرد: ٣ ژن بریندار بوون_نوێکرایەوە

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی چەکهەڵگری دەوڵەتی تورک، ماڵێکی لە کەمپی مەخمور بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٣ ژن بریندار بوون.

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی چەکهەڵگری دەوڵەتی داگیرکەری تورک کاتژمێر ١٧:٠٥ لە کەمپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی (مەخمور) ماڵێکی بۆردوومان کرد.

زانراوە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٣ ژن بە ناوەکانی گوڵێ ئۆزەک و ئەدیبە پاکسۆی و عەزیمە کابول بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان ڕەوشی یەکێک لە ژنەکان خراپە و ئێستە لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێت.

جێگەی ئاماژەیە هێرشەکە هاوکاتە لەگەڵ سەردانی شاندێکی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمپەکە بەمەبەستی دروستکردنی ناسنامە و فۆرمی خۆراک و سەرژمێریی.

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان کە لەوە دەچێت هی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێت، هێشتاش بەسەر کەمپەکەدا دەسووڕێتەوە.